YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 12

12
1 له‌و كاته‌، له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی. 2 كه‌ په‌ڕیشییه‌كان بینییان، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا، قوتابییه‌كانت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت!”. 3 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟ 4 چۆن چووه‌ نێو ماڵی خودا و نانی قوربانیی خوارد، كه‌ بۆ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟ 5 یان له‌ ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان، شه‌ممان له‌ په‌رستگادا، شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێتاوانیشن؟ 6 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، مه‌زنتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌! 7 ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانایه‌: من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی، ئه‌وا بێتاوانانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد! 8 چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، په‌روه‌ردگاری ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌”.
9 له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، 10 ئه‌وه‌بوو پیاوێک ده‌ستێكی وشكبوو، لێیان پرسی: “ئایا له‌ شه‌مماندا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” تاكو سكاڵای لێبكه‌ن. 11 پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كاوڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێک، ئایا نایگرێت و ده‌ریبهێنێت؟ 12 مرۆڤ چه‌ند له‌ كاوڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌مماندا چاكه‌كردن دروسته‌!” 13 ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبووه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌.
14 په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ڕاوێژیان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن. 15 ئیشۆعیش به‌مه‌ی زانی و له‌وێ ڕۆیشت. جا كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و 16 ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن، 17 تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر‌ ئێشه‌عیا وترابوو بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: 18 {ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕووحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جا هه‌واڵی ڕه‌وا به‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. 19 شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌نگی نابیستێت. 20 قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو ڕه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت. 21 نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت}.
22 ئینجا شێتێكی كوێر و لاڵیان بۆ هێنا، چاكیكرده‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و بینی. 23 كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو سه‌رسام بوون و وتیان: “ده‌بێ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی داوید بێت؟” 24 به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، وتیان: “ئه‌مه‌ شه‌یتانه‌كان ده‌رناكات، مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان نه‌بێت”. 25 به‌ڵام ئیشۆع ئه‌ندێشه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیه‌ک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارێک یان ماڵێک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، خۆی ڕاناگرێت. 26 ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دووبه‌ره‌كییان تێدایه‌، ئیتر چۆن پاشایه‌تییه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ 27 ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ دادوه‌رتان! 28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ ڕووحی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان! 29 یان چۆن یه‌كێک ده‌توانێ بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار به‌هێزه‌كه‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟ 30 ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من كۆ ناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌. 31 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفرێک ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام كفر دژ به‌ ڕووح نابه‌خشرێت. 32 ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕووحی پارسا بڵێت، نابه‌خشرێت، نه‌ له‌م جیهانه‌ و نه‌ له‌وه‌ی دێت. 33 وابكه‌ن دره‌خت باش بێت، به‌رهه‌می باش ده‌بێت. یان وابكه‌ن دره‌خت خراپ بێت، به‌رهه‌می خراپ ده‌بێت، چونكه‌ به‌ به‌رهه‌م دره‌خت ده‌ناسرێت. 34 ئه‌ی بێچوی ماران! كه‌ ئێوه‌ خراپ بن، چۆن ده‌توانن به‌ چاكه‌ بدوێن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دڵ ده‌ڕژێته‌وه. 35 مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی چاک شتی چاک ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش، له‌ گه‌نجینه‌ی خراپ، شتی خراپ ده‌رده‌هێنێت. 36 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر وشه‌یه‌كی ناڕه‌وا كه‌ خه‌ڵک پێی ده‌دوێ، له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا هه‌ژماردی خۆی هه‌یه‌. 37 چونكه‌ به‌ قسه‌كانی خۆت بێتاوان ده‌كرێیت، به‌ قسه‌كانی خۆشت تاوانبار ده‌كرێیت”.
38 ئینجا هه‌ندێک ته‌وراتزان و په‌ڕیشی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ده‌مانه‌وێ په‌رجوێكت لێ ببینین”. 39 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و به‌دڕه‌وشت داوای په‌رجو ده‌كات، په‌رجوی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. 40 جا چۆن یۆنه‌ن سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌نێو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌دا بوو، ئاواش ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ ناخی زه‌ویدا ده‌مێنێته‌وه‌. 41 له‌ حوكمداندا خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا له‌ یۆنه‌ن مه‌زنتر لێره‌یه‌! 42 له‌ حوكمداندا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و تاوانباری ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا له‌ شلیمون مه‌زنتر لێره‌یه‌! 43 كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ بیاباندا به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. 44 ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت چۆڵه‌ و گسكدراوه‌ و ڕێكخراوه‌. 45 ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دتر له‌‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌چن و له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بن. ئینجا پایانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت! بۆ ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوا ده‌بێت”.
46 له‌ كاتێک كه‌‌ قسه‌ی بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌كرد، دایک و برایانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵی بدوێن. 47 یه‌كێک پێی وت: “ئه‌وه‌ دایكت و براكانته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێن”. 48 ئه‌ویش وه‌ڵامی قسه‌كه‌ری دایه‌وه‌ و فه‌رموو: “دایكم كێیه‌ و براكانم كێن؟” 49 ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابییه‌كانی ڕاكێشا و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا دایک و براكانم، 50 چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم بكات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌وا برا وخوشک و دایكمه‌”.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 12: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy