YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 6

6
1 ئاگاداربن له‌وه‌ی به‌خشینه‌كانتان له‌به‌رچاوی خه‌ڵک بكه‌ن، تا بتانبینن. ئه‌گینا پاداشتتان نییه‌ له‌لای ئه‌و باوكه‌تان وا له‌ ئاسماناندایه‌. 2 هه‌ر كاتێ به‌خشینێكت كرد، له‌پێش خۆت كه‌ڕه‌نا لێمه‌ده‌ وه‌ک ڕووپاماكان كه‌ له‌ كه‌نیشت و كۆڵانه‌كان ده‌یكه‌ن، تا خه‌ڵک شكۆمه‌ندیان بكه‌ن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. 3 به‌ڵام تۆ كه‌ به‌خشینێک ده‌كه‌یت، با ده‌ستی چه‌پت نه‌زانێت ده‌ستی ڕاستت چی ده‌كات، 4 تا به‌خشینه‌كه‌ت شاراوه‌ بێت. باوكت وا‌ له‌ شه‌راوه‌دا ده‌بینێت، ئه‌و به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌.
5 كاتێ نوێژ ده‌كه‌یت وه‌ک رووپاماكان مه‌به‌، ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن به‌ پێوه‌ له‌ كه‌نیشت و سووچی شه‌قامه‌كاندا نوێژ بكه‌ن، تا بۆ خه‌ڵک دیار بن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. 6 به‌ڵام تۆ كه‌ نوێژ ده‌كه‌یت، بڕۆ ژووره‌كه‌ت و ده‌رگا له‌سه‌ر خۆت دابخه‌، نوێژ بكه‌ بۆ باوكت وا له‌ شاراوه‌دایه‌. باوكت كه‌ له‌ شاراوه‌دا ده‌بینێت، به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌. 7 كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، وه‌ک نه‌ته‌وه‌كان قسه‌ی ناڕه‌وا دووباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان‌ واده‌زانن به‌ زۆر وتنیان وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه‌. 8 وه‌ک ئه‌وان مه‌بن، چونكه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ چییه‌، پێش ئه‌وه‌ی داوای لێبكه‌ن.
9 ئێوه‌ش ئاوا نوێژ بكه‌ن: (بابمان وا له‌ ئاسمانانی، ناوت پارسا بێت، 10 پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ، خواستت له‌سه‌ر زه‌وی بێت وه‌ک له‌ ئاسمان. 11 نانی به‌سكردنی ڕۆژانه‌مان بده‌رێ. 12 گوناهه‌كانمان ببه‌خشه‌‌، ئێمه‌ش له‌قه‌رزاره‌كانمان خۆشده‌بین. 13 مه‌مانخه‌ره‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ به‌دكار. چونكه‌ پاشایه‌تی و هێز و شكۆ هی تۆیه‌ تا جاویدانی. ئامین) 14 چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كانی خه‌ڵک ببه‌خشن، ئه‌وا باوكی ئاسمانیشتان ده‌تانبه‌خشێت. 15 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌كانی خه‌ڵک نه‌به‌خشن، ئه‌وا باوكیشتان هه‌ڵه‌كانتان نابه‌خشێت.
16 كاتێ به‌ڕۆژوو ده‌بن، ڕووگرژ مه‌بن وه‌ک ڕووپاماكان، كه‌ ڕوویان ده‌گۆڕن تاكو بۆ خه‌ڵكی ده‌ربخه‌ن كه‌ به‌ڕۆژوون. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرت!. 17 به‌ڵام تۆ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بیت، سه‌رت چه‌ور بكه‌ و ڕوخسارت بشۆ، 18 تا بۆ خه‌ڵک ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕۆژوویت، به‌ڵكو بۆ باوكی شاراوه‌ت، باوكت وا له‌ شاراوه‌ ده‌بینێت، به‌ ئاشكرا پاداشتت ده‌داته‌وه‌.
19 له‌سه‌ر زه‌وی گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان كۆ مه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مۆرانه‌ و ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. 20 به‌ڵكو گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان له‌ ئاسماندا كۆبكه‌نه‌وه‌، كه‌ نه‌ مۆرانه‌ و نه‌ ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، نه‌ دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. 21 چونكه‌ گه‌نجینه‌ت له‌كوێ بێت، دڵیشت له‌وێ ده‌بێت.
22 چاو چرای له‌شه‌، ئه‌گه‌ر چاوت ساغ بێت، ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكه‌، 23 به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوت به‌دكار بێت، ئه‌وا هه‌موو له‌شت تاریک ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆدایه‌ تاریكی بێت، ئاخۆ ده‌بێ چ تاریكییه‌ک بێت!
24 كه‌س ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن. 25 بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: خه‌می ژیانی خۆتان نه‌بێت. چی ده‌خۆن و چی ده‌خۆنه‌وه‌، یان بۆ له‌شتان چی ده‌پۆشن. ئایا ژیان له‌ خواردن باشتر نییه‌؟ یان له‌ش له‌ پۆشاک؟ 26 بڕواننه‌ باڵنده‌ی ئاسمان، نه‌ ده‌ڕوێنن و نه‌ دروێنه‌ ده‌كه‌ن و نه‌ له‌ ئه‌مباردا كۆده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی باوكی ئاسمانیتان به‌خێویان ده‌كات. ئایا ئێوه‌ له‌وان باشتر نین؟ 27 كامتان ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ 28 بۆچی خه‌می پۆشاكتانه‌؟ بڕواننه‌ گوڵه‌كانی كێڵگه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ ماندوو ده‌بن و نه‌ ده‌ڕێسێن، 29 به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. 30 ئه‌گه‌ر خودا گیای كێڵگه‌ ئاوا بپۆشێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ و سبه‌ینێ فڕێده‌درێته‌ ته‌نووره‌وه‌، ئاخۆ ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتر پۆشته‌تان بكات، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ 31 جا خه‌م مه‌خۆن بڵێن چی بخۆین؟ یان چی بخۆینه‌وه‌؟ یان چی بپۆشین؟ 32 چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكی ئاسمانیشتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌یه‌. 33 به‌ڵكو یه‌كه‌مجار داوای پاشایه‌تی و بێتاوانیی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت. 34 بۆیه‌ خه‌می سبه‌ینێ مه‌خۆن، چونكه‌ سبه‌ینێ خه‌می خۆی ده‌خوات. هه‌ر ڕۆژێک خراپیی خۆی به‌سه‌.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 6: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy