YouVersion Logo
Search Icon

مه‌رقوس 1

1
1 سه‌ره‌تای موژده‌ی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا.
2 وه‌ک له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌كه‌م له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات له‌پێشت ئاماده‌ ده‌كات، 3 ده‌نگی هاوارگه‌رێک له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ دێ: “ڕێگای په‌روه‌ردگار ئاماده‌ بكه‌ن، ڕێبازه‌كانی ڕاست بكه‌ن}. 4 یوخه‌ننه‌ن له‌ ده‌شتوده‌ر ده‌ركه‌وت، عه‌مادی تۆبه‌كردنی ڕاده‌گه‌یاند بۆ گوناه‌ به‌خشین. 5 سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ری ئیهوود و خه‌ڵكی یروشلایم ده‌رده‌چوونه‌ لای و هه‌موو له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌ ڕووباری یوردنه‌ن عه‌ماد ده‌كران و دانیان به‌ گوناهه‌كانیان ده‌نا. 6 یوخه‌ننه‌ن مووی وشتری ده‌پۆشی و كه‌مه‌ری به‌پشتێنێكی چه‌رم ده‌به‌ست، خواردنیشی كوللـه‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو. 7 بانگه‌وازی ده‌كرد، ده‌یووت: “له‌دوای من، له‌من به‌هێزتر دێت، من شایانی ئه‌وه‌ نیم بچه‌مێمه‌وه‌ و ئاوه‌زێنه‌ی پێڵاوه‌كانی بكه‌مه‌وه‌. 8 من به‌ ئاو عه‌مادم كردن، به‌ڵام ئه‌و به‌ ڕووحی پارسا عه‌مادتان ده‌كات”.
9 له‌و ڕۆژانه‌دا ئیشۆع له‌ ناسڕه‌تی گلیلاوه‌ هات و له‌سه‌ر ده‌ستی یوخه‌ننه‌ن له‌ یوردنه‌ن عه‌مادكرا. 10 هه‌ركه‌ له‌ ئاوه‌كه‌ هه‌ستایه‌وه‌، بینی ئاسمانان شه‌قبوو، ڕووحیش وه‌ک كۆترێک دابه‌زییه‌ سه‌ری. 11 ده‌نگێكیش له‌ ئاسمانانه‌وه‌ هات: “تۆ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستمی، به‌ تۆوه‌ دڵشادم”.
12 یه‌كسه‌ر ڕووحه‌كه‌ به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر ده‌ریكرد. 13 چل ڕۆژ له‌ ده‌شتوده‌ردا بوو، له‌لایه‌ن شه‌یتان تاقی ده‌كرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئا‌ژه‌ڵانی كێوی بوو، فریشته‌ش ڕاژه‌یان ده‌كرد.
14 دوای ئه‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن ڕاده‌ست كرا، ئیشۆع هاته‌ گلیلا و بانگه‌وازی موژده‌ی پاشایه‌تیی خودا ده‌كرد.
15 ده‌یفه‌رموو: “كاته‌كه‌ هاتووه‌ و پاشایه‌تی خودا نزیک بووه‌ته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن و باوه‌ڕ به‌ ئینجیل بهێنن”.
16 كاتێ ئیشۆع له‌لای ده‌ریای گلیلادا ده‌ڕۆیشت، شیمعون و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاكه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون. 17 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچیی خه‌ڵک”. 18 یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. 19 ئینجا هه‌ندێک ڕۆیشت، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای بینی، له‌نێو كه‌شتیدا تۆڕیان چاكده‌كرده‌وه‌. 20 یه‌كسه‌ر بانگیكردن، ئه‌وانیش زه‌بدیی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن.
21 ئینجا چوونه‌ كپه‌ڕناخوم. له‌ كاتێكدا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری. 22 له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێک ئامۆژگاریی ده‌كردن، نه‌ک وه‌ک ته‌وراتزانه‌كان. 23 له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان پیاوێكی لێبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، هاواری كرد، 24 وتی: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت! من ده‌تناسم تۆ كێیت، تۆ پارساكه‌ی خودایت!” 25 ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” 26 ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ش خووگرتی و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. 27 هه‌موو سه‌رسام بوون، ته‌نانه‌ت پرسیان له‌ یه‌كتر كرد و وتیان: “ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئه‌م ئامۆژگاریه‌ نوێیه‌ چیه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕووحی گڵاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!” 28 یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری ده‌وروبه‌ری گلیلا بڵاو‌بووه‌وه‌.
29 كاتێ كه‌نیشته‌كه‌یان به‌جێهێشت، له‌گه‌ڵ یاقوو و یوخه‌ننه‌ن چوونه‌ ماڵی شیمعون و ئه‌ندراوس. 30 خه‌سووی شیمعون له‌نێو جێگا كه‌وتبوو، تای هه‌بوو، خێرا باسی ئه‌ویان بۆ كرد. 31 ئه‌ویش هاته‌ پێش، ده‌ستی گرت و هه‌ڵیسانده‌وه‌. ده‌ستبه‌جێ تاكه‌ به‌ریدا و ده‌ستیكرد به‌ ڕاژه‌كردنیان. 32 كاتێ ئێواره‌ داهات و خۆر ئاوابوو، هه‌موو نه‌خۆش و شێته‌كانیان بۆ هێنا. 33 هه‌موو شاره‌كه‌ له‌ به‌رده‌رگا كۆبوونه‌وه‌. 34 زۆر نه‌خۆشی به‌ جۆره‌ها ده‌رده‌وه‌ چاككرده‌وه‌، زۆر شه‌یتانیشی ده‌ركرد و نه‌یهێشت شه‌یتانه‌كان بدوێن، چونكه‌ ناسییان.
35 بۆ به‌یانی زوو، هه‌ستا و ده‌رچو و چووه‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی و له‌وێ نوێژی كرد. 36 شیمعون و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون به‌ دوای كه‌وتن 37 كه‌ دۆزییانه‌وه‌ پێیان وت: “هه‌موو به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕێن”. 38 پێی فه‌رموون: “با بڕۆینه‌ دێیه‌كانی ده‌وروپشت، تاكو له‌وێش بانگه‌واز بكه‌م، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ هاتووم”. 39 جا له‌ هه‌موو گلیلا‌دا له‌ كه‌نیشته‌كانیان بانگه‌وازی ده‌كرد و شه‌یتانانی ده‌رده‌كرد.
40 ئینجا گولێک هاته‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی وت: “ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. 41 ئیشۆع دڵی پێی سووتا و ده‌ستی درێژ كرد، ده‌ستی لێدا و پێی فه‌رموو: “ده‌مه‌وێت. یێگه‌ردببه‌وه‌!” 42 هه‌ركه‌ قسه‌ی ده‌كرد یه‌كسه‌ر گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌ و بێگه‌ردبووه‌وه‌. 43 سه‌رزه‌نشتی كرد و یه‌كسه‌ر به‌ڕێی كرد، 44 پێی فه‌رموو: “ئاگاداربه‌، هیچ شتێک به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و به‌رامبه‌ر به‌ بێگه‌ردبوونه‌وه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ بیده‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. 45 به‌ڵام ئه‌و ده‌رچوو، ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌وازكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌، ئیتر ئیشۆع نه‌یده‌توانی به‌ ئاشكرا بچێته‌ هیچ شارێک، به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كان بوو و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ لای.

Currently Selected:

مه‌رقوس 1: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy