YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی بەندی سێیەم

بەندی سێیەم
1 لەو ڕۆژانەدا، یوخەننەنی عەمادکار لە دەشتودەری ئیهوودا هات، بانگەوازی دەکرد، 2 دەیفەرموو: “تۆبەبکەن، چونکە شانشینی ئاسمانان نزیک بووەتەوە”. 3 ئەمەش ئەوەیە کە لەڕێی پێغەمبەر ئێشەعیا دەربارەی وتراوە: { دەنگی هاوارگەرێک لە دەشتودەرەوە دێت: “ڕێگای پەروەردگار ئامادەبکەن. ڕێبازەکانی ڕێک بکەن”}. 4 ئەم یوخەننەنە پۆشاکی لە مووی وشتر بوو، کەمەری بە پشتێنێکی چەرم دەبەست. چێشتیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 ئەوکات پروشلایم و هەموو ئیهوودا و تەواوی دەڤەرەکانی دەورەبەری یوردنەن دەرچوون بۆ لای 6 لەسەردەستی لە یوردنەن عەماد دەکران، تاوانەکانیان دەدرکاند.
7 کە بینی زۆر لە پەڕیشی و زادوقی بۆ عەمادەکەی دێن، پێی فەرموون: “بێچوی ماران، کێ نیشانیداون لە تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 بەرهەمێک بدەن لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9 بیرمەکەنەوە لە ناختاندا بڵێن: ئەوڕاهەم باوکمانە. چونکە پێتان دەڵێم: خودا دەتوانێت لەم بەردانە ڕۆڵە بۆ ئەوڕاهەم پەیدا بکات. 10 ئێستاش تەور خراوەتە سەر ڕەگی درەختەکان، هەر درەختێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە نێو ئاگر. 11 من بە ئاو بۆ تۆبەکردن عەمادتان دەکەم، بەڵام ئەوەی دوام دێت، لە من بەهێزترە، شایستە نیم پێڵاوەکانیشی هەڵگرم. ئەو بە گیانی پارسا و ئاگر عەمادتان دەکات. 12 ئەوەی کە شەنەکەی بەدەستەوەیە، خەرمانەکەی شنەبا دەکات، گەنمەکەی لە عەمباردا کۆ دەکاتەوە، بەڵام کایەکە بە ئاگرێکی نەکوژراوە دەسوتێنێت”.
13 ئەوکات ئیشۆع لە گلیلاوە بۆ یوردنەن هات بۆ لای یوخەننەن، تا لەسەر دەستی عەماد بکرێت. 14 بەڵام یوخەننەن نەیهێشت، فەرمووی: “من پێویستیمە لەسەر دەستتان عەماد بکرێم، کەچی خۆتان دێینە لام!”. 15 ئیشۆع وەڵامی دایەوە پێی فەرموو: “ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لێمان دەوەشێتەوە هەموو چاکخوازییەک تەواوبکەین”. ئەوکات ڕێی پێدا. 16 کاتێک ئیشۆع عەمادکرا، یەکسەر لە ئاوەکە سەرکەوت، ئاسمانانی بۆ واڵابوو، بینی گیانی خودا وەک کۆترێک دابەزی و هاتە سەری، 17 دەنگێکیش لە ئاسمانانەوە فەرمووی: “ئەمەیە ڕۆڵەی خۆشەویستم کە پێی شادمانم”.

Highlight

Copy

Compare

Share

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in