یوخهننهن بەندی نۆیەم
بەندی نۆیەم
1 کاتێک تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو، 2 قوتابییەکانی لێیان پرسی، وتیان: “ڕابی، کێ تاوانی کردووە: ئەمە یان دایبابی، وا بە زگماک نابینایە؟”. 3 ئیشۆع وەڵامی دایەوە: “نە ئەمە تاوانی کردووە نە دایبابیشی، بەڵام تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت. 4 تاکو ڕۆژە، دەبێت کاری ئەوە بکەم کە ناردوومی. ئەگینا شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات. 5 ئەوەندەی لە دونیادام، خۆمم ڕووناکیی دونیا”.
6 ئەمەی فەرموو، تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە، بە قوڕەکەش چاوی سواخ دا. 7 پێی فەرموو: “بڕۆ لە گۆمی (شیلۆیا) واتا: پەیامبەر خۆت بشۆ”. جا ڕۆیشت، شۆردی و بە چاوکراوەیی هاتەوە.
8 دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بە نابینایی بینیبوویان وتیان: “ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت، سواڵی دەکرد؟”. 9 هەندێک وتیان: “خۆیەتی”. هەندێکی دیکە وتیان: “لەو دەچێت”. بەڵام ئەو وتی: “خۆمم”. 10 پێیان وت: “چۆن چاوت کرایەوە؟”. 11 وەڵامی دایەوە، وتی: “کابرایەک پێی دەوترێت ئیشۆع، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: بڕۆ لە گۆمی شیلۆیا خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم، شۆردم و بینیم”. 12 پێیان وت: “کوانێ؟” وتی: “نازانم”.
13 جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو هێنایانە لای پەڕیشییەکان. 14 ئەو ڕۆژەی قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو. 15 پەڕیشییەکانیش لێیان پرسی چۆن بینیت، پێی وتن: “قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم، وا دەبینم”. 16 هەندێک لە پەڕیشییەکان وتیان: “ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە پەیڕەو ناکات”. هەندێکی دیکە وتیان: “چۆن پیاوێکی تاوانبار دەتوانێت پەرجوی ئاوا بکات؟”. ئیتر دووبەرەکییان تێدابوو. 17 دیسان بە نابیناکەیان وت: “تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێیت، کە چاوتی کردەوە؟” وتی: “پێغەمبەرە!”. 18 جووەکان بڕوایان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و وا دەبینێت، تاکو دایبابی ئەویان بانگکرد کە دەبینێت. 19 لێیان پرسین، وتیان: “ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئێستا چۆن دەبینێت؟” 20 دایبابی وەڵامیان دایەوە، وتیان: “دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو. 21 بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت. ناشزانین کێ چاوی کردووەتەوە. خۆی تەمەنی تەواوە. لێی بپرسن، با باسی خۆی بکات”. 22 دایبابی لەترسی جووەکان ئەمەیان وت، چونکە جوو پەیمانیان دابوو کە هەر کەسێک بیدرکێنێت کە ئیشۆع مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریبکەن. 23 بۆیە دایبابی وتیان: “خۆی تەمەنی تەواوە، لێی بپرسن”.
24 دیسان ئەو کابرایەی پێشتر نابینا بوو بانگکرد، پێیان وت: “خودا شکۆدار بکە. خۆمان دەزانین ئەم پیاوە تاوانبارە”. 25 کابرا وەڵامی دایەوە، وتی: “ئەگەر تاوانبارە، نازانم. بەڵام یەک شت دەزانم: نابینا بووم، ئێستا دەبینم”. 26 پێیان وت: “چی لێکردیت؟ چۆن چاوتی کردەوە؟”. 27 وەڵامی دانەوە: “پێموتن گوێتان لێنەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێت بیبیستن؟ ئێوەش دەتانەوێت ببنە قوتابیی ئەو؟”. 28 جنێویان پێی دا، وتیان: “تۆ قوتابیی ئەویت، بەڵام ئێمە قوتابیی مووشێین. 29 ئێمە دەزانین مووشێ خودا لەگەڵی دوواوە، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە”. 30 پیاوەکە وەڵامی دانەوە، پێی وتن: “ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن لەکوێوە هاتووە. 31 دەشزانین خودا گوێ لە تاوانباران ناگرێت. بەڵام ئەگەر یەکێک خوداترس بێت و بە خواستی بکات، ئەوا گوێی لێدەگرێت. 32 بە درێژایی چاخەوە نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای کردبێتەوە. 33 ئەگەر ئەو کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات”. 34 وەڵامیان دایەوە، پێیان وت: “تۆ بە تەواوی لە تاوان لەدایکبوویت، تۆ ئامۆژگاریمان دەکەیت؟”. جا دەریانکرد.
35 ئیشۆع بیستی دەریانکردووە، ئەوی بینی، پێی فەرموو: “باوەڕت بە ڕۆڵەی خودا هەیە؟”. 36 کابرا وەڵامی دایەوە، وتی: “گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێبهێنم؟”. 37 ئیشۆع پێی فەرموو: “ئەوەی بینیت، ئەوەی لەگەڵت دەدوێت، ئەوە خۆیەتی!”. 38 وتی: “گەورەم باوەڕ دەهێنم!”. ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
39 ئیشۆع فەرمووی: “بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم دونیایە، تاکو ئەوانەی نابینن ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن”. 40 ئەوانەی لە پەڕیشییەکان بوون و لەگەڵی بوون کە ئەمەیان بیست، پێیان وت: “ئایا ئێمەش نابیناین؟”. 41 ئیشۆع پێی فەرموون: “ئەگەر نابینا بوونایە تاوانتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا دەڵێن: دەبینین، بۆیە تاوانەکانتان دەمێنێتەوە”.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی نۆیەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨