YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 18

18
1 له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع و وتیان: “كێ له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا مه‌زنترینه‌؟” 2 ئه‌ویش منداڵێكی بانگكرد و له‌ ناوه‌راستیاندا ڕایگرت، 3 فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و وه‌ک ئه‌م منداڵه‌تان لێ نه‌یه‌ت، هه‌رگیز ناچنه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان. 4 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌م منداڵه‌ خۆی نزم بكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا مه‌زنترینه‌. 5 ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منداڵێكی وه‌ک ئه‌مه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا منی په‌سه‌ند كردووه‌. 6 ئه‌وه‌ش ساتمه‌ به‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌ من هه‌یه‌، باشتره‌ بۆی به‌رداشێک به‌ ملیه‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت و له‌ بنی ده‌ریا بخنكێنرێت. 7 وه‌ی به‌حاڵی جیهان له‌به‌ر كۆسپه‌كان! چونكه‌ كۆسپه‌كان هه‌ر ده‌بێ هه‌بن، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی كۆسپه‌كان! 8 ئه‌گه‌ر ده‌ستت یان قاچت بۆت بووه‌ كۆسپ، بیبڕه‌وه‌ و فڕێیبده‌. باشتره‌ به‌ شه‌لی یان به‌ ده‌ستبڕاوی بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، له‌وه‌ی به‌ دوو ده‌ست یان دوو قاچه‌وه‌ بخرێیته‌ نێو ئاگری جاویدانی. 9 ئه‌گه‌ر چاوت بۆت بووه‌ كۆسپ، ده‌ریبهێنه‌ و فڕێیبده‌. باشتره‌ به‌ یه‌ک چاو بچیته‌ نێو ژیانه‌وه‌، له‌وه‌ی به‌ دوو چاوه‌وه‌ بخرێیته‌ ئاگری دۆزه‌خه‌وه‌. 10 ئاگاداربن! به‌ سووكی مه‌ڕواننه‌ یه‌كێک له‌م بچووكانه‌، چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم فریشته‌كانیان له‌ ئاسماناندا هه‌میشه‌ ڕووی باوكم ده‌بینن كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌. 11 چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ له‌ناوچووان ڕزگار بكات. 12 ڕاتان چییه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێک سه‌د كاوڕی هه‌بێت و دانه‌یه‌كی لێ ونبێت، ئایا نه‌وه‌د و نۆكه‌ له‌ ده‌شتوده‌ر به‌جێ ناهێڵێت تاكو بچێت به‌دوای ونبووه‌كه‌دا بگه‌ڕێت؟ 13 ڕه‌واتان پێ بڵێم: ئه‌گه‌ر دۆزییه‌وه‌، له‌ نه‌وه‌د و نۆكه‌ی دیكه‌ كه‌ بزر نه‌ببوون زیاتر پێی دڵخۆش ده‌بێت! 14 به‌ هه‌مان شێوه‌ باوكتان له‌ ئاسمانان نایه‌وێت یه‌كێک له‌م بچووكانه‌ له‌ناوبچێت.
15 ئه‌گه‌ر براكه‌ت خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردیت، بڕۆ به‌ ته‌نها له‌نێوان خۆت و خۆی گله‌یی لێ بكه‌. ئه‌گه‌ر گوێی لێ گرتی، ئه‌وا براكه‌ت به‌ده‌ست ده‌هێنیته‌وه‌. 16 ئه‌گه‌ر گوێی نه‌گرت، یه‌ک یان دوو كه‌س له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، تاكو هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ گه‌واهیده‌ر بسه‌لمێنرێت. 17 ئه‌گه‌ر به‌ گوێی نه‌كردن، به‌ وارگه‌ بڵێ، ئه‌گه‌ر به‌ گوێی وارگه‌شی نه‌كرد، ئه‌وا به‌ بتپه‌رست و باجگری دابنێ. 18 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی گرێی بده‌ن، له‌ ئاسمانیش گرێدراو ده‌بێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی بیكه‌نه‌وه‌، له‌ ئاسمانیش كراوه‌ ده‌بێت. 19 دیسان پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر دووان له‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌سه‌ر هه‌ر شتێک ڕێک بكه‌ون، هه‌رچی داوا بكه‌ن، له‌لایه‌ن باوكم كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، بۆتان ده‌بێت. 20 چونكه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ک دوو یان سێیان به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌ناوه‌ڕاستیاندا ده‌بم”.
21 ئینجا په‌تڕۆس هاته‌ لای و پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ده‌بێ چه‌ند جار له‌براكه‌م خۆشبم كه‌ خراپه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات؟ تاكو حه‌وت جار؟” 22 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “پێت ناڵێم حه‌وت جار، به‌ڵكو حه‌فتا جاران حه‌وت جار! 23 بۆیه‌ پاشایه‌تی ئاسمانان له‌ پاشایه‌ک ده‌چێت ویستی هه‌ژمارد له‌گه‌ڵ كۆیله‌كانی بكات. 24 كاتێ ده‌ستیپێكرد، یه‌كێكیان بۆ هێنا ده‌ هه‌زار تالنت قه‌رزار بوو. 25 كه‌ هیچی نه‌بوو بیداته‌وه‌، گه‌وره‌كه‌ی فه‌رمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هه‌رچی هه‌یه‌تی بفرۆشرێت و قه‌رزه‌كه‌ بداته‌وه‌. 26 جا كۆیله‌كه‌ چۆكی دادا و وتی: گه‌وره‌م، له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. 27 گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ دڵی پێی سووتا، ئازادی كرد و له‌ قه‌رزه‌كه‌ش خۆش بوو. 28 كه‌ كۆیله‌كه ‌له‌وێ ده‌رچوو، كۆیله‌یه‌كی هاوكاری خۆی بینی كه‌ سه‌د دینار قه‌رزاری بوو، ملی گرت و وتی: ئه‌وه‌ی به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ بمده‌ره‌وه‌! 29 كۆیله‌كه‌ی هاوكاری له‌به‌رپێی كه‌وت، داوای لێكرد و وتی: له‌سه‌رم ڕاوه‌سته‌، هه‌مووت ده‌ده‌مه‌وه‌. 30 به‌ڵام ڕازی نه‌بوو، چوو فڕێیدایه‌ زیندانه‌وه‌، تاكو قه‌رزه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌. 31 كاتێ كۆیله‌كانی هاوكاریان ڕووداوه‌كه‌یان بینی، زۆر خه‌مناک بوون، هاتن و هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ گه‌وره‌كه‌یان گێڕایه‌وه‌. 32 ئه‌وسا گه‌وره‌كه‌ی بانگیكرد و پێی وت: كۆیله‌ی به‌دكار، له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌رزه‌ خۆشبووم، چونكه‌ لێم پاڕایته‌وه‌. 33 ئایا نه‌ده‌بوو تۆش به‌زه‌ییت به‌ كۆیله‌ی هاوكاره‌كه‌تدا بێته‌وه‌، وه‌ک به‌زه‌ییم پێتدا هاته‌وه‌؟ 34 جا گه‌وره‌كه‌ی تووڕه‌ بوو و ڕاده‌ستی جه‌لاده‌كانی كرد، تاكو هه‌ر شتێكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ بیداته‌وه‌. 35 باوكی ئاسمانیشم واتان لێده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌تان له‌ دڵه‌وه‌ له‌ براكه‌ی خۆشنه‌بێت.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 18: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy