YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 5

5
1 ئینجا گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌، بۆ هه‌رێمی گه‌ده‌رین. 2 كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی، یه‌كسه‌ر له‌نێو گۆڕستان پیاوێكی تووشبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، 3 له‌نێو گۆڕه‌كان ده‌ژیا، ته‌نانه‌ت به‌ زنجیریش كه‌س نه‌یده‌توانی بیبه‌ستێته‌وه‌. 4 چونكه‌ زۆر جار به‌ كۆت و زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، به‌ڵام زنجیره‌كانی پچڕاند و كۆته‌كانیشی شكاند، كه‌سیش نه‌یتوانی ملكه‌چی بكات. 5 شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام له‌ چیاكان و له‌ نێو گۆڕستاندا بوو، هاواری ده‌كرد و به‌ به‌رد له‌شی خۆی بریندار ده‌كرد. 6 كاتێ له‌ دووره‌وه‌ ئیشۆعی بینی، ڕایكرد و كڕنۆشی بۆ برد. 7 به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “چیت له‌ من ده‌وێت، ئه‌ی ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودا، ئه‌شكه‌نجه‌م مه‌ده‌!” 8 چونكه‌ پێی فه‌رمووبوو: “ئه‌ی ڕووحی گڵاو، له‌م مرۆڤه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” 9 ئینجا لێی پرسی: “ناوت چییه‌؟” پێی وت: “ناوم لیجیۆنه‌، چونكه‌ ئێمه‌ زۆرین”. 10 زۆریش لێی پاڕایه‌وه‌ نه‌یاننێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌. 11 له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌د شاخه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕان، 12 هه‌موو شه‌یتانه‌كان لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “بماننێره‌ نێو به‌رازه‌كان، با بچینه‌ نێویان”. 13 ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ڕێی پێدان. ڕووحه‌ گڵاوه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كان، ئینجا ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاكه‌ ته‌ووژمیان برد، نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوون، له‌نێو ده‌ریاكه‌ خنكان. 14 به‌رازه‌وانه‌كان هه‌ڵاتن، هه‌واڵیان دایه‌ شار و گونده‌كان. ئه‌وانیش هاتن تاكو ببینن چی ڕوویداوه‌. 15 هاتنه‌ لای ئیشۆع، بینییان ئه‌وه‌ی لیجۆنه‌كه‌ی تێدابوو، دانیشتووه‌ و پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، جا ترسان. 16 ئه‌وانه‌ش كه‌ بینیبوویان چی به‌سه‌ر شێته‌كه‌ و به‌رازه‌كان هات، بۆیان گێڕانه‌وه‌. 17 ئیتر ده‌ستیانكرد به‌ پاڕانه‌وه‌ لێی تاكو له‌ ناوچه‌كه‌یان بڕوات. 18 كاتێ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، ئه‌وه‌ی كه‌ شێت بوو، لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت. 19 ڕێگا‌ی نه‌دا، به‌ڵكو پێی فه‌رموو: “بڕۆ نێو ماڵ و كه‌سوكارت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ په‌روه‌ردگار چی بۆت كردووه‌ و چۆن به‌زه‌یی پێت هاته‌وه‌”. 20 جا ڕۆیشت و له‌ ده‌ شاره‌كه‌دا ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌وازی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع بۆی كردبوو. هه‌مووان سه‌رسام بوون.
21 دیسان ئیشۆع به‌ كه‌شتیه‌كه‌ په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌ده‌م ئاوه‌كه‌ بوو كۆمه‌ڵێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه‌. 22 یه‌كێک له‌ پێشه‌وایانی كه‌نیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، كاتێ ئیشۆعی بینی، له‌به‌رپێی كه‌وت و 23 زۆر لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ دواهه‌ناسه‌دایه‌، بریایه‌ بێیت و ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ تاكو چاكبێته‌وه‌ و بژیێت!”. 24 ئیشۆع له‌گه‌ڵی چوو، كۆمه‌ڵانێكیش دوای كه‌وت و پاڵه‌په‌ستۆی لێ ده‌كرد.
25 ژنێک دوازده‌ ساڵ بوو خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو. 26 به‌ ده‌ستی زۆر پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌رجی كردبوو، هیچ سوودیشی نه‌بوو، به‌ڵكو خراپتر ببوو. 27 كاتێ باسی ئیشۆعی بیستبوو، هاته‌ نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ و له‌ دواوه‌ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌ی دا، 28 چونكه‌ وتبوو: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ كراسه‌كه‌ی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. 29 یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و له‌ له‌شیدا هه‌ستی به‌ چاكبوونه‌وه‌ كرد له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی. 30 یه‌كسه‌ر ئیشۆعیش زانی هێزێک لێی ده‌رچوو، ئاوڕی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كێ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌م دا؟” 31 قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌بینیت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆت لێده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌فه‌رمووی كێ ده‌ستی لێدام؟” 32 چاوی ده‌گێڕا، تاكو بزانێت كێ بوو وایكرد. 33 ژنه‌كه‌ش به‌ ڕووداوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانی، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ هات، له‌به‌رده‌می كه‌وت و هه‌مووی به‌ ڕاستی پێ وت. 34 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ و له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاكببه‌وه‌”.
35 كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، كه‌سانێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هاتن، وتیان: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر بۆ ڕابی ماندوو ده‌كه‌یت؟”. 36 ئیشۆع گوێی به‌ قسه‌كه‌یان نه‌دا، به‌ پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشتی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت”. 37 نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێت، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقوو نه‌بێت. 38 هاتنه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشت، بینی هه‌رایه‌، گریان و شیوه‌نێكی زۆر. 39 چووه‌ ژووره‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی هه‌راتانه‌ و ده‌گریێن؟ كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. 40 پێی پێكه‌نین. به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌، دایک و باوكی كچه‌كه‌ی برد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كچه‌كه‌ی لێبوو. 41 ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت و پێی فه‌رموو: “تالیتا قووم!” واتا: كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌! 42 كچه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ستا و ڕێیكرد، چونكه‌ دوازده‌ ساڵان بوو، جا زۆر سه‌رسام بوون. 43 زۆریش ڕایسپاردن كه‌س به‌مه‌ نه‌زانێت و فه‌رمووی شتێكی بده‌نێ با بیخوات.

Currently Selected:

مه‌رقوس 5: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy