Logo YouVersion
Îcone de recherche

لۆقا 22

22
1 جه‌ژنی فه‌تیره‌ كه‌ پێی ده‌ووترا په‌سخه‌ نزیكبووه‌وه‌. 2 كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان چۆن بیكوژن، چونكه‌ له‌ گه‌ل ترسان.
3 شه‌یتان چووه‌ نێو ئیهووداوه‌، كه‌ پێی ده‌ووترێ ئه‌سخه‌ریوتی، له‌ دوازده‌كه‌ بوو. 4 چوو و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌كانی په‌رستگا كرد، چۆن ڕاده‌ستیان بكات. 5 دڵخۆش بوون و په‌یمانیان پێ دا كه‌ زیوی بده‌نێ. 6 ئه‌ویش به‌ڵێنی دا، ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێک تاكو ڕاده‌ستیان بكات و خه‌ڵكیان له‌گه‌ڵ نه‌بێت.
7 ڕۆژی فه‌تیره‌ هات، كه‌ پێویست بوو په‌سخه‌ی تێدا سه‌رببڕدرێت. 8 جا په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی نارد و فه‌رمووی: “بڕۆن په‌سخه‌مان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن تا بیخۆین”. 9 پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ ئاماده‌ی بكه‌ین؟” 10 پێی فه‌رموون: “كاتێ ده‌چنه‌ نێو شار، تووشی پیاوێک ده‌بن گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ی. 11 ئینجا به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی پێت ده‌ڵێت: كوا ماڵه‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ 12 ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌ و ڕاخراوتان پیشان ده‌دات، له‌وێ ئاماده‌ی بكه‌ن”. 13 جا ڕۆیشتن، هه‌روه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد.
14 كه‌ كاته‌كه‌ هات پاڵیدایه‌وه‌، دوانزه‌ په‌یامبه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون. 15 پێی فه‌رموون: “زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم. 16 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له‌ پاشایه‌تیی خودا دێته‌ دی”. 17 جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد، فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ بگرن و له‌نێو خۆتان به‌شی بكه‌ن. 18 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو پاشایه‌تیی خودا دێت”.
19 نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ له‌شی منه‌، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ به‌خت ده‌كرێت. ئه‌مه‌ بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن”. 20 جامه‌كه‌ش ئاوا دوای شێو، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ ده‌ڕژێت. 21 به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه‌. 22 ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات!”. 23 ئیتر له‌نێو خۆیان پرسیان كرد: “ئاخۆ كامیان خه‌ریكه‌ ئه‌مه‌ بكات؟”.
24 هه‌روه‌ها ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک له‌نێویان بوو، كامیان به‌ گه‌وره‌ دابنرێت. 25 پێی فه‌رموون: “پاشایانی نه‌ته‌وه‌كان گه‌ورایه‌تییان ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش به‌سه‌ریانه‌وه‌ به‌ چاكه‌كار ناوده‌برێن. 26 به‌ڵام بۆ ئێوه‌ ئاوا نییه‌. به‌ڵكو با گه‌وره‌تان وه‌ک بچووک و ڕابه‌ر وه‌ک ڕاژه‌وان بێت. 27 چونكه‌ كێ گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ی پاڵی داوه‌ یان ئه‌وه‌ی ڕاژه‌ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پاڵی داوه‌؟ به‌ڵام من له‌نێوانتان وه‌ک ئه‌وه‌م كه‌ ڕاژه‌ ده‌كات. 28 ئێوه‌ كه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانمدا له‌گه‌ڵم جێگیر بوون. 29 منیش پاشایه‌تیه‌كتان بۆ داده‌نێم، وه‌ک باوكم بۆی داناوم، 30 تاكو له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خوانه‌كه‌م بخۆن و بخۆنه‌وه‌، له‌سه‌ر ته‌خته‌كان داده‌نیشن و دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسڕائیل حوكم ده‌ده‌ن”.
31 جا په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “شیمعون، شیمعون، ئه‌وه‌تا شه‌یتان داوای كردوون، تاكو وه‌ک گه‌نم له‌ بێژنگتان بدات! 32 به‌ڵام له‌پێناوی تۆ نوێژم كرد تاكو باوه‌ڕت له‌ناونه‌چێت. تۆش كه‌ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ برایانت جێگیر بكه‌”. 33 ئه‌ویش پێی وت: “په‌روه‌ردگار، من ئاماده‌م له‌گه‌ڵتدا بۆ زیندان‌ و بۆ مه‌رگیش بچم!”. 34 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “په‌تڕۆس پێت ده‌ڵێم، ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌شێر ناقوولێنێت، تاكو تۆ سێ جار نكۆڵی نه‌كه‌یت كه‌ من ده‌ناسیت”.
35 ئینجا پێی فه‌رموون: “كاتێ ئێوه‌م به‌بێ جزدان و توره‌گه‌ و سۆل نارد، ئایا پێویستتان به‌ هیچ بوو؟” وتیان: “نه‌خێر”. 36 پێی فه‌رموون: “به‌ڵام ئێستا، ئه‌وه‌ی جزدانی هه‌یه‌ با بیبات، توره‌گه‌ش. ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی با جله‌كانی بفرۆشێت و شمشێرێک بكڕێت. 37 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئه‌مه‌ی نووسراوه‌: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا}. پێویسته‌ له‌ مندا بێته‌ دی، چونكه‌ شته‌كانی ده‌رباره‌ی من كاتیان هات‌”. 38 وتیان: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا دوو شمشێر لێره‌یه‌”. پێی فه‌رموون: “ئیتر به‌سه‌!”.
39 ئینجا ده‌رچوو و وه‌ک هه‌موو جارێک چووه‌ كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن. 40 كاتێ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، پێی فه‌رموون: “نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. 41 ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێک لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد. 42 فه‌رمووی: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ خواستی من، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆت بێت”. 43 فریشته‌یه‌كیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد. 44 كه‌ له‌ ململانێدا بوو، به‌ پێداگرتنێكی توند نوێژی ده‌كرد، ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ک دڵۆپی خوێن ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی. 45 ئینجا له‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ستا و هاته‌ لای قوتابییه‌كانی، بینی له‌ خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌. 46 پێی فه‌رموون: “بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”.
47 كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. 48 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” 49 ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” 50 جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. 51 به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه‌ بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكیكرده‌وه‌.
52 ئینجا ئیشۆع به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌ هاتوون! 53 هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌”.
54 ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. 55 كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. 56 كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ دانیشتووه‌، تێیڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. 57 ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. 58 دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، من نیم!” 59 دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گلیلاییه‌!”. 60 په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. 61 په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. 62 ئیتر په‌تڕۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا.
63 ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئیشۆعیان گرتبوو، گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و لێی ده‌دان. 64 چاویان به‌ستبوو و زیللـه‌یان لێدا و لێیان ده‌پرسی: “پێشبینی بكه‌! كێیه‌ ئه‌وه‌ی لێیدایت؟” 65 زۆر كفری دیكه‌شیان دژی ده‌كرد.
66 كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌، پیرانی گه‌ل كۆبوونه‌وه‌: كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان. جا بردیانه‌ سه‌نهه‌دریمه‌كه‌یان. 67 وتیان: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت پێمان بڵێ!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر پێتان بڵێم بڕوا ناكه‌ن. 68 ئه‌گه‌ر پرسیش بكه‌م وه‌ڵامم ناده‌نه‌وه‌ و به‌رم ناده‌ن. 69 له‌ ئێستاوه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌لای ڕاستی هێزی خودا داده‌نیشێت”. 70 هه‌موو وتیان: “كه‌واته‌ تۆی ڕۆڵه‌ی خودا؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ وتتانه‌وه‌ كه‌ من ئه‌وم”. 71 ئینجا وتیان: “ئیتر چ پێویستیمان به‌ گه‌واهیدان هه‌یه‌؟ چونكه‌ ئه‌وه‌تا له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ گوێمان لێبوو”.

Sélection en cours:

لۆقا 22: PNTZS

Surbrillance

Partager

Copier

None

Tu souhaites voir tes moments forts enregistrés sur tous tes appareils? Inscris-toi ou connecte-toi

YouVersion utilise des cookies pour personnaliser votre expérience. En utilisant notre site Web, vous acceptez l'utilisation des cookies comme décrit dans notre Politique de confidentialité