یوخهننهن بەندی چوارەم
بەندی چوارەم
1 کاتێک پەروەردگار زانی کە پەڕیشییەکان بیستیان کە ئیشۆع لە یوخەننەن زیاتر قوتابی دروست دەکات و عەمادیان دەکات، 2 هەرچەندە ئیشۆع خۆی عەمادی نەدەکرد، بەڵکو قوتابییەکانی، 3 ئیهوودای بەجێهێشت، گەڕایەوە بۆ گلیلا. 4 جا دەبووایە بە شمرندا تێپەڕێت. 5 گەیشتە شارێکی شمرنی پێی دەوترا سوخار، نزیک ئەو زەویەی یاقوو دابوویە یۆسپی کوڕی. 6 چاڵاوای یاقووش لەوێ بوو. جا ئیشۆع لە گەشتەکە ماندوو بووبوو، لەلای چاڵاوەکە دانیشت، نزیکەی کاژێری دوازدە بوو. 7 ئافرەتێکی شمرنی هات ئاو بکێشێت، ئیشۆع پێی فەرموو: “بمدەرێ بنۆشم”. 8 قوتابییەکانیشی چووبوونە شار تاکو چێشت بکڕن. 9 ئافرەتە شمرنییەکە پێی وت: “تۆ جوویت، منیش ئافرەتێکی شمرنیم، چۆن داوام لێدەکەیت بنۆشیت؟”. چونکە جوو تێکەڵی شمرنییەکان نابن. 10 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: “ئەگەر بەخششی خودات دەزانی و دەتزانی کێیە ئەوەی پێت دەڵێت بمدەرێ بنۆشم، ئەوا خۆت داوات لێدەکرد، ئەویش ئاوی زیندووی پێدەدایت”. 11 ئافرەتەکە پێی وت: “گەورەم، دۆلکەت پێ نییە، چاڵاوەکەش قووڵە. ئاوی زیندووت لەکوێ بوو؟ 12 خۆ لە یاقووی باوکمان مەزنتر نیت کە چاڵاوەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتیشی لێیان نۆشی؟”. 13 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: “هەر کەسێک لەم ئاوە بنۆشێت تینووی دەبێتەوە. 14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بنۆشێت کە خۆم دەیدەمێ، تا جاویدان تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی دەیدەمێ تیایدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت و ژیانی جاویدانی دەبەخشێت”. 15 ئافرەتەکەش پێی وت: “گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان”. 16 ئیشۆع پێی فەرموو: “بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە”. 17 ئافرەتەکە وەڵامی دایەوە، وتی: “مێردم نییە”. ئیشۆع پێی فەرموو: “ڕاست دەکەیت کە دەڵێیت مێردم نییە. 18 چونکە پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ڕاست دەکەیت”. 19 ئافرەتەکە پێی وت: “گەورەم، دەبینم ئێوە پێغەمبەرن! 20 باوکانمان لەسەر ئەم شاخە کڕنۆشیان برد، ئێوەش دەڵێن پروشلایم ئەو شوێنەیە کە پێویستە کڕنۆشی تیادا ببرێت”. 21 ئیشۆع پێی فەرموو: “خانم، بڕوام پێبکە، کاژێرێک دێت نە لەم شاخە، نە لە یروشلایم کڕنۆش بۆ باوکەکە دەبەن. 22 ئەوەی ئێوە کڕنۆشی بۆ دەبەن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە کڕنۆشی بۆ دەبەین دەیناسین. چونکە ڕزگاری لە جووەوەیە. 23 بەڵام کاژێرێک دێت وا ئێستایە کە کڕنۆشبەرە ڕاستەقینەکان بە گیان و ڕەوا کڕنۆش بۆ باوکەکە دەبەن، چونکە باوکەکە داوای ئەم جۆرە کڕنۆشبەرانە دەکات. 24 خودا گیانە. پێویستە ئەوانەی کڕنۆشی بۆ دەبەن، بە گیان و ڕەوا کڕنۆشی بۆ ببەن”. 25 پێی وت: “دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەوترێت مەسیح. کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت”. 26 ئیشۆع پێی فەرموو: “خۆمم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات”.
27 لێرەدا قوتابییەکانی هاتن، سەرسام بوون کە لەگەڵ ئافرەتێک دەدوێت. بەڵام کەس نەیوت: “چیت دەوێت؟” یان “بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟”. 28 ئافرەتەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، ڕۆیشتە شار، بە خەڵکی وت: 29 “وەرن کەسێکم بینی هەرچییەکەم کردووە پێی فەرمووم. دەبێت ئەوە مەسیح نەبێت؟”. 30 لە شار دەرچوون و هاتنە لای.
31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێکرد، وتیان: “ڕابی، بخۆن!”. 32 پێی فەرموون: “چێشتێکم هەیە بیخۆم، کە ئێوە نایزانن”. 33 قوتابییەکانیش بە یەکترییان وت: “کەس هیچی بۆ نەهێناوە بیخوات؟”. 34 ئیشۆع پێی فەرموون: “چێشتم ئەوەیە بە خواستی ئەوە بکەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ناڵێن: پاش چوار مانگ دروێنە دێت؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن، تەماشای کێڵگەکان بکەن وا سپی هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بەرهەم کۆدەکاتەوە بۆ ژیانی جاویدانی، تاکو تۆودەر و سەپان پێکەوە دڵخۆش بن. 37 چونکە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: یەکێک تۆو دەکات، یەکێکی دیکە دروێنە دەکات. 38 ناردوومن بۆ دروێنەیەک کە پێوەی ڕەنج نادەن. کەسانی دیکە ڕەنج دەدەن، ئێوە هاتنە سەر ڕەنجدانیان”.
39 زۆر لە شمرنییەکانی ئەو شارە باوەڕیان پێ هێنا، لەبەر قسەی ئەو ئافرەتەی کە گەواهیی دا، وتی: “هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم”. 40 کاتێک شمرنییەکان هاتنە لای، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. 41 زۆر زیاتریش بەهۆی فەرموودەکانیانەوە باوەڕیان پێ هێنا. 42 بە ئافرەتەکەیان وت: “ئیتر بە قسەت نییە کە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەمە بە ڕاستی مەسیحی ڕزگاریدەری دونیایە”.
43 پاش ئەو دوو ڕۆژە لەوێوە ڕۆیشتە گلیلا، 44 چونکە ئیشۆع خۆی گەواهیی دا کە “پێغەمبەر لە نیشتمانی خۆی ڕێزی لێنانرێت”. 45 کاتێک هاتە گلیلا، گلیلاییەکان پەسەندیان کرد، چونکە ئەوانیش هاتبوونە جەژن و هەموو ئەوانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە یروشلایم کردبووی. 46 دیسان ئیشۆع هاتەوە قەتنێی گلیلا، کە لەوێ ئاوەکەی کردە مەی، ڕاژەوانێکی شا کوڕەکەی لە کپەڕناخوم نەخۆش بوو. 47 کاتێک ئەمە بیستی ئیشۆع لە ئیهووداوە هاتووەتە گلیلا، چووە لای، لێی پاڕایەوە کە دابەزێت و کوڕەکەی ساغ بکاتەوە، چونکە لە سەرەمەرگدا بوو. 48 ئیشۆع پێی فەرموو: “ئەگەر پەرجو و کاری سەیر نەبینن باوەڕ ناهێنن”. 49ڕ اژەوانەکەی شا پێی وت:
“گەورەم، دابەزن پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت”. 50 ئیشۆع پێی فەرموو: “بڕۆ! کوڕەکەت زیندووە”. پیاوەکە باوەڕی بەو فەرمایشتەی هێنا کە ئیشۆع پێی فەرموو و ڕۆیشت. 51 کە دادەبەزی، بەندەکانی چوونە پێشوازی، وتیان: “کوڕەکەت زیندووە”. 52 جا سەبارەت بەو کاژێرەی تێیدا ساغ بووبووەوە لێیان پرسی، پێیان وت: “دوێنی کاژێری یەک تاکە بەریدا”. 53 باوکەکە تێگەیشت کە لەو کاژێرە بوو ئیشۆع پێی فەرموو: “کوڕەکەت زیندووە”. جا خۆی و هەموو بنەماڵەکەی باوەڕیان هێنا. 54 ئەمەش پەرجوی دووەم بوو ئیشۆع کردی، کە لە ئیهووداوە هاتە گلیلا.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی چوارەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨