یوخهننهن بەندی سێیەم
بەندی سێیەم
1 کابرایەک لە پەڕیشییەکان هەبوو بەناوی نیقادیمۆس، ڕابەرێکی جووەکان بوو. 2 بە شەو هاتە لای ئیشۆع، پێی وت: “ڕابی، دەزانین ئامۆژگارێکن لەلای خوداوە هاتوون، چونکە کەس ناتوانێت ئەو نیشانانە بکات کە دەیکەن، ئەگەر خودایان لەگەڵ نەبێت”. 3 ئیشۆعیش وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: “ڕەوا ڕەوات پێدەڵێم: ئەگەر یەکێک لە سەرەوە لەدایک نەبێت، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت”. 4 نیقادیمۆس پێی وت: “مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایکبێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایکبێتەوە؟”. 5 ئیشۆع وەڵامی دایەوە: “ڕەوا ڕەوات پێدەڵێم: ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە گیان لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە نێو شانشینی خودا. 6 لەدایکبووی جەستە جەستەیە، لەدایکبووی گیانیش گیانە. 7 سەرسام مەبە کە پێم وتی: دەبێت لە سەرەوە لەدایک ببنەوە. 8 با بۆ کوێی بووێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێیوە دێت و بۆ کوێ دەڕوات. هەر کەسیش لە گیانەکە لەدایکبووە ئاوایە”.
9 نیقادیمۆس وەڵامی دایەوە، پێی وت: “چۆن شتی وا دەبێت؟”. 10 ئیشۆع وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: “تۆ ڕابییەکی ئیسڕائیلست، ئەمەش نازانیت! 11ڕ ەوا ڕەوات پێدەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین، ئەوەی دەیبینین گەواهیی بۆ دەدەین، گەواهیمان پەسەند ناکەن. 12 باسی زەمینییەکانم بۆ کردن، باوەڕ ناهێنن، ئیتر چۆن باوەڕ دەهێنن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ 13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان بێجگەلەوەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە، ڕۆڵەی مرۆڤ کە لە ئاسماندایە.
14 “وەک مووشی لە دەشتودەر مارەکەی بەرزکردەوە، ئاواش دەبێت ڕۆڵەی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، 15 تاکو هەر کەسێک باوەڕی پێبهێنێت نەفەوتێت بەڵکو ژیانی جاویدانیی هەبێت. 16 چونکە وەها خودا دونیای خۆشویست، تەنانەت ڕۆڵە تاقانەکەیی بەخشی، تاکو هەر کەسێک باوەڕی پێبهێنێت نەفەوتێت بەڵکو ژیانی جاویدانیی هەبێت. 17 چونکە خودا ڕۆڵەی نەناردە دونیا تاکو دونیا حوکم بدات، بەڵکو تاکو دونیای پێ ڕزگار بکات. 18 ئەوەی باوەڕی پێبهێنێت حوکم نادرێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، لەبەرئەوەی باوەڕی بەناوی ڕۆڵە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. 19 ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە دونیا، خەڵک تاریکییان لە ڕووناکییەکە زیاتر خۆشویست، چونکە کردەوەکانیان بەد بوو. 20 چونکە هەر کەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکیەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرا بن. 21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕەوا دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوە کراون”.
22 پاش ئەمە ئیشۆع و قوتابییەکانی هاتنە زەویی ئیهوودا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و عەمادی دەکرد. 23 یوخەننەنیش لە عینیۆن نزیک شالم عەمادی دەکرد، چونکە لەوێ ئاوی زۆر هەبوو، ئیتر دەهاتن، عەماد دەکران. 24 هێشتا یوخەننەن نەخرابووە زیندانەوە.
25 دەربارەی بێگەردی، گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یوخەننەن و جووەکان. 26 هاتنە لای یوخەننەن، پێیان وت: “ڕابی، ئەوەی لەوبەری یوردنەن لەگەڵت بوو، ئەوەی گەواهییت بۆ دا، ئەوەتا عەماد دەکات و هەمووان دێنە لای”. 27 یوخەننەن وەڵامی دایەوە، فەرمووی: “مرۆڤ ناتوانێت شتێک وەربگرێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەبەخشرابێت. 28 خۆتان گەواهیم بۆ دەدەن کە وتم: من مەسیح نیم، بەڵکو پێشی نێردراوم. 29 ئەوەی بووکەکەی هەیە زاوایە، بەڵام هاوڕێی زاوا کە ڕاوەستاوە و دەیبیستێت لەبەر دەنگی زاوا زۆر دڵخۆش دەبێت. کەواتە ئەم خۆشییەم هاتەدی. 30 پێویستە ئەو زیاد بکەن، منیش کەم. 31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە، ئەوەش لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە، 32 گەواهیی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، کەسیش گەواهییەکەی پەسەند ناکات. 33 ئەوەی گەواهییەکەی پەسەند دەکات، مۆری دەکات کە خودا ڕاستگۆیە. 34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە فەرموودەی خودا دەدوێت. چونکە خودا بە ئەندازە گیان نابەخشێت. 35 باوک ڕۆڵەی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36 ئەوەی باوەڕ بە ڕۆڵە بهێنێت ژیانی جاویدانیی هەیە. ئەوەش باوەڕ بە ڕۆڵە نەهێنێت ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت”.
S'ha seleccionat:
یوخهننهن بەندی سێیەم: PNTZS
Subratllat
Copia
Compara
Comparteix
Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨