YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 11

11
1 كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، له‌ بتپاگی و بتعه‌نیا له‌لای كێوی زه‌یتوون، دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، 2 پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ نێوی، ده‌بینن جاشێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا كه‌س سواری نه‌بووه‌، بیكه‌نه‌وه‌ و بیهێنن. 3 ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: بۆ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیه‌تی، ئینجا یه‌كسه‌ر بۆ ئێره‌ی ده‌نێرێت”. 4 چوون و له‌ شه‌قامه‌كه‌ بینییان جاشێک له‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش كردیانه‌وه‌. 5 هه‌ندێ كه‌س له‌وێ ڕاوه‌ستابوون، پێیان وتن: “چی ده‌كه‌ن، جاشه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟” 6 وه‌ک ئیشۆع پێی ڕایسپاردبوون وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئیتر ڕێگایان دان. 7 جاشه‌كه‌یان بۆ ئیشۆع هێنا و كراسه‌كانیان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش سواری بوو. 8 زۆر كه‌سیش كراسه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست، هه‌ندێكیش له‌ دره‌خته‌كان لقه‌داریان بڕیه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. 9 ئه‌وانه‌ی پێشیه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌دوایه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتن، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! 10 پیرۆزه‌ پاشایه‌تیی داویدی باوكمان كه‌ به‌ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هاتووه‌! هۆسانا له‌ به‌رزایی!”
11 ئیشۆع چووه‌ نێو یروشلایم و په‌رستگاكه‌، كاتێ ته‌ماشای هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌ری كرد، كاته‌كه‌ دره‌نگ داهات و له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ بۆ بتعه‌نیا ده‌رچوون. 12 بۆ به‌یانی كه‌ له‌ بتعه‌نیا ده‌رچوون، برسیی بوو. 13 له‌ دووره‌وه‌ دارهه‌نجیرێكی بینی گه‌ڵای كردبوو، هاته‌ لای تاكو شتێكی پێوه‌ ببینێت. كاتێ هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، چونكه‌ وه‌رزی هه‌نجیر نه‌بوو. 14 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ كه‌س له‌ به‌رت ناخوات!”. قوتابییه‌كانیشی گوێیان لێبوو.
15 هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگاكه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ فرۆشتن و كڕینیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. 16 نه‌یهێشت كه‌س به‌ شتومه‌كه‌وه‌ به‌ نێو په‌رستگادا تێپه‌ڕێت. 17 ئامۆژگاریی ده‌كردن و ده‌یفه‌رموو: “ئایا نه‌نووسراوه‌: {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت بۆ هه‌موو گه‌لان؟} به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان}!” 18 ته‌وراتزان و كاهینانی باڵا گوێیان لێبوو، بیریان ده‌كرده‌وه‌ چۆن له‌ناوی ببه‌ن، چونكه‌ لێی ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ئامۆژگاریه‌كانی سه‌رسام ببوون. 19 كاتێ ئێواره‌ داهات، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار.
20 به‌یانی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، دارهه‌نجیره‌كه‌یان بینی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ وشک بووه‌. 21 په‌تڕۆس بیری كه‌وته‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، سه‌یر بكه‌! دارهه‌نجیره‌كه‌ی نه‌فره‌تت لێكرد، وشک بووه‌!” 22 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “با باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌بێت. 23 چونكه‌ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌م كێوه‌ بڵێت هه‌ڵكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌! له‌ دڵدا گومان نه‌كات، به‌ڵكو باوه‌ڕ بكات ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ده‌بێت، ئه‌وا هه‌رچیه‌ک بڵێت بۆی ده‌بێت. 24 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌ن كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن كه‌ وه‌رتانگرتووه‌، بۆتان ده‌بێت. 25 كاتێ ده‌وه‌ستن نوێژ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكتان به‌سه‌ر یه‌كێكه‌وه‌ هه‌بێت لێی خۆشبن، تاكو باوكیشتان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆشبێت. 26 ئه‌گه‌ریش ئێوه‌ لێ خۆش نه‌بن، باوكتان ئه‌وه‌ی له‌ ئاسماناندایه‌ له‌ گوناهه‌كانتان خۆش نابێت”.
27 دیسان هاتنه‌وه‌ یروشلایم، كاتێ ئیشۆع له‌ په‌رستگادا ڕێی ده‌كرد، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیران هاتنه‌ لای، 28 پێیان وت: “به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌یت؟ كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ تۆ داوه‌ ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” 29 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش یه‌ک پرستان لێ ده‌كه‌م، وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌، پێتان ده‌ڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م: 30 عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو یان له‌ مرۆڤه‌وه‌؟ وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌!” 31 له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌، وتیان: “ئه‌گه‌ر بڵێین: له‌ ئاسمانه‌وه‌ بوو، ده‌ڵێت: بۆچی باوه‌ڕتان پێی نه‌هێنا؟ 32 ئه‌گه‌ریش بڵێین: له‌ مرۆڤه‌وه‌ بوو”. له‌ خه‌ڵک ده‌ترسان، چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن له‌لای هه‌مووان پێغه‌مبه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو. 33 ئینجا وه‌ڵامی ئیشۆعیان دایه‌وه‌ و وتیان: “نازانین”. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “منیش پێتان ناڵێم به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌مانه‌ ده‌كه‌م”.

Currently Selected:

مه‌رقوس 11: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy