YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 11

11
1 پاش ئه‌وه‌ی ئیشۆع له‌ ڕێنمایی دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی ته‌واو بوو، له‌وێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێركردن و موژده‌دان له‌ شاره‌كانیان. 2 كاتێ یوخه‌ننه‌ن له‌ زیندانه‌كه‌‌دا كاره‌كانی مه‌سیحی بیست، دوو له‌ قوتابییه‌كانی خۆی نارد و 3 پێی وت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” 4 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستن و ده‌یبینن به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: 5 كوێره‌كان ده‌بینن، شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن، گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌، كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن، مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌ و هه‌ژاران موژده‌یان پێ ده‌درێت”. 6 به‌خته‌وه‌ریش به‌وه‌ی ساتمه‌م لێ ناكات.
7 كاتێ ده‌ڕۆیشتن، ئیشۆع سه‌باره‌ت به‌ یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن و فه‌رمووی: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یجووڵێنێ؟ 8 ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگی نه‌رم ده‌پۆشن له‌ ماڵی پاشایاندان. 9 بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم، له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر. 10 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌كه‌م له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات}. 11 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ژنبوواندا، كه‌س له‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار مه‌زنتر نه‌بووه‌، به‌ڵام بچووكترینی ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندایه‌ له‌و مه‌زنتره‌. 12 له‌ ڕۆژانی یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌وه‌ تا ئێستا پاشایه‌تیی ئاسمانان به‌ هێز تێده‌كۆشێت، تێكۆشه‌رانیش ده‌یڕفێنن. 13 چونكه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ته‌ورات، تاكو هاتنی یوخه‌ننه‌ن پێشبینییان كردووه‌. 14 ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ په‌سه‌ندی بكه‌ن، ئه‌مه‌ ئیلییایه‌ كه‌ خه‌ریكبوو بێت. 15 ئه‌وه‌ی دوو گویێ هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت!
16 ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ چی بچووێنم؟ له‌و كوڕانه‌ ده‌چن كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا دانیشتوون و بانگی هاوڕێكانیان ده‌كه‌ن و 17 ده‌ڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان سه‌ماتان نه‌كرد! شیوه‌نمان بۆ گێڕان و له‌ خۆتان نه‌دا! 18 چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن هات نه‌ ده‌خوات و نه‌ ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: شه‌یتانی تێدایه‌. 19 ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هات، ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌، ده‌ڵێن: ئه‌مه‌ كابرایه‌كی بخۆر و مه‌یخۆره‌، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانه‌. به‌ڵام دانایی به‌ كرده‌وه‌كانی سه‌لمێندرا”.
20 ئینجا ده‌ستی به‌ سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌و شارانه‌ی كرد كه‌ زۆربه‌ی په‌رجوه‌كانی تیایاندا نواندبوو، چونكه‌ تۆبه‌یان نه‌كردبوو. 21 “وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی كورازین! وه‌ی به‌حاڵت ئه‌ی به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سوور و سه‌یده‌ن بكرایه‌ن، هه‌ر زوو به‌ په‌ڵاس و خۆڵه‌مێشه‌وه‌ تۆبه‌یان ده‌كرد. 22 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری سووڕ و سه‌یده‌ن له‌ هی ئێوه‌ سوكتر ده‌بێت. 23 تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كرێیته‌وه‌؟! بۆ قووڵایی ده‌چیته‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌دوومدا ئه‌و په‌رجوانه‌ بكرایه‌ن كه‌ له‌نێو تۆدا كرا، ئه‌وا تاكو ئه‌مڕۆ ده‌مایه‌وه‌. 24 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا باری زه‌ویی سه‌دوم له‌ هی تۆ سوكتر ده‌بێت”.
25 له‌و كاته‌دا ئیشۆع فه‌رمووی: “ئه‌ی باوک، سوپاست ده‌كه‌م، په‌روه‌ردگاری ئاسمان و زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ت له‌ دانا و تێگه‌یشتووان شاردۆته‌وه‌ و بۆ منداڵان ئاشكرات كردووه‌. 26 به‌ڵێ ئه‌ی باوک، چونكه‌ ئه‌مه‌ت له‌به‌رچاو خۆش بوو. 27 له‌ باوكمه‌وه‌ هه‌موو شتێكم دراوه‌تێ، كه‌س ڕۆڵه‌ ناناسێت باوک نه‌بێت، كه‌سیش باوک ناناسێت ته‌نها ڕۆڵه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ڕۆڵه‌ ده‌یه‌وێ بۆی ئاشكرای بكات. 28 وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. 29 نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و خاكسارم، جا حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌. 30 چونكه‌ نیره‌كه‌م ئاسانه‌ و باره‌كه‌م سووكه‌”.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 11: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy