مهتتهی بەندی پێنجەم
بەندی پێنجەم
1 کاتێک کۆمەڵانەکەی بینی، چووە سەر چیاکە، کە دانیشت قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە. 2 زاری کردەوە، ئامۆژگاریی کردن، فەرمووی: 3 “بەختەوەری بۆ هەژاران لەگیان، چونکە شانشینی ئاسمانان هی ئەوانە. 4 بەختەوەری بۆ پەژارەداران لەگیان، چونکە دڵنەوایی دەکرێن. 5 بەختەوەری بۆ نیانەکان، چونکە دەبنە میراتگری زەوییەکە. 6 بەختەوەری بۆ برسی و تینووەکان بۆ چاکخوازی، چونکە تێر دەکرێن. 7 بەختەوەری بۆ میهرەبانەکان، چونکە میهرەبانی دەبینن. 8 بەختەوەری بۆ دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن. 9 بەختەوەری بۆ دروستگەرانی ئاشتی، چونکە بە ڕۆڵەکانی خودا ناودەبرێن. 10 بەختەوەری بۆ قاودراوان لەپێناوی چاکخوازی، چونکە شانشینی ئاسمانان هی ئەوانە. 11 بەختەوەری بۆتان، ئەگەر سووکایەتیتان پێبکەن و قاوتان بدەن، لەپێناوم بە درۆ هەر وشەیەکی بەدتان پێبڵێن. 12 دڵخۆش و کامەران بن، چونکە پاداشتتان مەزنە لە ئاسمانان، ئاواش پێغەمبەرانی پێش خۆتانیان قاوداوە.
13 “ئێوەن خوێی زەوی، بەڵام ئەگەر خوێ گەنیوو بوو، بەچی سوێر دەکرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، تەنها فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵک پێشێلی بکەن. 14 ئێوەن ڕووناکیی دونیا. شارێک لەسەر شاخ دانرابێت ناشاردرێتەوە، 15 چراش هەڵناکرێت تا بخرێتە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان تا ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16 با ئاوا ڕووناکیتان لە بەردەم خەڵک ڕۆشنایی بدات، تا کردەوە باشەکانتان ببینن و باوکتان شکۆدار بکەن کە لە ئاسماناندایە.
17 “وا نەزانن من هاتووم تەوارت یان پێغەمبەران هەڵبوەشێنمەوە. نەهاتووم بۆ هەڵوەشاندنەوە بەڵکو بۆ تەواوکردن. 18ڕ ەواتان پێدەڵێم: تا ئاسمان و زەوی دەفەوتێن، پیتێک یان خاڵێکی شەریعەت نافەوتێت، تاکو هەمووی دێتەدی. 19 جا هئەوەی یەکێک لەم ڕاسپاردە بچووکانە بشکێنێت و ئاواش ئامۆژگاری خەڵک بکات، لە شانشینی ئاسماناندا بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و ئامۆژگاری بکات، لە شانشینی ئاسماناندا بە مەزن ناودەبردرێت. 20 پێتان دەڵێم: ئەگەر چاکخوازیتان لە شەریعەتزانان و پەڕیشییەکان زیاتر نەبێت، ناچنە نێو شانشینی ئاسمانانەوە.
21 “بیستووتانە بە پێشینان وتراوە: { مەکوژە}، ئەوەی بکوژێت شایانی حوکمە. 22 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرکەسێک ناڕەوا لە براکەی تووڕە بێت، شایانی حوکمە، ئەوەی بە براکەی بڵێت: بێ مێشک، شایانی سەنهەدریمە، ئەوەش بڵێت: گێل، شایانی ئاگری دۆزەخە. 23 جا ئەگەر قوربانیت بۆ سەربڕگە هێنا، لەوێ یادت هاتەوە کە براکەت شتێکی لەسەرتەوە هەیە، 24 لەوێ لەبەردەم سەربڕگەدا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە، بڕۆ یەکەمجار براکەت ئاشت بکەوە، ئەوکات وەرە قوربانییەکەت پێشکەش بکە. 25 خێرا لەگەڵ نەیارەکەت ئاشتبەوە تا لەگەڵتدایە و بەڕێگاوەن، نەوەک نەیارەکەت ڕادەستی دادوەرت بکات، دادوەریش ڕادەستی داروغەت بکات و فڕێبدرێیتە زیندان. 26ڕ ەوات پێدەڵێم: لەوێ دەرناچیت تا دوایین پوول نەدەیتەوە!
27 “بیستووتانە بە پێشینان وتراوە: { داوێنپیسی مەکە}. 28 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرکەسێک بە هەوەسەوە بڕوانێتە ئافرەتێک، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسیی لەگەڵ کردووە. 29 ئەگەر چاوی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێی بدە، چونکە باشترە بۆت ئەندامێکت بفەوتێت، نەک هەموو جەستەت بخرێتە دۆزەخەوە. 30 ئەگەر دەستی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێی بدە، چونکە باشترە بۆت ئەندامێکت بفەوتێت، نەک هەموو جەستەت بخرێتە دۆزەخەوە.
31 “وتراوە: { ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی ڕادەست بکات}. 32 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بێ هۆی داوێنپیسی ژنکەی تەڵاق بدات، وایلێدەکات داوێنپیسی بکات، ئەوەش تەڵاقدراوێک بخوازێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
33 “دیسان بیستووتانە بە پێشینان وتراوە: { سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ پەروەردگار جێبەجێبکە}. 34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، چونکە تەختی خودایە، 35 نە بە زەوی، چونکە تەختەپێیەتی، نە بە یروشلایم، چونکە شاری شا مەزنەکەیە. 36 نە بە سەرت، چونکە ناتوانیت تاڵێکی سپی یان ڕەش بکەیت. 37 بەڵکو با قسەتان: بەڵێ بەڵێ، نەخێر نەخێر بێت. لەوە زیاتر لە بەدکارەوەیە.
38 “بیستووتانە وتراوە: { چاو بە چاو، ددان بە ددان}. 39 بەڵام من پێتان دەڵێم: بەرەنگاریی بەدی مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکی دیکەشی بۆ ڕاگرە. 40 ئەوەی ویستی نەیاریت بکات و کراسەکەت لێ بستێنێت، پۆشاکەکەشتی بدەرێ. 41 ئەوەی یەک میل بێگاریی پێکردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42 ئەوەی داوای لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی ویستی قەرزت لێبکات مەیگەڕێنەوە.
43 “بیستووتانە وتراوە: { نزیکەکەت خۆشبوێت، ڕقت لە دوژمنت بێت}. 44 بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێت. نەفرەتکارانتان داڕشت بکەن. چاکە بکەن بۆ نەیارانتان، نوێژ بکەن لەپێناوی ئەوانەی خراپەتان بۆ دەکەن و قاوتان دەدەن، 45 تا ببنە ڕۆڵەی باوکتان کە لە ئاسماناندایە، ئەو خۆرەکەی بەسەر بەدکاران و چاکەکاراندا هەڵدێنێت، باران بەسەر چاکخوازان و ستەمکاران دەبارێنێت. 46 چونکە ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێت کە خۆشیان دەوێن، چ پاداشتێکتان هەیە؟ باجگرانیش وا ناکەن؟ 47 ئەگەر ئاشتیتان تەنها لە برایانتان کرد، چ چاکەیەکتان کردووە؟ باجگرانیش وا ناکەن؟ 48 بۆیە ئێوە تەواو بن، وەک باوکتان وا لەئاسماناندایە تەواوە”.
Currently Selected:
مهتتهی بەندی پێنجەم: PNTZS
Highlight
Copy
Compare
Share
Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨