YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 10

10
1 ئینجا ئیشۆع له‌وێ هه‌ستا و هاته‌ ده‌ڤه‌ری ئیهوود له‌وبه‌ری یوردنه‌ن. دیسان كۆمه‌ڵێک لێی كۆبوونه‌وه‌، وه‌ک نه‌ریتی خۆی ئامۆژگاریی ده‌كردن.
2 هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتن و پرسیان لێی كرد: “ئایا دروسته‌ مێرد ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟” 3 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “مووشێ چی پێ ڕاسپاردوون؟” 4 وتیان: “مووشێ ڕێی داوه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بنووسرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت”. 5 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی بۆ نووسین. 6 به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئافراندنه‌وه‌، خودا به‌ نێر و مێ ئافراندنی. 7 له‌به‌رئه‌مه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، 8 ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌. كه‌واته‌ ئیتر‌ دوو نین، به‌ڵكو یه‌ک جه‌سته‌ن. 9 ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌”. 10 له‌ ماڵه‌وه‌ش، قوتابییه‌كان دیسان له‌م باره‌یه‌وه‌ لێیان پرسی. 11 پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی به‌رامبه‌ری ده‌كات. 12 ئه‌گه‌ر ژن مێرده‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و مێرد به‌ یه‌كێكی دیكه‌ بكات، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات”.
13 منداڵیان بۆ لای هێنا تاكو ده‌ستیان لێ بدات. به‌ڵام قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین. 14 كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بینی، پێی ناخۆش بوو، پێی فه‌رموون: “لێگه‌ڕێن منداڵان بێنه‌ لام و قه‌ده‌غه‌یان لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌. 15 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی وه‌ک منداڵێک پاشایه‌تیی خودا په‌سه‌ند نه‌كات، ناچێته‌ ناویه‌وه‌”. 16 منداڵه‌كانیشی له‌ باوه‌ش كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و داڕشتی كردن.
17 كاتێ ئیشۆع ده‌رده‌چوو به‌ڕێوه‌ بوو، كابرایه‌ک ڕایكرده‌ لای، كڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: “ڕابیی باش، چی بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانی به‌ میرات بگرم؟” 18 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ باش ناوم ده‌به‌یت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كه‌س باش نییه‌. 19 ڕاسپارده‌كان ده‌زانیت: داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌كوژه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، تاڵانی مه‌كه‌، ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌”. 20 ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، له‌ مێردمنداڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌م پاراستووه‌”. 21 ئیشۆع سه‌یری كرد و خۆشی ویست، پێی فه‌رموو: “شتێكت كه‌مه‌: بڕۆ هه‌موو شتێكت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌ و خاچه‌كه‌ت هه‌ڵبگره‌”. 22 به‌م قسه‌یه‌ دڵی خورپه‌ی كرد، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو.
23 ئیشۆع سه‌یری ده‌وروپشتی كرد و به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “چوونه‌ نێوه‌وه‌ی پاشایه‌تیی خودا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند چه‌ند سه‌خته‌!” 24 قوتابییه‌كان له‌ فه‌رمووده‌كانی سه‌رسام بوون، ئیشۆع دیسان پێی فه‌رموون: “ڕۆڵه‌كانم، چوونه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا چه‌ند سه‌خته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی پشت به‌ سامان ده‌به‌ستن! 25 ڕۆیشتنی گوریسێک به‌ كونی ده‌رزییه‌ک ئاسانتره‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا”. 26 جا زیاتر سه‌رسام بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” 27 ئیشۆعیش سه‌یری كردن، فه‌رمووی: “له‌لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا نا، چونكه‌ له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”.
28 په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین”. 29 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: كه‌س نییه‌ ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان منداڵ یان كێڵگه‌ی له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئینجیل به‌جێهێشتبێت، 30 ئێستا له‌م زه‌مانه‌دا سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رنه‌گرێته‌وه‌ له‌ ماڵ و برا و خوشک و دایک و منداڵ و كێڵگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌، له‌ زه‌مانی داهاتووشدا ژیانی جاویدانی. 31 به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینیش یه‌كه‌مین”.
32 به‌ ڕێگاوه‌ بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وتن، ئیشۆع پێشیان كه‌وتبوو، قوتابییه‌كانیش سه‌رسام ببوون، كاتێ دوای ده‌كه‌وتن ده‌ترسان. دیسان دوازده‌كه‌ی دابڕی و پێیان فه‌رموو كه‌وا چی به‌سه‌ردێت: 33 “ئه‌وا بۆ یروشلایم سه‌رده‌كه‌وین، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ‌ ڕاده‌ستی كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌كرێت، حوكمی مه‌رگی ده‌ده‌ن، ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان، 34 گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن و به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن و تفی لێده‌كه‌ن و ده‌یكوژن. له‌ ڕۆژی سێیه‌میش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”.
35 یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدی هاتنه‌ لای و پێیان وت: “ڕابی، ده‌مانه‌وێت هه‌رچی داوای ده‌كه‌ین بۆمان بكه‌یت”. 36 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چیتان ده‌وێت بۆتان بكه‌م؟” 37 پێیان وت: “له‌ شكۆمه‌ندییه‌كه‌ت بمانده‌رێ یه‌كێكمان له‌لای ڕاستت و یه‌كێكمان له‌لای چه‌پت دانیشین”. 38 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌، عه‌مادی ئازار بكرێن كه‌ من پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بم؟” 39 پێیان وت: “ده‌توانین”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ئه‌و جامه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه‌، ئێوه‌ش ده‌یخۆنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی من عه‌مادی ئازار ده‌كرێم، ئێوه‌ش عه‌ماد ده‌كرێن. 40 به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست و چه‌پمه‌وه‌ بۆم نییه‌ بیده‌م، ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ بۆیان دانراوه‌”.
41 كاتێ ده‌ قوتابییه‌كه‌ بیستیان، دڵگران بوون له‌ یاقوو و یوخه‌ننه‌ن. 42 ئیشۆعیش بانگیكردن و پێی فه‌رموون: “خۆتان ده‌زانن ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌رۆک نه‌ته‌وه‌ داده‌نرێن سه‌روه‌ری ده‌كه‌ن و گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ به‌سه‌ریان. 43 به‌ڵام له‌نێو ئێوه‌ ئاوا نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا مه‌زن بێت، با ببێته‌ ڕاژه‌وانتان. 44 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا یه‌كه‌مین بێت، با ببێته‌ به‌نده‌ی هه‌مووتان. 45 چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش نه‌هاتووه‌ تاكو ڕاژه‌ بكرێت، به‌ڵكو ڕاژه‌ بكات و له‌ پێناوی زۆر كه‌س ژیانی خۆی به‌خت بكات”.
46 گه‌یشتنه‌ ئه‌ریخو. كاتێ له‌ ئه‌ریخو ده‌رده‌چوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر، سواڵكه‌رێكی نابینا، بارتیمه‌ی كوڕی تیمه‌، له‌سه‌ر ڕێگا دانیشتبوو. 47 بیستی ئه‌وه‌ ئیشۆعی ناسڕه‌تییه‌، هاواری كرد: “ئیشۆع، ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” 48 زۆر كه‌س لێیان ڕاخوڕی تاكو بێده‌نگ بێت. به‌ڵام زۆر به‌رزتر هاواری ده‌كرد: “ڕۆڵه‌ی داوید، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌!” 49 ئیشۆع ڕاوه‌ستا، فه‌رمانی دا بانگی بكه‌ن. ئه‌وانیش نابیناكه‌یان بانگكرد و پێیان وت: “دڵنیابه‌! هه‌سته‌! ئه‌وه‌تا بانگت ده‌كات”. 50 ئیتر كراسه‌كه‌ی فڕێدا و هه‌ستا، هاته‌ لای ئیشۆع. 51 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “چیت ده‌وێ بۆت بكه‌م؟” نابیناكه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، با ببینم”. 52 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “بڕۆ! باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌”. یه‌كسه‌ر بینییه‌وه‌ و به‌ ڕێگادا دوای ئیشۆع كه‌وت.

Currently Selected:

مه‌رقوس 10: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy