YouVersion Logo
Search Icon

مەرقۆس 16

16
زیندووبوونەوەی عیسا
1کە ڕۆژی شەممە تەواو بوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب بۆنوبەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن. 2لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە. 3بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
4بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو. 5جا چوونە ناو گۆڕەکە و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئیتر تاسان.
6پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراودا دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا. 7بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
8ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و هەڵاتن. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.
[ 9دوای ئەوەی عیسا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ مریەمی مەجدەلی دەرکەوت، ئەوەی حەوت ڕۆحی پیسی لێی دەرکردبوو. 10ئەویش چوو و بەوانەی گوت کە لەگەڵ عیسادا بوون و شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان. 11کاتێک بیستیان عیسا زیندوو بووەتەوە و ئەم بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
12لە دوای ئەمانە عیسا بە شێوەیەکی دیکە بۆ دووان لە قوتابییەکان دەرکەوت، کاتێک بۆ گوندەکان بەڕێوە بوون. 13جا چوون و بەوانی دیکەیان ڕاگەیاند، بەڵام باوەڕیان پێ نەکردن.
14پاشان عیسا بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت، کاتێک لەسەر خوان بوون، لەبەر بێباوەڕی و کەللەڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەوانە نەکرد کە دوای هەستانەوەکەی بینیبوویان.
15پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان و ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن. 16ئەوەی باوەڕ دەهێنێت و لە ئاو هەڵدەکێشرێ ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ، تاوانبار دەکرێت. 17ئەوانەی باوەڕ دەهێنن ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت، بە ناوی من ڕۆحی پیس دەردەکەن و بە زمانی نوێ دەدوێن، 18بە دەستیان مار دەگرن، ئەگەر ژەهرێکی کوشندەش بخۆنەوە زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە.»
19لەدوای ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ ئەمانەی پێ فەرموون، بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت. 20ئەوانیش چوون و لە هەموو لایەک جاڕیان دا، عیسای خاوەن شکۆش لەگەڵیان کاری دەکرد و بە پەرجووەکانی پشتگیری پەیامەکەی دەکرد.]

Currently Selected:

مەرقۆس 16: KSS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy