YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 22

22
1 ئیشۆع دیسان به‌ په‌ند قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: 2 “پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت كه‌ زه‌ماوه‌ندی بۆ كوڕه‌كه‌ی گێڕا. 3 كۆیله‌كانی نارد تاكو بانگكراوان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگهێشت بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانویست بێن. 4 دیسان كۆیله‌ی دیكه‌ی نارد و وتی: به‌ بانگكراوان بڵێن، ئه‌وه‌تا شێوم ئاماده‌ كردووه‌، گا و دابه‌ستییه‌كانیشم سه‌ربڕیوه‌ و هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. وه‌رنه‌ زه‌ماوه‌نده‌كه‌! 5 به‌ڵام گوێیان پێ نه‌دا و ڕۆیشتن، یه‌كێک بۆ كێڵگه‌كه‌ی و ئه‌وی دیكه‌ بۆ بازرگانییه‌كه‌ی. 6 ئه‌وانی دیكه‌ كۆیله‌كانیان گرت و جنێویان پێ دان و كوشتیانن. 7 كاتێ پاشا ئه‌وه‌ی بیست تووڕه‌ بوو، سه‌ربازه‌كانی نارد و ئه‌و بكوژانه‌ی له‌ناوبرد و شاره‌كه‌ی سووتاندن. 8 ئینجا به‌ كۆیله‌كانی وت: زه‌ماوه‌ند ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بانگكراوه‌كان شایسته‌ نه‌بوون، 9 كه‌واته‌ بڕۆنه‌ سه‌ر ڕێگاكان و ئه‌وه‌ی بینیتان بۆ زه‌ماوه‌نده‌كه‌ بانگی بكه‌ن. 10 ئه‌و كۆیلانه‌ش ده‌رچوونه‌ سه‌ر ڕێگاكان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چاک و ناچاک بینییان كۆیان كردنه‌وه‌، تاكو زه‌ماوه‌نده‌كه‌ پڕ بوو له‌ میوان. 11 كاتێ پاشا هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میوانه‌كان ببینێت، له‌وێ یه‌كێكی بینی جلی زه‌ماوه‌ندی نه‌پۆشابوو. 12 پێی وت: كاكه‌، چۆن بێ جلی زه‌ماوه‌ند هاتیته‌ ژووره‌وه‌؟ ئه‌و بێده‌نگ بوو. 13 ئینجا پاشا به‌ ڕاژه‌وانانی وت: ده‌ست و قاچی ببه‌ستنه‌وه‌ و بیبه‌ن، فڕێیبده‌نه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێ ده‌بێت. 14 چونكه‌ بانگكراو زۆرن، به‌ڵام بژارده‌ كه‌من”.
15 ئینجا په‌ڕیشییه‌كان ڕۆیشتن و ڕاوێژیانكرد تاكو به‌ وشه‌یه‌ک تووشی بكه‌ن. 16 قوتابییه‌كانی خۆیان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێرده‌كه‌یت و گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕواڵه‌تی خه‌ڵک ناكه‌یت. 17 كه‌واته‌ پێمان بفه‌رموو ڕات چییه‌: دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” 18 ئیشۆع به‌ نیازی خراپیانی زانی و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاماكان، بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ 19 پاره‌ی سه‌رانه‌م پیشان بده‌ن”. ئه‌وانیش دینارێكیان بۆ هێنا. 20 پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” 21 پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. 22 كه‌ گوێیان لێبوو سه‌رسام بوون و به‌جێیان هێشت و ڕۆیشتن.
23 له‌ هه‌مان ڕۆژدا زادوقییه‌كان هاتنه‌ لای، كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، پرسیان لێكرد: 24 وتیان: “ڕابی، مووشێ فه‌رمووی، ئه‌گه‌ر پیاوێكی وجاخكوێر مرد، ئه‌وا براكه‌ی براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. 25 جا له‌لای ئێمه‌ حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی بۆ براكه‌ی به‌جێهێشت، 26 به‌ هه‌مان شێوه‌ دووه‌م و سێیه‌م تاكو حه‌وته‌م. 27 له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. 28 ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ده‌بێته‌ ژنی كام له‌و حه‌وته‌؟ چونكه‌ هی هه‌موویان بووه‌!” 29 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ گومڕا ده‌بن كه‌ نه‌ له‌ په‌رتووكه‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا. 30 چونكه‌ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماندا وه‌ک فریشته‌ی خودا ده‌بن. 31 ده‌رباره‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش، ئایا ئه‌وه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌ كه‌ له‌ خوداوه‌ به‌ ئێوه‌ وتراوه‌ و ده‌فه‌رمووێ: 32 {منم خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقوو؟} خودا خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌”. 33 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ گوێیان لێیبوو، له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون.
34 به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان بیستیان كه‌ زادوقییه‌كانی بێده‌نگ كردووه‌، پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌. 35 یه‌كێكیان ته‌وراتناس بوو، پرسی لێكرد تاكو تاقیی بكاته‌وه‌ وتی: 36 “ڕابی، چ ڕاسپارده‌یه‌ک مه‌زنترینی ته‌وراته‌؟” 37 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو بیرته‌وه‌ خۆشبووێ. 38 ئه‌مه‌ مه‌زنترین و یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه‌. 39 دووه‌میشیان وه‌ک ئه‌و وایه‌: نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ. 40 هه‌موو ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران به‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌وه‌ به‌ندن”.
41 كاتێ په‌ڕیشییه‌كان كۆببوونه‌وه‌، ئیشۆع لێی پرسین: 42 فه‌رمووی: “ده‌رباره‌ی مه‌سیح چی ده‌ڵێن، ڕۆڵه‌ی كێیه‌؟” پێیان وت: “ڕۆڵه‌ی داویده‌”. 43 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌، چۆن داوید له‌ ڕووحدا پێی ده‌ڵێ په‌روه‌ردگار؟ كه‌ ده‌ڵێ: 44 {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت}. 45 ئه‌گه‌ر داوید پێی بڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵه‌ی ئه‌وه‌؟” 46 جا كه‌سیان نه‌یتوانی به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی بداته‌وه‌، له‌و ڕۆژه‌شه‌وه‌ هه‌رگیز كه‌س نه‌یوێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسێت.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 22: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy