یوخه‌ننه‌ن بەندی شەشەم

بەندی شەشەم
1 پاش ئەمە ئیشۆع ڕۆیشتە ئەوبەری دەریای گلیلا، کە دەریای تەبەڕیەیە، 2 کۆمەڵانێکی زۆر شوێنی کەوتن، چونکە ئەو نیشانانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد. 3 جا ئیشۆع چووە سەر شاخێک، لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت. 4 جەژنی پەسخەی جوو نزیکبوو. 5 ئیشۆع چاوی هەڵبڕی، کۆمەڵانێکی زۆری بینی دەهاتنە لای، بە پیلیپوسی فەرموو: “لەکوێ نان بکڕین بۆئەوەی ئەمانە بخۆن؟”. 6 ئەمەی فەرموو تاکو تاقیی بکاتەوە، چونکە خۆی زانی بەتەمایە چی بکات. 7 پیلیپوس وەڵامی دایەوە: “بایی دووسەد دیناریش نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەربکەوێت”. 8 یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمعون پەتڕۆس بوو پێی وت: 9 “کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسیی پێیە، بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟”. 10 ئیشۆع فەرمووی: “خەڵکەکە دابنیشێنن”. ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. 11 ئیشۆع نانەکانی برد، سوپاسی کرد، بەسەر قوتابییەکان دابەشیکرد، قوتابییەکانیش بەسەر دانیشتووان دابەشیان کرد. ماسییەکانیش هەر ئاوا، ئەوەندەی ویستیان. 12 کاتێک تێربوون، بە قوتابییەکانی فەرموو: “ئەو لەتەنانەی ماوەتەوە کۆ بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات”. 13 کۆیان کردەوە، دوازدە سەبەتەیان پڕ کرد لەو لەتەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە چێشتخۆران مابووەوە. 14 کاتێک خەڵکەکە بینییان ئیشۆع چ پەرجوێکی کرد، وتیان: “بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە وا بۆ دونیا دێت!”. 15 بەڵام ئیشۆع زانی ئەوان بەتەمان بێن و بیگرن تاکو بیکەنە شا، دیسان بە تەنیا ڕۆیشتە سەر شاخ.
16 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی بۆ لای دەریاکە دابەزین، 17 سواری کەشتیەکە بوون، بە دەریادا بۆ کپەڕناخوم ڕۆیشتن. تاریک داهات، ئیشۆع نەهاتە لایان. 18ڕ ەشەبایەکی مەزن هەڵیکرد و دەریا هەڵچوو. 19 کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ سەوڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی بەسەر ئاوەکەدا ڕێدەکات و لە کەشتییەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان. 20 پێی فەرموون: “خۆمم، مەترسن!”. 21 کە ڕەزامەند بوون سواری کەشتییەکەی بکەن. یەکسەر کەشتییەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.
22 بۆ سبەینێ، ئەو کۆمەڵەی لەوبەری دەریاکە ڕاوەستابوون بینییان لەو کەشتییە زیاتر لەوێ نەبوو، کە قوتابییان چوبوونە نێویەوە، ئیشۆعیش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری کەشتی نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بەتەنها بەڕێکەوتن. 23 بەڵام کەشتیی دیکەش لە تەبەڕیەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێخوارد کە پەروەردگار سوپاسی کرد. 24 کاتێک کۆمەڵەکە بینییان نە ئیشۆع لەوێیە، نە قوتابییەکانی، ئەوانیش چوونە نێو کەشتییەکان و هاتنە کپەڕناخوم، بۆ ئیشۆع دەگەڕان.
25 کە لەوبەری دەریاکە دۆزییانەوە، پێیان وت: “ڕابی، کەی گەیشتنە ئێرە؟”. 26 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، فەرمووی: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ئێوە داوام دەکەن نەک لەبەرئەوەی پەرجوتان بینی، بەڵکو لەبەرئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27 بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە دەفەوتێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی جاویدانی دەمێنێتەوە، ئەوەی ڕۆڵەی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە”. 28 پێیان وت: “چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟”. 29 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ئەو ناردوویەتی”. 30 پێیان وت: “چ پەرجوێک دەکەیت تاکو ببینین و باوەڕت پێبهێنین؟ چی دەکەیت؟ 31 باوکانمان لە دەشتودەر گەزۆیان خوارد، وەک نووسراوە: { لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن}”.
32 ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: مووشێ نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستەقینەتان دەداتێ، 33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە دونیا”. 34 پێیان وت: “گەورەم، هەردەم ئەو نانەمان بدەنێ”. 35 ئیشۆع پێی فەرموون: “خۆمم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسیی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێبهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. 36 بەڵام پێموتن: منتان بینی، باوەڕیش ناهێنن. 37 هەر کەسێک باوک پێمی دەدات دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، دەری ناکەم. 38 چونکە لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک تاکو بە خواستی خۆم بکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. 39 ئەمەش خواستی ئەوەیە کە ناردوومی: هەر کەسێکی پێداوم نەیدۆڕێنم، بەڵکو لە دواڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە. 40 چونکە خواستی باوکم ئەمەیە: هەر کەسێک ڕۆڵە ببینێت و باوەڕی پێبهێنێت ژیانی جاویدانیی دەبێت، منیش لە دواڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە”.
41 جووەکان بۆڵەبۆڵیان لەسەر دەکرد، لەبەرئەوەی فەرمووی: “خۆمم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە”. 42 وتیان: “ئەمە ئیشۆعی کوڕی یۆسپ نییە، کە باوک و دایکی دەناسین؟ چۆن ئەمە دەڵێت: لە ئاسمانەوە دابەزیوم؟” 43 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “لەنێو خۆتان بۆڵەبۆڵ مەکەن. 44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە دواڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە. 45 لە پێغەمبەراندا نووسراوە: { هەموو لە خوداوە فێردەبن}. جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 کەس باوکی نەبینیوە بێجگەلەوەی لە خوداوەیە. ئەوە باوکی بینیوە. 47ڕ ەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێبهێنێت ژیانی جاویدانیی هەیە. 48 خۆمم نانی ژیان. 49 باوکانتان لە دەشتودەردا گەزۆیان خوارد و مردن. 50 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو مرۆڤ لێی بخوات و نەمرێت. 51 خۆمم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزی. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات تا جاویدان دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی دونیا دەیبەخشم، جەستەمە”.
52 جوو لەنێو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو، دەیانوت: “ئەمە چۆن دەتوانێت جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟”. 53 ئیشۆع پێی فەرموون: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ئەگەر جەستەی ڕۆڵەی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە نێوتاندا نابێت. 54 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بنۆشێت ژیانی جاویدانیی هەیە، منیش لە دواڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە، 55 چونکە جەستەم خۆراکی ڕەوایە، خوێنیشم نۆشینی ڕەوایە. 56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بنۆشێت لێم جێگیر دەبێت، منیش لە ئەودا. 57 وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بە باوک زیندووم، ئەوەش بمخوات پێم دەژیێت. 58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. نەک وەک ئەوەی باوکانتان گەزۆیان خوارد و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات تا جاویدان دەژیێت”. 59 ئەمەی لە کەنیشتێکدا فەرموو، کە لە کپەڕناخوم ئامۆژگاریی دەکرد.
60 زۆر لە قوتابییەکانی کە بیستیان، وتیان: “ئەم فەرموودەیە قورسە! کێ دەتوانێت بیبیستێت؟”. 61 ئیشۆع لە ناخیدا زانی قوتابییەکانی لەسەر ئەمە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: “ئەمە ساتمەتان پێدەکات؟ 62 ئەگەر ببینن ڕۆڵەی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەمجار لێیبوو! 63 گیان ژیان دەدات. بەڵام جەستە هیچ کەڵکی نییە. ئەم قسانەی پێتان دەڵێم گیان و ژیانن، 64 بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناهێنن”. چونکە ئیشۆع لە سەرەتاوە ئاشنای ئەوانە بوو کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها کێیە ئەوەی ڕادەستی دەکات. 65 فەرمووی: “بۆیە پێموتن: کەس ناتوانێت بێتە لام، ئەگەر لە باوکەوە پێی نەدرابێت”. 66 لەو کاتەوە زۆر لە قوتابییەکانی گەڕانەوە، ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان. 67 ئیشۆع بە دوازدەکەی فەرموو: “ئەی ئێوەش ناتانەوێت بڕۆن؟”. 68 شیمعون پەتڕۆس وەڵامی دایەوە: “پەروەردگار، بچینە لای کێ؟ فەرموودەی ژیانی جاویدانی لەلاتانە، 69 ئێمە باوەڕمان هێنا و زانیمان کە ئێوە مەسیحن ڕۆڵەی خودای زیندوو”. 70 ئیشۆع وەڵامی دانەوە: “ئایا خۆم ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەێکتان ئەهریمەنە!”. 71 ئەو باسی ئیهوودای شیمعونی ئەسخەریوتیی دەفەرموو، چونکە بەتەمابوو ڕادەستی بکات کە یەکێکە لە دوازدەکە.

Subratllat

Copia

Compara

Comparteix

None

Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió