Bible App logo
Search Icon

دووەم ساموئێل 11

11
داود و بەتشەبەع
1لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.
2ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات، ژنێکی زۆر جوان بوو. 3داودیش پیاوێکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە و ئەویش پێی گوت: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.» 4ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. 5ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند و گوتی: «سکم پڕە.»
6داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد. 7کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی. 8پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی. 9بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.
10ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»
11ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»
12ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە. 13داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.
14بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. 15لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
16جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. 17لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
18یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. 19فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، 20ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ 21کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی#11‏:21 یەروبەشەت: کە یەروبەعل، کە گدعۆن.‏ کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
22نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕاسپاردبوو. 23هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «پیاوانی شارەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن. 24ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»
25داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
26کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. 27پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود بەدوایدا نارد و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە، ئیتر بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام یەزدان ئەم کارەی داودی پێ ناخۆش بوو.

Highlight

Copy

Compare

Share

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

Videos for دووەم ساموئێل 11