Logo YouVersion
Îcone de recherche

لۆقا 23

23
1 ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌ستان و بردییانه‌ لای پیڵاتوس. 2 ده‌ستیانكرد به‌ سكاڵاكردن لێی، وتیان: “بینیمان ئه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان چه‌واشه‌ ده‌كات و قه‌ده‌غه‌ له‌ سه‌رانه‌دان ده‌كات بۆ قه‌یسه‌ڕ و خۆی به‌ مه‌سیحێكی پاشا ناوده‌بات”. 3 پیڵاتوس لێی پرسی وتی: “تۆ پاشای جووی؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “تۆ وتته‌وه‌”. 4 پیڵاتوسیش به‌ كاهینانی باڵا و كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی وت: “هیچ تاوانێک له‌م پیاوه‌ نابینم”. 5 به‌ڵام مكوڕ بوون و وتیان: “گه‌ل ده‌وروژێنێت، له‌ هه‌موو ئیهوود خه‌ڵک فێرده‌كات، ده‌ستپێک له‌ گلیلاوه‌ تاكو ئێره‌”. 6 كاتێ پیڵاتوس ناوی گلیلای بیست، پرسی كرد “ئاخۆ پیاوه‌كه‌ گلیلاییه‌؟”. 7 كه‌ زانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هیڕوودسه‌، بۆ هیڕوودسی نارد، كه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌ویش له‌ یروشلایم بوو.
8 كاتێ هیڕوودس ئیشۆعی بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ ده‌مێک بوو ده‌یه‌ویست بیبینێت، چونكه‌ زۆر شتی ده‌رباره‌ی بیستبوو و به‌ ئومێد بوو ببینێت په‌رجوێک به‌هۆی ئه‌و ببێت. 9 جۆره‌ها پرسی لێكرد، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. 10 كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕاوه‌ستان و به‌ توندی سكاڵایان لێی ده‌كرد. 11 هیڕوودس و سه‌ربازانی سووكایه‌تی و گاڵته‌یان پێیكرد. جلێكی بریسكه‌دارای له‌به‌ری كرد و ناردیه‌وه‌ بۆ پیڵاتوس. 12 پیڵاتوس و هیڕوودس له‌و ڕۆژه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری بوونه‌ دۆست، چونكه‌ پێشتر دوژمنی یه‌كتر بوون.
13 پیڵاتوس كاهینانی باڵا و پێشه‌وایان و گه‌لی بانگكرد و 14 پێی وتن: “ئه‌م پیاوه‌تان هێنایه‌ لام وه‌ک یه‌كێک خه‌ڵک تێكبدات، ئه‌وه‌تا منیش له‌به‌رده‌متان لێم كۆڵییه‌وه‌ و هیچ تاوانێكم له‌م پیاوه‌دا نه‌بینی له‌وه‌ی سكاڵای لێده‌كه‌ن. 15 نه‌ هیڕوودسیش، چونكه‌ بۆ لای ئێمه‌ی ناردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌تا هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی مه‌رگ بێت. 16 بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. 17 ناچار بوو له‌ هه‌موو جه‌ژنێكدا یه‌كێكیان بۆ ئازاد بكات. 18 به‌ڵام تێكڕا هاواریان كرد، “ئه‌مه‌ ببه‌! به‌ڕئه‌ببامان بۆ ئازاد بكه‌!” 19 ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌یه‌ک كه‌ له‌ شاردا ڕوویدابوو و له‌به‌ر كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌. 20 پیڵاتوس دیسان بانگیكردن، ده‌یویست ئیشۆع ئازاد بكات. 21 به‌ڵام هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” 22 سێیه‌مجار پێی وتن: “ئه‌مه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟ تاوانێكی تێدا نابینم كه‌ سزاكه‌ی مه‌رگ بێت. بۆیه‌ ته‌مبێی ده‌كه‌م و ئازادی ده‌كه‌م”. 23 به‌ڵام پێیانداگرت و به‌ ده‌نگی به‌رز داوایان كرد له‌خاچ بدرێت، جا ده‌نگییان و ده‌نگی كاهینانی باڵا به‌هێز بوو. 24 پیڵاتوسیش بڕیاری دا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكرێت. 25 ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ئاژاوه‌ و كوشتن فڕێدرابووه‌ زیندانه‌وه‌ ئازادی كرد، ئه‌وه‌ی داوایان كرد، ئیشۆعیشی ڕاده‌ستی خواستی ئه‌وانی كرد.
26 كاتێ بردییان، شیمعونی قه‌ورینێیان گرت كه‌ له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، خاچه‌كه‌یان خسته‌ كۆڵی تاكو به‌دوای ئیشۆعه‌وه‌ هه‌ڵیبگرێت. 27 جه‌ماوه‌رێكی زۆری گه‌ل و ئه‌و ژنانه‌ی شیوه‌نیان ده‌كرد و بۆی ده‌گریان دوای كه‌وتن. 28 ئیشۆع ئاوڕی لێ دانه‌وه‌، فه‌رمووی: “كچانی یروشلایم، بۆ من مه‌گریێن، به‌ڵكو بۆ خۆتان و منداڵه‌كانتان بگریێن. 29 ئه‌وه‌تا ڕۆژانێک دێت، تیایدا ده‌ڵێن: خۆزگه‌ به‌ نه‌زۆک و به‌و سكانه‌ی منداڵیان نه‌بووه‌ و به‌و مه‌مكانه‌ی شیریان نه‌داوه‌! 30 ئه‌وسا به‌ شاخه‌كان ده‌ڵێن: به‌سه‌رماندا بكه‌ون! به‌ گرده‌كانیش: دامانپۆشن! 31 چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا به‌ داری سه‌وز بكه‌ن، بۆ وشک چی ده‌بێت؟”. 32 دوو تاوانباری دیكه‌شیان هێنا تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكوژرێن.
33 كاتێ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ {كاسه‌سه‌ر} ناوده‌برا، له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو تاوانباره‌كه‌ له‌خاچیان دا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌ له‌لای چه‌پ. 34 ئیشۆعیش فه‌رمووی: “باوكه‌، لێیان خۆش به‌، چونكه‌ نازانن چی ده‌كه‌ن”. ئینجا به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌ش كرد.
35 گه‌ل ڕاوه‌ستابوون سه‌یریان ده‌كرد، سه‌رۆكه‌كان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌سیحی ده‌ستنیشانكراوی خودایه‌، با خۆی ڕزگار بكات!” 36 سه‌ربازانیش گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و ده‌هاتنه‌ لای و سركه‌یان پێ ده‌دا، 37 ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر تۆ پاشای جوویت، خۆت ڕزگار بكه‌!” 38 نووسراوێكیش له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ هه‌بوو به‌ پیتی یۆنانی و ڕۆمانی و عیبڕانی نووسرابوو: “ئه‌مه‌ پاشای جووه‌”. 39 یه‌كێک له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری دژی ده‌كرد و ده‌یووت: “ئه‌گه‌ر تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه!” 40 ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد، وتی: “له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ر دراوه‌؟ 41 سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كردارمانه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ شتێكی ناشیاوی نه‌كردووه‌”. 42 ئینجا به‌ ئیشۆعی وت: “په‌روه‌ردگار منت له‌یاد بێت كاتێ له‌ پاشایه‌تیه‌كه‌ی خۆت دێی”. 43 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت”.
44 نزیكی كاژێر شه‌ش، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو، تاكو كاژێر نۆ، 45 خۆر تاریک بوو. په‌رده‌ی په‌رستگاش شه‌قبوو و بووه‌ دوو پارچه‌. 46 ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌، ڕووحی خۆم به‌ ده‌ستی تۆ ده‌سپێرم”. ئه‌مه‌ی فه‌رموو و ڕووحی سپارد. 47 كاتێ سه‌رپه‌له‌كه‌ ئه‌م شتانه‌ی بینی كه‌ ڕوویدا، خودای شكۆدار كرد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م پیاوه‌ بێتاوان بوو!”. 48 هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئه‌م دیمه‌نه‌ كۆببوونه‌وه‌، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، به‌ سنگكوتانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌. 49 هه‌موو ناسیاو و ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای كه‌وتبوون، له‌ دووره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشای ئه‌م شتانه‌یان ده‌كرد.
50 پیاوێک ناوی یۆسپ بوو، كابرایه‌كی چاک و خوداناس بوو.
51 به‌ ڕا و كرده‌وه‌یان ڕازی نه‌بوو. خه‌ڵكی ڕه‌متا بوو كه‌ شارێكی ئیهووده‌، ئه‌ویش چاوه‌ڕوانی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد. 52 چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی كرد. 53 دایگرت و به‌ كه‌تان پێچایه‌وه‌، له‌ گۆڕێكی له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراو داینا كه‌ هه‌رگیز كه‌سی تێدا دانه‌نرابوو. 54 ئه‌و ڕۆژه‌ خۆ ئاماده‌كردن بوو، شه‌ممه‌ش به‌ده‌رده‌كه‌وت. 55 ئه‌و ژنانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون، دوای یۆسپ كه‌وتن، گۆڕه‌كه‌ و جه‌سته‌كه‌یان بینی چۆن دانرا.
56 ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ و بۆنوبه‌رامیان ئاماده‌ كرد، به‌ پێی ڕاسپارده‌كه‌ له‌ شه‌ممه‌ پشوویان دا.

Sélection en cours:

لۆقا 23: PNTZS

Surbrillance

Partager

Copier

None

Tu souhaites voir tes moments forts enregistrés sur tous tes appareils? Inscris-toi ou connecte-toi

YouVersion utilise des cookies pour personnaliser votre expérience. En utilisant notre site Web, vous acceptez l'utilisation des cookies comme décrit dans notre Politique de confidentialité