YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 12

12
1 ده‌ستی پێكرد به‌ په‌ند قسه‌یان بۆ بفه‌رمووێت: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند، ده‌وروپشته‌كه‌ی په‌رژین كرد، گوشێنه‌رێكی ترێی تێدا هه‌ڵكۆڵی و قوللـه‌یه‌كی بنیاد نا. به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد و گه‌شتی كرد. 2 له‌ وه‌رزی خۆیدا كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ له‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان وه‌ربگرێت. 3 ئه‌وانیش بردیان و به‌قامچیان لێ دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. 4 دیسان كۆیله‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ناردن، ئه‌میشیان به‌ردباران كرد و سه‌ریان شكاند و سووكایه‌تییان پێ كرد. 5 یه‌كێكی دیكه‌شی نارد، كوشتییان. زۆری دیكه‌ش، له‌ هه‌ندێكیان به‌قامچی دا و هه‌ندێكیان كوشت. 6 یه‌كێكی مابوو، كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، له‌ كۆتاییدا ئه‌ویشی بۆ لایان نارد، وتی: ڕێزی كوڕه‌كه‌م ده‌گرن!. 7 به‌ڵام ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ به‌ یه‌كتریان وت: ئه‌وه‌تا میراتگر!، با بیكوژین، تاكو ببینه‌ میراتگر!. 8 جا بردیان و كوشتییان و فڕێیاندایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌. 9 خاوه‌نی ڕه‌زه‌كه‌ چی ده‌كات؟ دێت و ڕه‌زه‌وانه‌كان له‌ناوده‌بات و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌. 10 ئه‌م نووسراوه‌تان نه‌خوێندۆته‌وه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچک. 11 ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو، له‌به‌رچاومان سه‌یره‌!}”.؟ 12 ده‌یانویست بیگرن، چونكه‌ زانییان په‌ندكه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان فه‌رموو، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.
13 ئینجا هه‌ندێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان و هیڕوودسییه‌كانیان نارده‌ لای ئیشۆع، تاكو به‌ وشه‌یه‌كی تووشی بكه‌ن. 14 كاتێ هاتن، پێیان وت: “ڕابی، ده‌زانین تۆ ڕاستگۆیت، گوێ به‌ كه‌س ناده‌یت، چونكه‌ ته‌ماشای ڕووی خه‌ڵک ناكه‌یت، به‌ڵكو به‌ ڕه‌وا ڕێگای خودا فێرده‌كه‌یت. دروسته‌ سه‌رانه‌ بدرێته‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟ بیده‌ین یان نه‌یده‌ین؟” 15 به‌ڵام ئیشۆع به‌ ڕووپامایی ئه‌وانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كه‌نه‌وه‌؟ دینارێكم بۆ بهێنن با بیبینم”. 16 هێنایان، جا پێی فه‌رموون: “ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” پێیان وت: “قه‌یسه‌ڕ”. 17 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. جا لێی سه‌رسام بوون.
18 زادوقییه‌كان كه‌ ده‌ڵێن هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌ هاتنه‌ لای و پرسیان لێكرد و وتیان: 19 “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین، ئه‌گه‌ر یه‌كێک براكه‌ی به‌ وجاخكوێری مرد و ژنه‌كه‌ی له‌ پاش خۆی به‌جێهێشت، ئه‌وا براژنه‌كه‌ی ده‌خوازێته‌وه‌ و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی ده‌خاته‌وه‌. 20 حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. 21 دووه‌م خواستییه‌وه‌ و به‌ وجاخكوێری مرد، سێیه‌میش ئاوا. 22 هه‌ر حه‌وته‌كه‌ وجاخكوێر بوون، له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. 23 كاتێ له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌”. 24 ئیشۆع وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئایا ئێوه‌ گومڕا نین، چونكه‌ نه‌ له‌ سیپاره‌كان ده‌زانن و نه‌ هێزی خودا؟ 25 چونكه‌ كاتێ له‌ مردن هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌ ئاسماناندا وه‌ک فریشته‌ ده‌بن. 26 به‌ڵام ده‌رباره‌ی مردووان كه‌ هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئایا له‌ سیپاره‌ی مووشێدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، چۆن له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا خودا پێی فه‌رموو: {منم خودای ئه‌وڕاهه‌م و خودای ئسخه‌ق و خودای یاقوو؟} 27 ئه‌و خودای مردووان نییه‌، به‌ڵكو خودای زیندووانه‌. ئێوه‌ زۆر گومڕان!”
28 یه‌كێک له‌ ته‌وراتزانه‌كان هات، گوێی لێیان بوو گفتوگۆیان ده‌كرد، بینی ئیشۆع وه‌ڵامێكی باشی دانه‌وه‌، لێی پرسی: “چ ڕاسپارده‌یه‌ک یه‌كه‌می هه‌مووانه‌؟” 29 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “یه‌كه‌می هه‌موو ڕاسپارده‌كان ئه‌مه‌یه‌: ئه‌ی ئیسڕائیل گوێ بگرن، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندمان یه‌ک په‌روه‌ردگاره‌، 30 جا په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت به‌ هه‌موو دڵ و هه‌موو ده‌روون و هه‌موو بیر و هه‌موو تواناتانه‌وه‌ خۆشبووێ. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ڕاسپارده‌یه.‌ 31 دووه‌میش وه‌ک یه‌كه‌مینه‌ و ئه‌مه‌یه‌: نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ، هیچ ڕاسپارده‌یه‌ک له‌م دووانه‌ مه‌زنتر نییه‌”. 32 ته‌وراتزانه‌كه‌ش پێی فه‌رموو: “ڕاسته‌ ڕابی، ڕه‌وات فه‌رموو كه‌ یه‌ک خودا هه‌یه‌ و بێجگه‌ له‌و خودای دیكه‌ نییه‌. 33 خۆشویستنی ئه‌ویش به‌ هه‌موو دڵ و به‌ هه‌موو تێگه‌یشتن و به‌ هه‌موو ده‌روون و به‌ هه‌موو تواناوه‌یه‌، هه‌روه‌ها خۆشویستنی نزیک وه‌ک خۆت، له‌ هه‌موو قوربانیی سووتاندن و قوربانییه‌كان باشتره‌”. 34 ئیشۆع بینی به‌ داناییه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، پێی فه‌رموو: “له‌ پاشایه‌تی خوداوه‌ دوور نیت”. ئیتر كه‌س نه‌وێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسێت!
35 كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگاد ئامۆژگاریی ده‌كرد فه‌رمووی: “ته‌وراتزان چۆن ده‌ڵێن: مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ 36 چونكه‌ داوید خۆی به‌ ڕووحی پارساوه‌ وتی: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌ لای ڕاستم دانیشه‌ تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژێر پێت}. 37 ئه‌گه‌ر داوید پێی ده‌ڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ده‌بێته‌ ڕۆڵه‌ی؟” كۆمه‌ڵه‌ زۆره‌كه‌ش به‌ خۆشییه‌وه‌ گوێیان لێی ده‌گرت.
38 له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌یدا فه‌رمووی: “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، 39 له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداری بن. 40 ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن و به‌ئه‌نقه‌ست درێژه‌ به‌ نوێژه‌كانیان ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ سه‌ختترین سزا وه‌رده‌گرن”.
41 ئیشۆع به‌رامبه‌ر گه‌نجینه‌كه‌ دانیشت و سه‌یری كرد چۆن خه‌ڵكی مس ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌وه‌، زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند زۆریان داده‌نا. 42 بێوه‌ژنێكی هه‌ژار هات و دوو فلسی دانا كه‌ نیو عانه‌یه‌. 43 قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌ زیاتری دانا. 44 چونكه‌ هه‌موو له‌ زیاده‌ی خۆیان دایان نا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌رچی هه‌یبوو، هه‌رچی پێی ده‌گوزه‌را داینا”.

Currently Selected:

مه‌رقوس 12: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy