یوخهننهن بەندی پێنجەم
بەندی پێنجەم
1 پاش ئەوە جەژنێکی جووەکان هەبوو، ئیشۆع سەرکەوتە یروشلایم. 2 لە یروشلایم لەلای دەروازەی کاوڕ ئەستێرکێک هەبوو بە عیبری پێیان دەوت (بتحەسدا)، پێنج هەیوانی هەبوو. 3 لەوێ جەماوەرێکی زۆر پاڵکەوتبوون، نەخۆش و نابینا و شەل و گۆج، چاوەڕێی جووڵانی ئاوەکە بوون. 4 چونکە هەندێک جار فریشتەیەک بۆ گۆمەکە دادەبەزی و ئاوەکەی دەجووڵاند. جا ئەوەی یەکەم کەس بچووبووایە نێو گۆمەکە، لە هەر نەخۆشییەک هەیبووایە ساغ دەبووەوە. 5 کابرایەک لەوێ بوو سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. 6 ئیشۆع ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە، زانی ماوەیەکی درێژە وایە، پێی فەرموو: “دەتەوێت ساغ بیتەوە؟”. 7 نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: “گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجووڵێت کەسم نییە بمخاتە نێو گۆمەکە. کاتێکیش دێم، یەکێکی دیکە پێشم دەچێتە نێوی”. 8 ئیشۆع پێی فەرموو: “هەستە. نوێنەکەت هەڵگرە و ڕێبکە”. 9 یەکسەر کابرا ساغ بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕێی کرد. ئەو ڕۆژەش شەممە بوو.
10 جووەکان بە ساغ بووەوەیان وت: “شەممەیە! دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت”. 11 وەڵامی دانەوە: “ئەوەی ساغی کردمەوە ئەو پێی فەرمووم: نوێنەکەت هەڵگرە و ڕێبکە”. 12 لێیان پرسی: “ئەو پیاوە کێیە کە پێی وتی: نوێنەکەت هەڵگرە و ڕێبکە؟”. 13 بەڵام ساغ بووەوەکە نەیدەزانی کێیە، چونکە ئیشۆع لەنێو کۆمەڵەکە خۆی کێشایەوە. 14 پاش ئەوە ئیشۆع ئەوەی لە پەرستگە بینییەوە، پێی فەرموو: “ئەوەتا ساغ بوویتەوە، ئیتر تاوان مەکە، نەوەک بەدترت بەسەر بێت”. 15 کابراش ڕۆیشت، بە جووەکانی وت کە ئیشۆع بووە ساغی کردووەتەوە.
16 بۆیە جووەکان ئیشۆعیان قاودەدا و هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە ئەمەی لە شەممەدا کرد. 17 ئیشۆع وەڵامی دانەوە: “تا ئێستا باوکم کاردەکات، منیش کار دەکەم”. 18 لەبەرئەمە جووەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند، بەڵکو دەیفەرموو کە خودا باوکییەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.
19 ئیشۆع وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ڕۆڵە ناتوانێت لەخۆیەوە شتێک بکات تەنها ئەوەی کە دەبینێت باوک دەیکات. چونکە هەرچی ئەو دەیکات، ڕۆڵەش هەمان شت دەکات. 20 چونکە باوک ڕۆڵەی خۆشدەوێت و هەموو کارەکانی خۆیی نیشان دەدات، کاری لەمانەش مەزنتری نیشان دەدات، تاکو ئێوە سەرسام بن. 21 چونکە وەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، ڕۆڵەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22 چونکە باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە ڕۆڵە، 23 تاکو هەمووان ڕێزی لە ڕۆڵە بنێن هەروەک ڕێز لە باوک دەنێن. ئەوەی ڕێز لە ڕۆڵە نەنێت، ڕێز لە باوکیش نانێت کە ناردوویەتی.
24 “ڕەوا ڕەواتان پێدەڵێم: ئەوەی قسەکەم ببیستێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی، ژیانی جاویدانیی دەبێت و نایەتە حوکمدان، بەڵکو لە مەرگەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25ڕ ەوا ڕەواتان پێدەڵێم: کاژێرێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی ڕۆڵەی خودا دەبیستن، بیسەرانیش دەژین. 26 چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە ڕۆڵەشی داوە ژیانی لەخۆیدا هەبێت، 27 دەسەڵاتی حوکمدانیشی پێداوە، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤە. 28 لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاژێرێک دێت هەموو ئەوانەی لەنێو گۆڕدان دەنگی دەبیستن، 29 ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە بۆ هەستانەوەی ژیان دەردەچن، ئەوانەش کە کرداری خراپیان کردووە بۆ هەستانەوەی حوکمدان. 30 من لەخۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەردانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی نادروومی.
31 “ئەگەر گەواهی بۆ خۆم بدەم گەواهییەکەم ڕەوا نییە. 32 یەکێکی دیکە گەواهیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو گەواهییەی بۆمی دەدات ڕەوایە. 33 لەدوای یوخەننەنتان نارد، ئەویش گەواهیی بۆ ڕەوا دا. 34 من گەواهی لە مرۆڤ پەسەند ناکەم، بەڵام ئەمە دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن. 35 ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و ڕۆشنا بوو، ئێوەش دەتانەویست کاژێرێک بە ڕووناکییەکەی خۆشحاڵ بن. 36 بەڵام من گەواهییەکم هەیە لەوەی یوخەننەن مەزنترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێی داوم تەواوی بکەم، خودی ئەو کارانە گەواهیم بۆ دەدەن کە باوکم ناردوومی. 37 خودی باوکیش کە ناردوومی گەواهیم بۆ دەدات. ئیوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38 فەرمایشتەکەشی لەنێوتان جێگیر نییە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێناهێنن. 39 سیپارەکان بپشکنن، چونکە دەزانن ژیانی جاویدانیتانی تێدایە. ئەوانەش گەواهیم بۆ دەدەن. 40 ناشتانەوێت بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.
41 “شکۆ لە خەڵک پەسەند ناکەم. 42 بەڵام ناسیمن کە خۆشویستنی خوداتان لە ناخدا نییە. 43 بەناوی باوکمەوە هاتووم، پەسەندیشم ناکەن. ئەگەر یەکێکی دیکە بەناوی خۆیەوە بێت، پەسەندی دەکەن. 44 چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆ لە یەکتری وەربگرن، کەچی ئەو شکۆیەی لە تاکە خوداوەیە داوا ناکەن؟
45 “وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێدەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێبکات، کە مووشێیە، ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46 چونکە ئەگەر بڕواتان بە مووشێ بکردایە، بڕواتان بە منیش دەکرد، چونکە دەربارەم نووسیویەتی. 47 ئەگەر بڕوا بە پەرتووکەکانی ئەو نەکەن، چۆن بڕوا بە وتەکانم دەکەن؟”.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی پێنجەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨