YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 23

23
1 ئینجا ئیشۆع به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی خۆی 2 فه‌رموو: ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كان له‌سه‌ر ته‌ختی مووشێ دانیشتن. 3 بۆیه‌ هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێن بیكه‌ن و ڕایبگرن، به‌ڵام به‌ كرداری ئه‌وان مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن و نایكه‌ن. 4 باری قورس كه‌ هه‌ڵناگیرێت، ده‌یپێچنه‌وه‌ و ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر شانی خه‌ڵكی، به‌ڵام خۆیان نایانه‌وێت به‌ په‌نجه‌ش بیجووڵێنن. 5 هه‌موو كرداره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی بیانبینن، به‌ پانكردنی نوشته‌كانیان و گه‌وره‌كردنی گوڵینگی ڕیشاڵه‌كانیان. 6 حه‌زده‌كه‌ن له‌ میوانداری له‌لای سه‌ره‌وه‌ و له‌ كه‌نیشته‌كانیش ڕیزی پێشه‌وه‌ دابنیشن، 7 له‌ بازاڕیشدا سڵاویان لێ بكرێت و خه‌ڵک به‌ ڕابی بانگیان بكه‌ن! 8 به‌ڵام با ئێوه‌ به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ ته‌نها یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌ كه‌ مه‌سیحه‌ و ئێوه‌ش هه‌موو بران. 9 كه‌سیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌ باوک بانگ مه‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌ک باوكتان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌. 10 به‌ ڕابی بانگ نه‌كرێن، چونكه‌ یه‌ک ڕابیتان هه‌یه‌، ئه‌ویش مه‌سیحه‌. 11 با گه‌وره‌ترینتان ڕاژه‌وانتان بێت. 12 ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكات نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكات به‌رز ده‌كرێته‌وه‌.
13 به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ڕووی خه‌ڵک داده‌خه‌ن، نه‌ خۆتان ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ و نه‌ ده‌هێڵن ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌. 14 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستنیش نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ سزاتان مه‌زنتره‌. 15 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! ده‌ریا و وشكایی ده‌گه‌ڕێن تاكو یه‌كێک بكه‌نه‌ جوو، كه‌ بوو، ئه‌وسا دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆتان ده‌یكه‌نه‌ ڕۆڵه‌ی دۆزه‌خ. 16 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا بخوات، هیچ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ زێڕی په‌رستگا بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. 17 ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، زێڕه‌كه‌! یان په‌رستگا كه‌ زێڕه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ 18 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا بخوات، هیچ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانییه‌كه‌ی سه‌ری بخوات، ئه‌وا پابه‌نده‌. 19 ئه‌ی نه‌زان و كوێرینه‌! كامیان مه‌زنتره‌، قوربانی! یان قوربانگا كه‌ قوربانییه‌كه‌ پارسا ده‌كات؟ 20 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی سوێند به‌ قوربانگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ریه‌تی! 21 ئه‌وه‌ی سوێند به‌ په‌رستگا ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌و ده‌خوات و به‌ ئه‌وه‌ش كه‌ تیایدا نیشته‌جێیه‌. 22 ئه‌وه‌ی سوێند به‌ ئاسمان ده‌خوات، ئه‌وا سوێند به‌ ته‌ختی خودا ده‌خوات و به‌وه‌ش كه‌ له‌سه‌ری دانیشتووه‌. 23 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌یه‌كی پونگ و شبیت و زیره‌ ده‌ده‌ن و گرنگترینی ته‌وراتتان پشتگوێ خستووه‌: ڕه‌وا و به‌زه‌یی و باوه‌ڕ، پێویست بوو ئه‌مانه‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش پشتگوێ نه‌خه‌ن. 24 ئه‌ی ڕابه‌ره‌ كوێره‌كان! ئێوه‌ مێشووله‌ ده‌پاڵێون، به‌ڵام وشتر قووت ده‌ده‌ن. 25 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ده‌ره‌وه‌ی جام و قاپ پاک ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناوه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ چڵێسی و به‌ڕه‌ڵایی. 26 ئه‌ی په‌ڕیشیی كوێر! یه‌كه‌مجار نێو جام پاک بكه‌وه‌، تاكو ده‌ره‌وه‌شی پاک بێته‌وه‌. 27 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ له‌ گۆڕی سپیكراو ده‌چن، كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت جوان دیاره‌، به‌ڵام ناوه‌وه‌ی پڕه‌ له‌ ئێسقانی مردووان و هه‌موو گڵاوییه‌ک. 28 ئێوه‌ش ئاوان، به‌ ڕواڵه‌ت له‌لای خه‌ڵک خوداناسن، به‌ڵام ناوه‌وه‌تان پڕه‌ له‌ ڕووپامایی و تاوان. 29 وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ته‌وراتزان و په‌ڕیشییانی ڕووپاما! چونكه‌ ئێوه‌ گۆڕی پێغه‌مبه‌ران هه‌ڵده‌به‌ستن و ئارامگای پیاوچاكان ده‌ڕازێننه‌وه‌ و 30 ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می باوباپیراندا بژیاینایه‌، له‌ خوێنی پێغه‌مبه‌ران به‌شداریان نه‌ده‌بووین. 31 ئێوه‌ گه‌واهی له‌سه‌ر خۆتان ده‌ده‌ن كه‌ ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر كوژانن. 32 جا ئێوه‌ پێوانه‌ی باوباپیرانتان پڕ بكه‌ن. 33 ئه‌ی مارینه‌! بێچوی كۆره‌ماران! چۆن له‌ حوكمی دۆزه‌خ هه‌ڵدێن؟ 34 بۆیه‌ ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر و دانا و ته‌وراتزانتان بۆ ده‌نێرم. لێیان ده‌كوژن و له‌خاچیان ده‌ده‌ن، له‌ كه‌نیشته‌كانتان به‌ر قامچییان ده‌ده‌ن و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ قاویان ده‌ده‌ن. 35 بۆیه‌ هه‌موو خوێنێكی پێگه‌رد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ڕژاوه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆتان، له‌ خوێنی هاویلی بێتاوانه‌وه‌ تاكو خوێنی زخه‌ریای كوڕی بڕخیا، كه‌ له‌نێوان قوربانگا و په‌رستگادا كوشتتان. 36 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئۆباڵی هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م نه‌وه‌یه‌!
37 یروشلایم، یروشلایم! بكوژی پێغه‌مبه‌ران و به‌ردبارانكاری په‌یامبه‌رانت، چه‌ند جار ویستم ڕۆڵه‌كانت كۆبكه‌مه‌وه‌، وه‌ک مریشک جوجه‌ڵه‌كانی له‌ ژێر باڵیدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌تانویست! 38 ئه‌وه‌تا ماڵه‌كه‌تان به‌ وێرانی بۆ ده‌مێنێت! 39 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، ئه‌وه‌تا نامبیننه‌وه‌، تا ده‌ڵێن: {پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت}!”.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 23: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy