YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 10

10
1 ئینجا دوازده‌ قوتابییه‌كه‌ی بانگكرد، ده‌سه‌ڵاتی پێدان تاكو ڕووحی گڵاو ده‌ربكه‌ن و هه‌موو نه‌خۆشی و لاوازییه‌ک چاكبكه‌نه‌وه‌. 2 ئه‌مانه‌ش ناوی دوازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌یه‌: یه‌كه‌مین، شیمعون كه‌ به‌ په‌تڕۆس ناوده‌برا و ئه‌ندراوسی برای، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، 3 پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی، تۆما و مه‌تته‌یی باجگر، یاقووی كوڕی خه‌لپه‌ی و له‌باوس ناسراو به‌ ته‌دده‌ی، 4 شیمعونی قنانیا و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ئیشۆعی به‌ده‌سته‌وه‌دا.
5 ئیشۆع ئه‌م دوازده‌یه‌ی نارد، پێیان ڕاسپارد، فه‌رمووی: “به‌ ڕێگای نه‌ته‌وه‌كاندا مه‌ڕۆن، مه‌چنه‌ شاری شمرنیه‌كان. 6 به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ بڕۆنه‌ لای كاوڕه‌ ونبووه‌كانی ماڵی ئیسڕائیل. 7 كاتێ ده‌چن، موژده‌ بده‌ن و بڵێن: پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بووه‌ته‌وه‌. 8 نه‌خۆشان چاكبكه‌نه‌وه‌، گوله‌كان پێگه‌ردبكه‌نه‌وه‌، مردووان زیندووبكه‌نه‌وه‌، شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌ن. به‌خۆڕایی وه‌رتانگرتووه‌، به‌خۆڕاییش بیده‌ن. 9 زێڕ و زیو و مس له‌ پشتێنتان هه‌ڵمه‌گرن، 10 نه‌ توره‌گه‌ بۆ ڕێگا، نه‌ دوو جل و نه‌ پێڵاو و نه‌ گۆچانیش، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی خۆراكی خۆیه‌تی.
11 چوونه‌ هه‌ر شار و گوندێک، به‌ شوێن كه‌سێكی شایسته‌دا بگه‌ڕێن، له‌وێ بمێننه‌وه تا ده‌ڕۆن‌. 12 كه‌ چوونه‌ ماڵێک ئاشتیی لێ بكه‌ن. 13 ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ شایسته‌ بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شایسته‌ نه‌بوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگه‌ڕێته‌وه‌. 14 ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێی له‌ قسه‌تان نه‌گرت، له‌و ماڵه‌ یان له‌و شاره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تۆزی پێتان بته‌كێنن. 15 ڕواتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ڕۆژی حوكمداندا، دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامووڕه‌ له‌و شاره‌ سوكتر ده‌بێت.
16 ئه‌وه‌تا من وه‌ک كاوڕ به‌ نێو گورگاندا ده‌تاننێرم. جا دانا بن وه‌ک مار و ساكار بن وه‌ک كۆتر. 17 به‌ڵام له‌ خه‌ڵكی به‌ئاگابن، چونكه‌ ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نتان ده‌كه‌ن و له‌ كه‌نیشته‌كانیان به‌ قامچی لێتان ده‌ده‌ن، 18 له‌پێناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وایان و پاشایان، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ ئه‌وان و بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش. 19 كاتێكیش ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن، گوێ مه‌ده‌نه‌ ئه‌وه‌ی چۆن یان چی بڵێن، له‌و كاته‌دا پێتان ده‌درێت چی بڵێن، 20 چونكه‌ ئێوه‌ قسه‌كه‌ر نین، به‌ڵكو ڕووحی باوكتانه‌ له‌ ئێوه‌دا قسه‌ده‌كات. 21 برا برای خۆی ڕاده‌ستی مه‌رگ ده‌كات، باوک ڕۆڵه‌ی خۆی. ڕۆڵه‌كان له‌ دایبابیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ده‌یانكوژن! 22 هه‌مووان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاپایان دانبه‌خۆدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. 23 كه‌ له‌م شاره‌ قاوتان ده‌ده‌ن، هه‌ڵبێن بۆ یه‌كێكی دیكه‌. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: شاره‌كانی ئیسڕائیل ته‌واو ناكه‌ن پێش هاتنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ.
24 قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی باشتر نییه‌ و كۆیله‌ش له‌ گه‌وره‌كه‌ی باشتر نییه‌. 25 به‌سه‌ قوتابی وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی بێت و كۆیله‌ش وه‌ک گه‌وره‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ به‌ به‌عله‌زبول ناو ببردرێت، چه‌ند زیاتر خانه‌واده‌كه‌ی؟ 26 بۆیه‌ لێیان مه‌ترسن، چونكه‌ شاراوه‌ نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت و نهێنی نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت. 27 ئه‌وه‌ی له‌ تاریكیدا پێتانی ده‌ڵێم، له‌ ڕووناكی بیڵێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ چرپه‌ ده‌یبیستن، له‌ سه‌ربانان بانگه‌وازی بكه‌ن. 28 له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن، به‌ڵام ناتوانن گیان بكوژن، به‌ڵكو له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌توانێ گیان و له‌ش هه‌ردوكیان له‌ دۆزه‌خدا له‌ناوبه‌رێت. 29 ئایا دوو چۆله‌كه‌ به‌ فلسێک نافرۆشرێت؟ كه‌چی هیچ یه‌كێكیان به‌بێ باوكتان ناكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی. 30 به‌ڵام ئێوه‌ ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌رتان ژمێردراوه‌. 31 كه‌واته‌ مه‌ترسن! ئێوه‌ له‌ زۆر چۆله‌كه‌ باشترن!. 32 هه‌ركه‌سێک له‌پێش خه‌ڵک دانم پیابنێت، منیش له‌پێش باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، دانی پیاده‌نێم. 33 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌پێش خه‌ڵک نكۆڵیم لێبكات، منیش له‌پێش باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، نكۆڵی لێده‌كه‌م.
34 وا مه‌زانن كه‌ هاتووم تاكو ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی. نه‌هاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، به‌ڵكو شمشێر! 35 چونكه‌ من هاتووم بۆ هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی كوڕ له‌ باوكی وكچ له‌ دایكی وبووک له‌ خه‌سووی. 36 دوژمنی مرۆڤیش خانه‌واده‌كه‌یه‌تی. 37 ئه‌وه‌ی باوک یان دایكی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌. ئه‌وه‌ی كوڕ یان كچی له‌ من خۆشتربووێت، شایانی من نییه‌. 38 ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت شایانی من نییه‌. 39 ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بدۆزێته‌وه‌ ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ ژیانی خۆی له‌پێناوی من بدۆڕێنێت ده‌یدۆزێته‌وه‌. 40 ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندتان بكات، په‌سه‌ندم ده‌كات، ئه‌وه‌ش په‌سه‌ندم بكات، په‌سه‌ندی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ منی ناردووه‌. 41 ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رێک په‌سه‌ند بكات به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌وا پاداشتی پێغه‌مبه‌رێک وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ش خوداناسێک په‌سه‌ند بكات به‌ ناوی خوداناس، ئه‌وا پاداشتی خوداناسێک وه‌رده‌گرێت. 42 ئه‌وه‌ی ته‌نها جامه‌ ئاوێكی سارد بداته‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌، به‌ناوی قوتابییه‌ک، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: پاداشتی ون نابێت”.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 10: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy