YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 4

4
1 دیسان ئیشۆع له‌ كه‌ناری ده‌ریا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری، كۆمه‌ڵانێک لێی كۆبووه‌وه‌، وایلێهات بچێته‌ نێو كه‌شتیه‌كی نێو ئاوه‌كه‌ دانیشێت، هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ نزیک ئاوه‌كه‌ له‌سه‌ر وشكایی بوون.
2 به‌ په‌ند زۆر شتی فێركردن، له‌ ئامۆژگاریه‌كه‌یدا پێی ده‌فه‌رموون: 3 “گوێبگرن! تۆوده‌ر چوو تۆو بكات. 4 كه‌ تۆوی ده‌كرد، هه‌ندێكی كه‌وته‌ سه‌ر ڕێگا، باڵنده‌ هاتن و خواردیانن. 5 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وییه‌كی به‌رده‌ڵان كه‌ گڵی زۆر نه‌بوو، خێرا ڕوان، له‌به‌رئه‌وه‌ی قووڵی گڵی نه‌بوو. 6 كه‌ ڕۆژ هه‌ڵهات سووتا و وشک بوو، چونكه‌ ڕه‌گی نه‌بوو. 7 هه‌ندێكیشیان كه‌وته‌ نێو دڕكان، دڕكه‌كان گه‌وره‌ بوون و خنكاندیانن و به‌رهه‌میان نه‌دا. 8 هه‌ندێكیش كه‌وته‌ نێو زه‌وییه‌كی باش، سه‌وز بوو، گه‌شه‌ی كرد و به‌رهه‌میان دا، یه‌ک به‌ سی و یه‌ک به‌ شه‌ست و یه‌ک به‌ سه‌د”. 9 ئینجا فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی دوو گویێ هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت!”
10 كاتێ به‌ ته‌نها بوو، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروپشتی بوون له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌، ده‌رباره‌ی په‌ندكه‌ لێیان پرسی. 11 ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “نهێنیی پاشایه‌تیی خودا به‌ ئێوه‌ دراوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن هه‌موو شتێک به‌ په‌ند بۆیان دێته‌وه‌. 12 بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌یركردن سه‌یر بكه‌ن، به‌ڵام نه‌بینن، به‌ بیستن ببیستن، به‌ڵام تێنه‌گه‌ن، نه‌وه‌ک بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ببه‌خشرێن!” 13 ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا ئه‌م په‌نده‌ تێنه‌گه‌یشتن؟ ئه‌ی چۆن هه‌موو په‌ندكان تێده‌گه‌ن؟ 14 تۆوده‌ر وشه‌كه‌ تۆو ده‌كات. 15 ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ڕێگان، كه‌ وشه‌كه‌یان لێ تۆو ده‌كرێت، كاتێ ده‌یبیستن یه‌كسه‌ر شه‌یتان دێت و ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌بات كه‌ تیایاندا تۆوكراوه‌. 16 ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌ڵانه‌كه‌ تۆوكران، ئه‌مانه‌ كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن یه‌كسه‌ر به‌ خۆشییه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن. 17 به‌ڵام ڕه‌گیان نییه‌، بۆ ماوه‌یه‌كن، دواتر ئه‌گه‌ر له‌پێناوی وشه‌كه‌ بكه‌ونه‌ ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌، یه‌كسه‌ر ساتمه‌ده‌كه‌ن. 18 ئه‌مانی دیكه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ له‌نێو دڕكان تۆوكران، ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ن كه‌ وشه‌كه‌ ده‌بیستن، 19 به‌ڵام خه‌مه‌كانی جیهان و فریوی سامان و ئاره‌زووی شته‌كانی دیكه‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌ و وشه‌كه‌ ده‌خنكێنن، ئیتر بێ به‌رهه‌م ده‌بن. 20 ئه‌مانه‌ش ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی چاک تۆوكران، ئه‌وانه‌ی وشه‌كه‌ ده‌بیستن و وه‌ریده‌گرن و به‌رهه‌م ده‌ده‌ن، یه‌ک به‌ سی و یه‌ک به‌ شه‌ست و یه‌ک به‌ سه‌د”.
21 ئینجا پێی فه‌رموون: “ئایا چرا هه‌ڵده‌كرێت تاكو بخرێته‌ ژێر ته‌شت یاخود نوێنه‌وه‌؟ ئایا له‌سه‌ر چرادان دانانرێت؟ 22 چونكه‌ شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت. 23 ئه‌گه‌ر یه‌كێک دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت”. 24 هه‌روه‌ها پێی فه‌رموون: “وردببنه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌یبیستن! به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌یپێون، بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌ و بۆشتان زیاد ده‌كرێت ئه‌ی گوێگران. 25 چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، پێی ده‌درێت، ئه‌وه‌ش كه‌ نییه‌تی، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌شیه‌تی لێی ده‌سه‌ندرێته‌وه‌”.
26 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ مرۆڤێک ده‌چێت تۆو بوه‌شێنێته‌ سه‌ر زه‌وی. 27 شه‌و ده‌خه‌وێت و ڕۆژ هه‌ڵده‌ستێت، تۆوه‌كه‌ سه‌ر ده‌رده‌كات و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌ویش نازانێت چۆن ده‌بێت. 28 چونكه‌ زه‌وی له‌ خۆیه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌دات، یه‌كه‌مجار گیا، ئینجا گوڵه‌گه‌نم، پاشان له‌ گوڵه‌گه‌نمه‌كه‌دا گه‌نمی ته‌واو. 29 به‌ڵام كاتێ به‌ره‌كه‌ پێده‌گات، یه‌كسه‌ر داسی لێ گیر ده‌كات، چونكه‌ دروێنه‌ی هاتووه‌”.
30 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی خودا له‌ چی ده‌چێت؟ به‌ چ په‌ندیه‌ک ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌؟ 31 به‌ ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌یه‌ک، كاتێ له‌سه‌ر زه‌وی تۆو ده‌كرێت، له‌ هه‌موو تۆوه‌كانی سه‌ر زه‌وی بچووكتره‌. 32 به‌ڵام كاتێ تۆو ده‌كرێت، گه‌شه‌ ده‌كات و له‌ هه‌موو ڕووه‌كه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بێت و لقی گه‌وره‌ ده‌رده‌كات، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمان ده‌توانن له‌ ژێر سێبه‌ریدا هێلانه‌ بكه‌ن”. 33 به‌ زۆر په‌ندی ئاوا فه‌رمووده‌ی بۆ ده‌كردن، ئه‌وه‌نده‌ی توانای گوێگرتنیان هه‌بوو. 34 به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، به‌ڵام كاتێ به‌ ته‌نها ده‌بوو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی هه‌موو شتێكی بۆ ڕاڤه‌ ده‌كردن.
35 له‌و ڕۆژه‌دا، كاتێ ئێواره‌ داهات، پێی فه‌رموون: “با بپه‌ڕینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر”. 36 ئه‌وانیش خه‌ڵكه‌كه‌یان به‌ڕێكرد و وه‌كو خۆی له‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ بردییان، كه‌شتیی بچووكی دیكه‌شی له‌گه‌ڵ بوو. 37 ئینجا ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد، شه‌پۆڵه‌كان له‌ كه‌شتیه‌كه‌یان ده‌دا، تاكو خه‌ریک بوو پڕبێت. 38 ئه‌ویش له‌ دواوه‌ له‌سه‌ر سه‌رینێک خه‌وتبوو. هه‌ڵیانساند و پێیان وت: “ڕابی، باكت نیه‌ وا له‌ناو ده‌چین؟” 39 ئه‌ویش هه‌ستا و له‌ باكه‌ی ڕاخوڕی و به‌ ده‌ریاكه‌ی فه‌رموو: “بێده‌نگ به‌! كپ به‌!” باكه‌ وه‌ستا و بووه‌ هێمنییه‌كی ته‌واو. 40 ئینجا پێی فه‌رموون: “بۆچی ئاوا ترسنۆكن؟ چۆن باوه‌ڕتان نییه‌؟” 41 ئه‌وانیش تۆقین و به‌ یه‌كترییان وت: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟ ته‌نانه‌ت با و ده‌ریاش گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!”.

Currently Selected:

مه‌رقوس 4: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy