YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 19

19
1 كاتێ ئیشۆع له‌م قسانه‌ بووه‌وه‌، گلیلای به‌جێهێشت و هاته‌ ده‌ڤه‌ری ئیهوود، له‌ پشت ڕووباری یوردنه‌ن. 2 كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وت، ئه‌ویش له‌وێ چاكیكردنه‌وه‌.
3 هه‌ندێک په‌ڕیشی هاتنه‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی تاقیی بكه‌نه‌وه‌، وتیان: “ئایا دروسته‌ مێرد له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات؟” 4 وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی {له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئافراندووه‌ به‌ نێر و مێ ئافراندن؟}5 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “بۆیه‌ پیاو باوک و دایكی به‌جێ ده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌لكێت، ئیتر هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ک جه‌سته‌. 6 كه‌واته‌ چیتر دوو نین به‌ڵكو یه‌ک جه‌سته‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌”. 7 پێیان وت: “ئه‌ی بۆچی مووشێ ڕایسپاردووه‌ ته‌ڵاقنامه‌ بدرێت و ته‌ڵاق بكه‌وێت؟” 8 پێی فه‌رموون: “له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان مووشێ ڕێی دان ژنه‌كانتان ته‌ڵاق بده‌ن، ئه‌گینا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا نه‌بوو. 9 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی بێ هۆی داوێنپیسی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، ئه‌وا داوێنپیسی ده‌كات”. 10 قوتابییه‌كانی پێیان وت: ئه‌گه‌ر حاڵی پیاو له‌گه‌ڵ ژن وابێت، باشتره‌ ژن نه‌هێنێت!” 11 پێی فه‌رموون: “هه‌مووان ناتوانن ئه‌م قسه‌یه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان دراوه‌. 12 چونكه‌ خه‌ساو هه‌ن زگماكن، خه‌ساویش هه‌ن مرۆڤ خه‌ساندویانن، خه‌ساویش هه‌ن له‌ پێناوی پاشایه‌تیی ئاسمان خۆیان خه‌ساندوه‌. كێ ده‌توانێت په‌سه‌ندی بكات، با په‌سه‌ندی بكات”.
13 ئینجا منداڵیان بۆی هێنا تاكو ده‌ستیان له‌سه‌ر دابنێت و نوێژ بكات، كه‌چی قوتابییه‌كان لێیان ڕاخوڕین. 14 به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێگه‌ڕێن با منداڵان بێنه‌ لام، ڕێیان لێ مه‌گرن، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان هی وه‌ک ئه‌مانه‌یه‌”. 15 جا ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و له‌وێ ڕۆیشت.
16 ئینجا یه‌كێک هاته‌ لای و وتی: “ڕابیی چاک، چ چاكه‌یه‌ک بكه‌م تاكو ژیانی جاویدانیم هه‌بێت؟” 17 پێی فه‌رموو: “بۆچی به‌ چاک ناوم ده‌به‌یت؟ ته‌نها یه‌كێک چاكه‌، ئه‌ویش خودایه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، ڕاسپارده‌كان بپارێزه‌”. 18 پێی وت: “چ ڕاسپارده‌یه‌ک؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “مه‌كوژه‌، داوێنپیسی مه‌كه‌، مه‌دزه‌، گه‌واهیی درۆ مه‌ده‌، 19 ڕێزی باوک و دایكت بگره‌ و نزیكه‌كه‌ت وه‌ک خۆت خۆشبووێ”. 20 گه‌نجه‌كه‌ش پێی وت: “له‌ منداڵیمه‌وه‌ ئه‌مانه‌م هه‌مووی پاراستووه‌، ئیتر چیم كه‌مه‌؟” 21 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ته‌واو بیت، بڕۆ سامانه‌كانت بفرۆشه‌ و بیده‌ هه‌ژاران، ئیتر گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ ئاسماندا ده‌بێت و وه‌ره‌ دوام بكه‌وه‌”. 22 كاتێ گه‌نجه‌كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ی بیست، به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو.
23 جا ئیشۆع به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌ختی ده‌چێته‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌. 24 هه‌روه‌ها پێتان ده‌ڵێم: ئاسانتره‌ گوریسێک له‌ كونی ده‌رزیه‌كه‌وه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک بچێته‌ نێو پاشایه‌تیی خودا!”. 25 قوتابییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست زۆر سه‌رسام بوون، وتیان: “كه‌واته‌ كێ ده‌توانێت ڕزگاری بێت؟” 26 ئیشۆع سه‌یری كردن و پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌، به‌ڵام له‌لای خودا هه‌موو شتێک ده‌بێت”.
27 ئینجا په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌ هه‌موو شتێک هێناوه‌ و دوات كه‌وتووین، ئێمه‌ چیمان بۆ ده‌بێت؟” 28 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ نوێبوونه‌وه‌دا، كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆی خۆی داده‌نیشێت، ئێوه‌ كه‌ دوام كه‌وتوون له‌سه‌ر دوازده‌ ته‌خت داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن. 29 هه‌ر كه‌سێكیش له‌پێناوی ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان باوک یان دایک یان ژن یان منداڵ یان كێڵگه‌ی به‌جێهێشتووه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و ژیانی جاویدانییش به‌ میرات وه‌رده‌گرێت. 30 به‌ڵام زۆر له‌ یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، دواهه‌مینه‌كانیش یه‌كه‌مین.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 19: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy