یوخهننهن بەندی حەوتەم
بەندی حەوتەم
1 پاش ئەمە ئیشۆع بە گلیلادا دەگەڕا، نەیدەویست لە ئیهوودا بگەڕێ، چونکە جوو هەوڵیان دەدا بیکوژن.
2 جەژنی کەپرەکانی جوو نزیکبوو. 3 براکانی پێیان وت: “ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ ئیهوودا، تاکو قوتابییەکانیشت کارەکانت ببینن کە دەیکەیت، 4 چونکە کەس بە شاراوە شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرا بێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت نیشانی دونیا بدە”. 5 چونکە براکانیشی باوەڕیان پێنەبوو. 6 ئیشۆع پێی فەرموون: “جارێک کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7 دونیا ناتوانێت ڕقی لێتان بێت، بەڵام ڕقی لە من دەبێت، چونکە گەواهی لەسەر دەدەم کە کردەوەکانی بەدن. 8 ئێوە سەرکەون بۆ ئەم جەژنە. من هێشتا سەرناکەوم بۆ ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە”. 9 ئەمەی پێ فەرموون و لە گلیلا مایەوە.
10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە سەرکەوتن، ئەوکات ئەویش سەرکەوت بۆ جەژنەکە، نەک بە ئاشکرا، بەڵکو بە شاراوەیی. 11 جوو لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان، دەیانوت: “لەکوێیە؟”. 12 لەنێو کۆمەڵانەکەدا چرپەیەکی زۆری لەسەر بوو. هەندێکیان دەیانوت: “چاکە”. هەندێکی دیکەش دەیانوت: “نەخێر، بەڵکو گەل چەواشە دەکات”. 13 بەڵام کەس لە ترسی جووەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
14 کاتێک نیوەی جەژن بوو، ئیشۆع سەرکەوتە پەرستگە و ئامۆژگاریی دەکرد. 15 جووەکان سەرسام بوون، دەیانوت: “ئەمە کە ئامۆژگاری نەکراوە چۆن لە سیپارەکان دەزانێت؟”. 16 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، فەرمووی: “ئامۆژگاریم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە ئامۆژگاری کردن دەزانێت، ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەوە ڕاستگۆیە و ستەمی تێدا نییە. 19 مووشێ شەریعەتی نەداونەتێ؟ کەسیشتان کار بە شەریعەت ناکات! بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟”
20 کۆمەڵەکە وەڵامیان دایەوە وتیان: “ئەهریمەنت تێدایە؟ کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟”. 21 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “کارێکم کرد، هەموو سەرسام بوون. 22 بۆیە مووشێ خروسەبڕینی پێدان، ئەمە لە مووشێوە نەبوو، بەڵکو لە باوکانەوە بوو. لە شەممەش مرۆڤ خروسەبڕین دەکەن. 23 ئەگەر مرۆڤ لە شەممەدا خروسەی ببڕدرێت تاکو شەریعەتی مووشێ نەشکێت، لێم تووڕە دەبن کە لە شەممە سەراپای مرۆڤێکم ساغ کردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن”.
25 هەندێک لە خەڵکی یروشلایم وتیان: “ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسەدەکات و هیچی پێناڵێن! ڕەنگە سەرۆکەکانمان زانیویانە کە ئەمە بە ڕاستی مەسیحەکەیە؟ 27 بەڵام دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە، مەسیحیش کاتێک دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە”.
28 ئیشۆع کە لە پەرستگە ئامۆژگاریی دەکرد، بانگەوازی کرد، فەرمووی: “دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم، لەخۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەوەی ناردوومی ڕەوایە، ئەوەی ئێوە نایناسن. 29 خۆم دەیناسم چونکە لەوم، ئەو ناردوومی”. 30 جا هەوڵیان دا بیگرن، کەسیش دەستی بەسەردا نەگرت، چونکە هێشتا کاژێری نەهاتبوو. 31 زۆر لە کۆمەڵەکەش باوەڕیان پێهێنا، وتیان: “ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجوی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟”.
32 پەڕیشییەکان بیستیان کۆمەڵەکە چرپەی ئەمانەی لەسەر دەکەن، جا پەڕیشیەکان و کاهینانی باڵا و ڕاژەوانیان نارد تاکو بیگرن. 33 ئیشۆع پێیان فەرموو: “ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34 وا داوام دەکەن و نامدۆزنەمە، ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی منی لێیە”. 35 جووەکان لەنێو خۆیاندا وتیان: “ئەمە بە تەمایە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ دەبێ بۆ پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان بڕوات تاکو ئامۆژگاریی یۆنانییەکان بکات؟ 36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: داوام دەکەن و نامدۆزنەوە و ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی منی لێیە؟”. 37 لەدوایین ڕۆژی مەزنی جەژندا، ئیشۆع ڕاوەستا و بانگەوازی کرد، فەرمووی: “ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بنۆشێت. 38 ئەوەی باوەڕم پێبهێنێت، وەک سیپارەکە فەرموویەتی، لە ناخیەوە ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو ڕێدەکات”. 39 لێرەدا مەبەستی لە گیانەکە بوو، کە خەریک بوو باوەڕداران وەریبگرن، چونکە هێشتا گیانی پارسا نەدرابوو، لەبەرئەوەی هێشتا ئیشۆع شکۆدار نەبووبوو. 40 زۆر لە کۆمەڵەکە کە ئەم قسەیان بیست، وتیان: “ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە”. 41 هەندێکی دیکە وتیان: “ئەمە مەسیحەکەیە!”. هەندێکی دیکەش وتیان: “دەبێت مەسیح لە گلیلاوە بێت؟ 42 ئایا سیپارەکە نافەرمووێت، مەسیح لە ڕەچڵەکی داوید و لە بێتلخمەوە دێت، گوندەکەی داویدی لێبوو؟”. 43 جا بەهۆی ئەو دووبەرەکی کەوتە نێوان کۆمەڵەکە. 44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستی بەسەردا نەگرت.
45ڕ اژەوانەکان هاتنە لای کاهینانی باڵا و پەڕیشییەکان، ئەوانیش پێیان وتن: “بۆچی نەتانهێنا؟”. 46ڕ اژەوانەکان وەڵامیان دایەوە: “هەرگیز کەس وەک ئەم کابرایە قسەی نەکردووە!”. 47 پەڕیشییەکان وەڵامیان دایەوە: “دیارە ئێوەش چەواشە بوون؟ 48 کەس لە سەرۆکەکان یان پەڕیشییەکان باوەڕی پێهێناوە؟ 49 بەڵام ئەم گەلە کە لە تەوارت نازانێت نەفرەتلێکراوە”. 50 نیقادیمۆس کە پێشتر بە شەو هاتبووە لای و یەکێک بوو لەوان. پێی وتن: 51 “ئایا شەریعەتمان مرۆڤێک حوکم دەدات ئەگەر یەکەمجار گوێی لێنەگیردرێت و بزاندرێت چی کردووە؟”. 52 وەڵامیان دایەوە، پێیان وت: “تۆش گلیلاییت؟ بگەڕێ و ببینە! لە گلیلادا پێغەمبەر هەڵنەکەوتووە”. 53 ئیتر هەریەکە چووە ماڵی خۆی.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی حەوتەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨