Logo YouVersion
Îcone de recherche

لۆقا 21

21
1 ئینجا ئیشۆع ته‌ماشای كرد و بینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌خشینیان ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌نجینه‌كه‌. 2 بێوه‌ژنێكی هه‌ژاریشی بینی دوو فلسی خسته‌ نێوی. 3 ئینجا فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م بێوه‌ژنه‌ هه‌ژاره‌ له‌ هه‌مووان زیاتری دانا. 4 چونكه‌ ئه‌وان له‌ زیاده‌ی خۆیان له‌ به‌خشینه‌كانی خودایان دانا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ پێویستی خۆی، هه‌موو بژێوییه‌كه‌ی دانا”.
5 هه‌ندێک باسی په‌رستگایان ده‌كرد كه‌ به‌ به‌ردی جوان و ئه‌نتیكه‌ ڕازاندراوه‌ته‌وه‌. فه‌رمووی: 6 “ئه‌مه‌ كه‌ ده‌یبینن، ڕۆژانێک دێت به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت”. 7 ئینجا لێیان پرسی و وتیان: “ڕابی، كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت و نیشانه‌ چییه‌ كاتێ ئه‌مانه‌ ڕووده‌ده‌ن؟” 8 فه‌رمووی: “وریابن! هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: “من ئه‌وم! و كاته‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌! دوایان مه‌كه‌ون. 9 كاتێ جه‌نگ و ئاژاوه‌ ده‌بیستن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئه‌م شتانه‌ ببێت، به‌ڵام پایان خێرا نایه‌ت”. 10 ئینجا پێی فه‌رموون: “نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی. 11 له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌زن و برسیێتی و ده‌رد ده‌بێت، ترس و نیشانه‌ی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌بێت. 12 پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ست به‌سه‌رتاندا ده‌گرن و قاوتان ده‌ده‌ن، ڕاده‌ستی كه‌نیشت و زیندانیه‌كان ده‌كرێن، له‌ پێناوی ناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م پاشا و فه‌رمانڕه‌واكان. 13 ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌واهیه‌ک بۆتان. 14 بۆیه‌ له‌ دڵی خۆتان دایبنێن كه‌ پێشوه‌خت خۆتان ئاماده‌ نه‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن، 15 چونكه‌ من ده‌م و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌ڵسكارانتان نه‌توانن به‌رگری بكه‌ن و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه‌. 16 دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و لێتان ده‌كوژن. 17 له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. 18 به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت. 19 به‌ خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌. 20 كاتێ ده‌بینن به‌ سوپا ده‌وری یروشلایم دراوه‌، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیک بۆته‌وه‌. 21 ئه‌و كاته‌ با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهوود دان‌ هه‌ڵبێن بۆ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌نێویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له‌ دێیه‌كاندان نه‌یه‌نه‌ نێوی، 22 چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه‌ بێته‌ دی. 23 له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵ دووگیان و شیرده‌ران! چونكه‌ ناخۆشییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌. 24 به‌ زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، یروشلایم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كان ته‌واو ده‌بێت.
25 له‌ خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان په‌رجو ده‌بێت، له‌سه‌ر زه‌ویش كۆستێكی سه‌رگه‌ردانی گه‌لان، ده‌ریا و شه‌پۆڵه‌كان هاژه‌یان دێت. 26 له‌ ترس و چاوه‌ڕوانی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر جیهاندا دێن، خه‌ڵكی بێ هۆش ده‌بن، چونكه‌ هێزه‌كانی ئاسمان ده‌هه‌ژێن. 27 ئه‌وسا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌وه‌ ده‌بینن دێت. 28 كه‌ ئه‌م شتانه‌ ده‌ستپێده‌كات، هه‌ستن و سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ڕزگاربوونتان نزیک ده‌بێته‌وه‌”.
29 په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “بڕواننه‌ دارهه‌نجیر و هه‌موو داره‌كان. 30 كاتێ ده‌بینن وا گه‌ڵای كردووه‌، له‌ خۆتانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ هاوین نزیكه‌. 31 ئێوه‌ش كه‌ ده‌بینن ئه‌مانه‌ ڕووده‌دات، بزانن پاشایه‌تی خودا نزیكه‌. 32 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ناچێت، تاكو هه‌مووی ده‌بێت. 33 ئاسمان و زه‌وی له‌ناوده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم له‌ناوناچن. 34 ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ک دڵتان له‌سه‌ر ڕابواردن و سه‌رخۆشی و خه‌فه‌تی ژیان بێت و ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ناكاو به‌سه‌رتاندا بدات. 35 چونكه‌ وه‌ک ته‌ڵه‌ دێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ڕووی زه‌وی دانیشتوون. 36 كه‌واته‌ هه‌موو كاتێ بێداربن و نزا بكه‌ن، تاكو بتوانن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات ڕزگارتان بێت و له‌به‌رده‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاوه‌ستن”.
37 به‌ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا ئامۆژگاریی ده‌كرد، شه‌وانیش ده‌رده‌چوو له‌و ده‌شتوده‌ره‌ ده‌مایه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ووترا كێوی زه‌یتوون. 38 هه‌موو خه‌ڵک زوو له‌ په‌رستگا ده‌هاتنه‌ لای، تاكو گوێی لێ بگرن.

Sélection en cours:

لۆقا 21: PNTZS

Surbrillance

Partager

Copier

None

Tu souhaites voir tes moments forts enregistrés sur tous tes appareils? Inscris-toi ou connecte-toi

YouVersion utilise des cookies pour personnaliser votre expérience. En utilisant notre site Web, vous acceptez l'utilisation des cookies comme décrit dans notre Politique de confidentialité