YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 15

15
1 هه‌ر به‌یانی زوو، كاهینانی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان و هه‌موو سه‌نهه‌دریم ڕاوێژیان كرد. ئیشۆعیان په‌لبه‌ست كرد و بردییان، ڕاده‌ستی پیڵاتوسیان كرد.
2 پیڵاتوس لێی پرسی: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “تۆ ده‌ڵێیت”. 3 كاهینانی باڵا سكاڵای زۆریان لێ ده‌كرد. 4 پیڵاتوس لێی پرسییه‌وه‌: “ئایا هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چه‌ند گه‌واهی دژت ده‌ده‌ن”. 5 به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، ته‌ناته‌ت پیڵاتوس سه‌رسام بوو. 6 له‌ هه‌موو جه‌ژنێک به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردایه‌. 7 به‌ڕئه‌ببا ناوێک له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌گێڕان گیرابوو، له‌ ئاژاوه‌دا كوشتاریان كردبوو. 8 ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاواریان كرد و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات. 9 پیڵاتوسیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ده‌تانه‌وێ پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” 10 چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان ڕاده‌ستیان كردووه‌. 11 جا كاهینانی باڵا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ به‌ڕئه‌ببایان بۆ ئازاد بكات. 12 دیسان پیڵاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی باشه‌ ده‌تانه‌وێ چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، پاشای جوو؟” 13 دیسان هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” 14 پیڵاتوس پێی وتن: “باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” زیاتر هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” 15 پیڵاتوسیش ده‌یویست كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕازی بكات، به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازادكردن. له‌دوای به‌قامچی لێدانی، ئیشۆعی بۆ له‌خاچدان ڕاده‌ستكرد.
16 سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. 17 كراسێكی مۆریان له‌به‌ركرد، تاجێكیان له‌ دڕک چنی و له‌سه‌ریان نا. 18 سڵاویان لێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!” 19 به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد. 20 دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌. 21 ڕێبوارێک له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمعونی قه‌ورینێییی بوو، باوكی ئسكه‌نده‌ر و ڕۆپۆس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت.
22 ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. 23 مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. 24 كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. 25 كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، 26 ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”. 27 دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌خاچدا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. 28 سیپاره‌كه‌‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا}. 29 ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یانووت: “ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ، 30 خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!”. 31 به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “خه‌ڵكی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! 32 با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسڕائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین!”. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدران تانه‌یان لێ ده‌دا.
33 كاتێ بووه‌ كاژێری شه‌ش، تاكو كاژێری نۆ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. 34 له‌ كاژێری نۆ، ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا، خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ 35 هه‌ندێک له‌ ئاماده‌بووان كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌وه‌تا بانگی ئیلییا ده‌كات”. 36 یه‌كێک ڕایكرد و هه‌وریه‌كی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ پێی دا، وتی: “لێگه‌ڕێن با ببینین ئیلییا دێت دایبگرێت!”
37 ئیشۆعیش به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریكرد و ڕووحی سپارد. 38 په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دووله‌ت. 39 ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر ئیشۆع ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕووحی سپارد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” 40 چه‌ند ژنێكیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، له‌نێوانیاندا مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقووی بچووک و یوسی و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ بوو، 41 ئه‌مانه‌ له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، زۆری دیكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی سه‌ركه‌وتبوونه‌ یروشلایم.
42 كاتێ ئێواره‌ داهات، ڕۆژی خۆ ئاماده‌كردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شه‌ممه‌، 43 یۆسپی خه‌ڵكی ڕه‌متا ڕاوێژكارێكی به‌رزی ئه‌نجومه‌ن بوو، ئه‌ویش چاوه‌ڕێی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد، وێرا و هاته‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی ئیشۆعی كرد. 44 پیڵاتوس سه‌رسام بوو ئاوا به‌ زوویی مردووه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ی بانگكرد و لێی پرسی: “ئاخۆ ده‌مێكه‌ مردووه‌؟”. 45 كاتێ له‌ سه‌رپه‌له‌كه‌وه‌ زانی، ته‌رمه‌كه‌ی دایه‌ یۆسپ. 46 ئه‌ویش كه‌تانی كڕی، دایگرت و به‌ كه‌تان كفنی كرد، له‌ گۆڕێكدا ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو. ئینجا به‌ردێكی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌. 47 مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یوسی، بینییان له‌كوێ نێژرا.

Currently Selected:

مه‌رقوس 15: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy