YouVersion Logo
Search Icon

یۆحەنا 15

15
منم مێوی ڕاستەقینە
1«منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. 3ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. 4بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
5«منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. 8باوکم شکۆدار دەبێت ئەگەر ئێوە بەرهەمی زۆر بگرن؛ بەوە دەردەکەوێ کە ئێوە قوتابی منن.
9«هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13کەس خۆشەویستیی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن بتانداتێ. 17بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
ڕقی جیهان
18«ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی زیاتر نییە.“#15‏:20 یۆحەنا 13‏:16‏‏ ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستبێت، هی ئێوەش دەپارێزن. 21بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان#15‏:22 مەبەستی لە گوناهی ڕەتکردنەوەی عیسایە وەک مەسیح.‏. 23ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: ﴿بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.﴾#15‏:25 زەبوورەکان 35‏:19؛ 69‏:4‏‏
کاری ڕۆحی پیرۆز
26«جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.

Currently Selected:

یۆحەنا 15: KSS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy