Logo YouVersion
Îcone de recherche

لۆقا 20

20
1 ڕۆژێكیان له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی خه‌ڵكی ده‌كرد و موژده‌ی ده‌دا، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزان له‌گه‌ڵ پیران له‌وێدا وه‌ستان، 2 پێیان وت: “پێمان بڵێ: به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌؟” 3 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پرسێكتان لێ ده‌كه‌م. پێم بڵێن: 4 عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن، له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟” 5 له‌نێو خۆیاندا ڕاوێژیان كرد و وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت بۆ باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ 6 ئه‌گه‌ریش بڵێن له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو، ئه‌وا هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ردبارانمان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دڵنیان كه‌ یوخه‌ننه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌”. 7 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ نازانن له‌كوێوه‌ بووه‌. 8 ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”.
9 ئینجا ئه‌م په‌نده‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ گێڕایه‌وه‌: “كابرایه‌ک ڕه‌زێكی چاند و به‌ ڕه‌زه‌وانانی سپارد، ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی كرد. 10 له‌ وه‌رزی خۆی كۆیله‌یه‌كی بۆ ڕه‌زه‌وانه‌كان نارد، تاكو له‌ به‌رهه‌می ڕه‌زه‌كه‌ی بده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌زه‌وانه‌كان لێیان دا و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. 11 كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شی نارد، به‌ڵام له‌مه‌شیان دا و سووكایه‌تییان پێكرد و به‌ ده‌ستی به‌تاڵ ناردییانه‌وه‌. 12 سێیه‌میشی نارد، ئه‌مه‌شیان بریندار كرد و ده‌ریانكرد. 13 خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ وتی: چی بكه‌م؟ كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ده‌نێرم، له‌وانه‌یه‌ كاتێ بیبینن ڕێزی لێ بگرن! 14 به‌ڵام كه‌ ڕه‌زه‌وانه‌كان بینییان، نێوان خۆیان پیلانیان گێڕا و وتیان: ئه‌وه‌تا میراتگر! با بیكوژین، تاكو میراته‌كه‌ بۆ ئێمه‌ بێت! 15 جا بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌زه‌كه‌ و كوشتیان. ئیتر ده‌بێت خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ چییان لێ بكات؟ 16 دێت و ئه‌و ڕه‌زه‌وانانه‌ ده‌كوژێت و ڕه‌زه‌كه‌ ده‌داته‌ خه‌ڵكی دیكه‌”. كاتێ گوێیان لێبوو وتیان: “حاشا!” 17 ئه‌ویش سه‌یری كردن و فه‌رمووی: “كه‌واته‌ ئه‌مه‌ی نووسراوه‌ چییه‌: {ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچك}؟ 18 ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌دا بكه‌وێت تێكده‌شكێت، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا بكه‌وێت وردوخاشی ده‌كات!” 19 ته‌وراتزانه‌كان و كاهینانی باڵا هه‌وڵیان دا له‌و كاته‌ ده‌ستگیری بكه‌ن، به‌ڵام له‌ گه‌له‌كه‌ ترسان، چونكه‌ زانییان له‌و په‌نده‌یه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وان بوو.
20 ئینجا چاودێرییان كرد و سیخوڕیان نارد كه‌ خۆیان به‌ خوداناس ده‌رده‌خست، تاكو به‌ قسه‌ی خۆی تووشی بكه‌ن و ڕاده‌ستی حوكم و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای بكه‌ن. 21 پرسیان لێكرد و وتیان: “ڕابی، ده‌زانین له‌ قسه‌كردن و ئامۆژگاریتدا ڕه‌وایت، جوداخوازی كه‌سیش ناكه‌یت، به‌ڵكو ڕێگای خودا به‌ ڕه‌وا فێر ده‌كه‌یت. 22 ئایا دروسته‌ سه‌رانه‌ بده‌ینه‌ قه‌یسه‌ڕ یان نا؟” 23 به‌ فێڵه‌كه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی تاقیم ده‌كنه‌وه‌؟ 24 دینارێكم پیشان بده‌ن. ئه‌م وێنه‌ و نووسینه‌ هی كێیه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “هی قه‌یسه‌ڕه‌”. 25 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “كه‌واته‌ هی قه‌یسه‌ڕ بده‌نه‌ قه‌یسه‌ڕ، هی خوداش بده‌نه‌ خودا”. 26 نه‌یانتوانی له‌به‌رده‌م گه‌ل به‌ قسه‌كه‌ی تووشی بكه‌ن، سه‌رسامیش بوون له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی و بێده‌نگ بوون.
27 هه‌ندێک زادوقی هاتن، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕییان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ نییه‌، لێیان پرسی: 28 وتیان: “ڕابی، مووشێ بۆی نووسیوین: ئه‌گه‌ر یه‌كێک برای بمرێت كه‌ ژنی هه‌بێت و منداڵی نه‌بێت، با‌ براژنه‌كه‌ی بهێنێت و وه‌چه‌ بۆ براكه‌ی بخاته‌وه‌. 29 ئینجا حه‌وت برا هه‌بوون، یه‌كه‌میان ژنی هێنا و به‌ وجاخكوێری مرد. 30 دووه‌میش هێنای و به‌ وجاخكوێری مرد، 31 سێیه‌میش خواستی، هه‌ر حه‌وتیان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ وجاخكوێری مردن. 32 له‌دوای هه‌موویان ژنه‌كه‌ش مرد. 33 ئایا له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا ژنه‌كه‌ بۆ كامیان ده‌بێت؟ چونكه‌ ژنی هه‌ر حه‌وتیان بووه‌!” 34 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “خه‌ڵكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ژن ده‌هێنن و شوو ده‌كه‌ن، 35 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی داده‌نرێن شایانی گه‌یشتنن به‌و ڕۆژگار و به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناكه‌ن. 36 ئیتر ناتوانن بمرن، چونكه‌ وه‌ک فریشته‌ن و ڕۆڵه‌ی خودان كه‌ ڕۆڵه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ن. 37 به‌ڵام مردووان هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌، مووشێش له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، هه‌روه‌ک ده‌ڵێ: {په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندی ئه‌وڕاهه‌م و خوداوه‌ندی ئسخه‌ق و خوداوه‌ندی یاقووه‌}. 38 خوداوه‌ندی مردووان نییه‌، به‌ڵكو خوداوه‌ندی زیندووانه‌، چونكه‌ لای ئه‌و هه‌موو زیندوون”. 39 هه‌ندێک ته‌وراتزان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، باشت وت!”. 40 ئیتر نه‌یانوێرا هیچی دیكه‌ی لێ بپرسن.
41 ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن ده‌ڵێن مه‌سیح ڕۆڵه‌ی داویده‌؟ 42 خودی داوید له‌ سیپاره‌ی په‌سنیه‌كاندا ده‌ڵێت: {په‌روه‌ردگار به‌ په‌روه‌ردگارمی فه‌رموو: له‌لای ڕاستم دانیشه 43 تاكو دوژمنانت بخه‌مه‌ ژیر پێت}. 44 ئه‌گه‌ر داوید پێی بڵێ په‌روه‌ردگار، ئیتر چۆن ڕۆڵه‌ی ئه‌وه‌؟”.
45 كاتێ هه‌موو گه‌ل گوێیان ده‌گرت، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: 46 “ئاگاداری ته‌وراتزانه‌كان بن، كه‌ حه‌زده‌كه‌ن به‌ جلی شۆڕ بگه‌ڕێن و پێیان خۆشه‌ له‌ بازاڕدا سڵاویان لێ بكرێت، له‌ كه‌نیشته‌كان ڕیزی پێشه‌وه‌ بگرن و له‌ ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی میوانداریدا بن. 47 ماڵی بێوه‌ژن ده‌خۆن، بۆ ده‌رخستن نوێژ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌ سزای مه‌زنتر وه‌رده‌گرن!”.

Sélection en cours:

لۆقا 20: PNTZS

Surbrillance

Partager

Copier

None

Tu souhaites voir tes moments forts enregistrés sur tous tes appareils? Inscris-toi ou connecte-toi

YouVersion utilise des cookies pour personnaliser votre expérience. En utilisant notre site Web, vous acceptez l'utilisation des cookies comme décrit dans notre Politique de confidentialité