YouVersion Logo
Search Icon

مه‌تته‌ی 24

24
1 ئیشۆع له‌ په‌رستگا ده‌رچوو و ڕۆیشت، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای تاكو ته‌لاره‌كانی په‌رستگای پیشان بده‌ن. 2 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بینن؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: لێره‌ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕوخێت!”.
3 كاتێ له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ته‌نها هاتنه‌ لای و وتیان: “پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌بێت؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و به‌سه‌رچوونی ڕۆژگار چییه‌؟” 4 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئاگاداربن! كه‌س گومڕاتان نه‌كات. 5 چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: من مه‌سیحم! زۆر كه‌سیش گومڕا ده‌كه‌ن. 6 جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن، مه‌تۆقن. چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن، به‌ڵام هێشتا پایان نییه‌. 7 چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی، برسیێتی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت. 8 به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانن‌. 9 ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ ڕاده‌ستتان ده‌كه‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌پێناوی ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. 10 ئه‌و كاته‌ زۆركه‌س ساتمه‌ده‌كه‌ن و یه‌كتری ڕاده‌ست ده‌كه‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتر ده‌بێته‌وه‌. 11 زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆركه‌س گومڕا ده‌كه‌ن. 12 له‌به‌ر زۆربوونی تاوان، خۆشویستنی زۆركه‌س سارد ده‌بێته‌وه‌. 13 به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا پایان دانبه‌خۆیدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت. 14 ئه‌م ئینجیلی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا پایانه‌كه‌ دێت.
15 بۆیه‌ كاتێ ده‌بینن گڵاویی وێرانی له‌ شوێنی پارسادا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیئیل باسی كردووه‌ ـ با خوێنه‌ر تێبگات ـ 16 ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهووددان بۆ چیاكان هه‌ڵبێن، 17 ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شتێک له‌ ماڵه‌وه‌ ببات. 18 ئه‌وه‌ش له‌ كێڵگه‌دایه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ بۆئه‌وه‌ی جله‌كه‌ی ببات. 19 له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵی دووگیان و شیرده‌ران! 20 نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت. 21 چونكه‌ له‌وكاتدا ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ڕووده‌دات، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت. 22 ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی بژارده‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌. 23 ئه‌وسا ئه‌گه‌ر یه‌كێک پێی وتن: ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌! یان: ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. 24 چونكه‌ مه‌سیحانی درۆزن و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی مه‌زن و په‌رجو ده‌كه‌ن، تا ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت بژارده‌كانیش گومڕا ده‌كه‌ن. 25 ئه‌وه‌تا پێشوه‌خت پێم وتن. 26 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێیان وتن: ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌! ده‌رنه‌چن، ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌! باوه‌ڕ مه‌كه‌ن. 27 چونكه‌ چۆن بروسكه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌چێت و تاكو خۆرئاوا ده‌دره‌وشێته‌وه‌، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. 28 لاک له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌.
29 یه‌كسه‌ر دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌، خۆر تاریک ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات، ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون، هێزه‌كانی ئاسمانان ده‌هه‌ژێن. 30 له‌و كاته‌ نیشانه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو هۆزه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به‌ هێز و شكۆیه‌كی مه‌زنه‌وه‌ دێت. 31 فریشته‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی مه‌زنه‌وه‌ ده‌نێرێ، بژارده‌كانی له‌ چوار باكه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، له‌مسه‌ری ئاسمانانه‌وه‌ تا ئه‌وسه‌ری. 32 له‌ دارهه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێ لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌. 33 به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌به‌رده‌رگایه‌. 34 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌رناچێت تاكو ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت. 35 ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم به‌سه‌رناچن.
36 ئه‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، ته‌نانه‌ت فریشته‌كانی ئاسمانانیش، ته‌نها باوكم نه‌بێ. 37 ڕۆژانی نووخ چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. 38 چونكه‌ وه‌ک له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نووخ چووه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، 39 نه‌یانزانی تاكو لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت. 40 له‌و كاته‌دا دوو كه‌س له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ. 41 دوو ژن ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵدرێ.
42 كه‌واته‌ بێدار بن، چونكه‌ نازانن له‌ چ كاتێكدا په‌روه‌ردگارتان دێته‌وه‌. 43 ئه‌مه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ به‌تڵێكدا دز دێته‌ سه‌ری، بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. 44 بۆیه‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌.
45 كه‌واته‌ كێیه‌ ئه‌و كۆیله‌ ده‌ستپاک و دانایه‌ی گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانانی خۆی دایناوه‌، تاكو له‌ كاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌ كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! 47 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. 48 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ خراپه‌ له‌ دڵی خۆیدا بڵێ: گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت، 49 ئینجا ده‌ستبكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌. 50 ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت. 51 ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ڕووپاماكاندا داده‌نێت، گریان و جیڕه‌ی ددانیش له‌وێدا ده‌بێت.

Currently Selected:

مه‌تته‌ی 24: PNTZS

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in

YouVersion uses cookies to personalize your experience. By using our website, you accept our use of cookies as described in our Privacy Policy