یوخهننهن بەندی هەشتەم
بەندی هەشتەم
1 ئیشۆع ڕۆیشتە کێوی زەیتوون. 2 ئینجا لە بەرەبەیاندا لە پەرستگەدا ئامادەبوو، هەموو گەل هاتنە لای، ئەویش دانیشت و ئامۆژگاریی کردن. 3 شەریعەتزانەکان و پەڕیشییەکان ئافرەتێکیان هێنایە لای کە لە داوێنپیسیدا گیرابووز کاتێک لە ناوەڕاستدا ڕایانگرت 4 پێیان وت: “ڕابی، ئەم ئافرەتە لە کاتی داوێنپیسیکردندا گیراوە، 5 مووشێش لە شەریعەتدا ڕایسپاردووین ئافرەتی ئاوا بەردباران بکرێت. ئێوە چی دەڵێن؟”. 6 ئەمەیان وت بۆئەوەی تاقیی بکەنەوە، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێبکەن. بەڵام ئیشۆع خۆی چەماندەوە و بە پەنجە لەسەر زەوی دەینووسی. 7 کاتێک بەردەوام بوون لە پرسکردن، هەستاوە و پێی فەرموون: “کامەتان بێتاوانە با یەکەم بێت بەردی تێبگرێت!”. 8 دیسان خۆی چەماندەوە و لەسەر زەوی دەینووسی. 9 ئەوانەی بیستیان، ویژدانیان سەرکۆنەی کردن، یەک لەدوای یەک دەرچوون، دەستپێک لە پیرانەوە پاشان ئەوانی دیکە. ئیشۆع بە تەنها مایەوە، ئافرەتەکەش لەناوەڕاست. 10 کاتێک ئیشۆع ڕاست بووەوە لە ئافرەتەکە زیاتر کەسی نەبینی، پێی فەرموو: “خانم، کوانێ ئەوانەی سکاڵایان لێت دەکرد؟ کەس حوکمی نەدایت؟”. 11 وتی: “کەس، گەورەم!”. ئیشۆع پێی فەرموو: “منیش حوکمت نادەم. بڕۆ ئیتر تاوان مەکە”.
12 دیسان ئیشۆع قسەی بۆ کردن، فەرمووی: “خۆمم ڕووناکیی دونیا. ئەوەی شوێنمکەوێت بە تاریکیدا ڕێناکات، بەڵکو ڕووناکیی ژیانی دەبێت”. 13 پەڕیشییەکان پێیان وت: “تۆ گەواهی بۆ خۆت دەدەیت. گەواهییەکەت ڕەوا نییە”. 14 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “تەنانەت ئەگەر گەواهیش بۆ خۆم بدەم، گەواهییەکەم ڕەوایە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی جەستە حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕەوایە، چونکە بەتەنها نیم، بەڵکو خۆم و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 هەروەها لە شەریعەتەکەشتاندا نووسراوە کە گەواهیی دوو پیاو ڕەوایە: 18 خۆم گەواهیی بۆ خۆم دەدەم، باوکیش کە ناردوومی گەواهیم بۆ دەدات”. 19 پێیان وت: “کوانێ باوکت؟”. ئیشۆع وەڵامی دایەوە: “نە من دەناسن، نە باوکیشم. ئەگەر بمتانناسیبایە باوکیشمتان دەناسی”.
20 ئەم فەرموودانەی لە گەنجینەدا فەرموو، کاتێک لە پەرستگە ئامۆژگاریی دەکرد. کەسیش نەیگرت، چونکە هێشتا کاژێری نەهاتبوو.
21 دیسان ئیشۆع پێی فەرموون: “من دەڕۆم و داوام دەکەن، لەنێو تاوانەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەڕۆم”. 22 جووەکان وتیان: “دەبێ خۆی بکوژێت کە دەڵێت: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەڕۆم؟”. 23 پێی فەرموون: “ئێوە هی خوارەوەن، بەڵام من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم دونیایەن، بەڵام من هی ئەم دونیایە نیم. 24 بۆیە پێموتن: لەنێو تاوانەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە خۆمم، لەنێو تاوانەکانتان دەمرن”. 25 پێیان وت: “تۆ کێیت؟”. ئیشۆع پێی فەرموون: “ئەوەیە کە لە سەرەتاوە پێم وتوون. 26 زۆر شتم لەسەرتان هەیە بێڵێم و حوکم پێبدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی ڕەوایە. هەرچیم لەو بیستووە بە دونیای دەڵێم”. 27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکیان بۆ دەکات. 28 ئیشۆع پێی فەرموون: “کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوکات تێدەگەن کە خۆمم، لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو وەک باوک فێری کردووم قسەدەکەم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە، باوکیش بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەردەم بەگوێرەی ڕەزامەندیی ئەو دەکەم”.
30 کاتێک ئەم قسانەی دەفەرموو، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا. 31 ئیشۆع بە جووەکانی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: “ئەگەر ئێوە لە قسەکەمدا جێگیربن، ئەوا بەڕاستی قوتابیی خۆمن و 32 ئاشنای ڕەوان، ڕەواش ئازادتان دەکات”. 33 وەڵامیان دایەوە: “ئێمە وەچەی ئەوڕاهەمین، هەرگیز بەندەی کەس نەبووینە! ئیتر چۆن دەفەرموویت: ئازاد دەبن؟”. 34 ئیشۆع وەڵامی دانەوە: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: هەر کەسێک تاوان بکات بەندەی تاوانە. 35 بەندە تا جاویدان لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام ڕۆڵە تا جاویدان دەمێنێتەوە. 36 بۆیە ئەگەر ڕۆڵە ئازادی کردن، ئەوا بەڕاستی ئازاد دەبن. 37 من دەزانم ئێوە وەچەی ئەوڕاهەمن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە قسەکەم لەنێوتان جێگەی نییە. 38 چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بینیوە دەیکەن”. 39 وەڵامیان دایەوە، پێیان وت: “باوکمان ئەوڕاهەمە”. ئیشۆع پێی فەرموون: “ئەگەر ڕۆڵەی ئەوڕاهەم بوونایە، کردارەکانی ئەوڕاهەمتان دەکرد! 40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنم دەدەن، منیش مرۆڤێکم کە ئەو ڕەوایەی لە خوداوە بیستم پێموتن. ئەمەش ئەوڕاهەم نەیکردووە. 41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن”. پێیان وت: “بە داوێنپیسی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە”.
42 ئیشۆع پێی فەرموون: “ئەگەر خودا باوکتان بووایە، خۆشتان دەوێم، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. چونکە لەخۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43 بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ناتوانن گوێ لە قسەکەم بگرن. 44 ئێوە لە باوکێکن کە ئیبلیسە، دەتانەوێت بە ئارەزووەکانی باوکتان بکەن. ئەو لە دەستپێکەوە خەڵک کوژ بووە، لە ڕەوادا جێگیر نەبووە، چونکە ڕەوا لەودا نییە. کاتێکیش درۆ دەکات، باسی شتی خۆی دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆزنە. 45 بەڵام من چونکە لەبەرئەوەی ڕەوا دەڵێم باوەڕم پێناهێنن. 46 کامەتان دەتوانێت لەسەر تاوانێک سەرکۆنەم بکات؟ جا ئەگەر ڕەوا دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێناهێنن؟ 47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە فەرموودەی خودا دەگرێت. بۆیە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین”.
48 جووەکان وەڵامیان دایەوە، پێیان وت: “ئایا ڕاست ناڵێین: تۆ شمرنیت و ئەهریمەنت تێدایە؟”. 49 ئیشۆع وەڵامی دایەوە: “من ئەهریمەنم تێدا نییە، بەڵام ڕێز لە باوکم دەنێم، ئێوەش سووکایەتیم پێدەکەن. 50 داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم. هەیە بۆم داوا بکات و حوکم بدات. 51ڕ ەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ئەگەر یەکێک قسەکانم پەیڕەو بکات تا جاویدان مەرگ نابینێت”. 52 جووەکان پێیان وت: “ئێستا زانیمان ئەهریمەنت تێدایە. ئەوڕاهەم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێیت: ئەگەر یەکێک فەرمایشتەکانم پەیڕەو بکات تا جاویدان مەرگ ناچێژێت. 53 تۆ لە ئەوڕاهەمی باوکمان مەزنتریت کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دادەنێیت؟”. 54 ئیشۆع وەڵامی دایەوە: “ئەگەر خۆم شکۆدار بکەم ئەوا شکۆکەم هیچ نییە. باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی خۆتان دەڵێن خودامانە، 55 ناشیناسن. بەڵام خۆم دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن، بەڵام دەیناسم و قسەکانی پەیڕەو دەکەم. 56 ئەوڕاهەمی باوکتان کامەران بوو کە ڕۆژی من ببینێت، جا بینی و دڵخۆش بوو”. 57 جووەکان پێیان وت: “تۆ هێشتا پەنجا ساڵ نیت، ئەوڕاهەمت بینیوە؟”. 58 ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: پێش ئەوەی ئەوڕاهەم ببێت، من هەم”. 59 جا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. بەڵام ئیشۆع لەبەرچاو نەما و لە پەرستگەکە دەرچوو و لەناوەڕاستیان ئاوا ڕۆیشت.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی هەشتەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨