یوخه‌ننه‌ن 2
PNTZS
2
1 له‌ ڕۆژی سێیه‌م له‌ قه‌تنێی گلیلا شاییه‌ک هه‌بوو، دایكی ئیشۆعیش له‌وێ بوو. 2 ئیشۆع و قوتابییه‌كانیشی بۆ شاییه‌كه‌ بانگهێشت كرابوون. 3 كاتێ مه‌ی ته‌واو بوو، دایكی به‌ ئیشۆعی وت: “مه‌ییان نییه‌!” 4 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خانم، چیت لێم ده‌وێ‌؟ هێشتا كاتم نه‌هاتووه‌!” 5 دایكی به‌ ڕاژه‌وانه‌كانی وت: “هه‌رچییه‌كتان پێ ده‌ڵێ، بیكه‌ن”. 6 شه‌ش كوپه‌ی به‌ردین به‌گوێره‌ی بێگه‌رد كردنه‌وه‌ی جوو له‌وێ دانرابوون، هه‌ریه‌كه‌ی یه‌ک تا سێ قوله‌تێنی ده‌گرت. 7 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوپه‌كان پڕ بكه‌ن له‌ ئاو”. ئه‌وانیش تا سه‌ر پڕیانكرد. 8 ئینجا پێی فه‌رموون: “ئێستا لێی ده‌ربهێنن و بۆ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ی ببه‌ن!” ئه‌وانیش بردییان. 9 كاتێ گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ تامی ئه‌و ئاوه‌ی كرد كه‌ ببووه‌ مه‌ی، سه‌رچاوه‌كه‌شی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ڕاژه‌وانه‌كان ده‌یانزانی، ئه‌وانه‌ی ئاوه‌كه‌یان ده‌رهێنابوو، ئه‌وسا گه‌وره‌ی شاییه‌كه‌ زاوای بانگكرد و 10 پێی وت: “هه‌موو كه‌س یه‌كه‌مجار مه‌یه‌ چاكه‌كه‌ داده‌نێت، كاتێ مه‌ست بوون، ئینجا خراپه‌كه‌. به‌ڵام تۆ تا ئێستا مه‌یه‌ چاكه‌كه‌ت هێشتووه‌ته‌وه‌!” 11 ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای په‌رجوه‌كان بوو كه‌ ئیشۆع له‌ قه‌تنێی گلیلا كردی و شكۆی خۆی ده‌رخست، قوتابییه‌كانیشی باوه‌ڕیان پێی هێنا.
12 دواتر له‌گه‌ڵ دایكی و برایانی و قوتابییه‌كانی به‌ره‌و كپه‌ڕناخوم دابه‌زین، چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م له‌وێ مانه‌وه‌. 13 جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیكبووه‌وه‌، ئیشۆع سه‌ركه‌وت بۆ یروشلایم. 14 له‌ په‌رستگا فرۆشیارانی مانگا و كاوڕ و كۆتری بینی، پاره‌گۆڕه‌وانیش دانیشتبوون. 15 قامچییه‌كی له‌ گوریس دروستكرد و هه‌مووانی له‌ په‌رستگا قاو دا، كاوڕ و مانگاكان. پاره‌ی پاره‌گۆڕه‌وانی هه‌ڵڕژاند و مێزه‌كانیان وه‌رگێڕا، 16 به‌ كۆترفرۆشانی فه‌رموو: “ئه‌مانه‌ لێره‌ لاده‌ن! ماڵی باوكم مه‌كه‌نه‌ ماڵی بازرگانی!” 17 جا قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ نووسراوه‌: {دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مخوات}.
18 جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “چ په‌رجوێكمان پیشان ده‌ده‌یت تاكو ئه‌م شتانه‌ بكه‌یت؟” 19 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێیان فه‌رموو: “ئه‌م په‌رستگایه‌ بڕوخێنن، به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. 20 جووه‌كان وتیان: “ئه‌م په‌رستگایه‌ به‌ چل و شه‌ش ساڵ بنیادنراوه‌، تۆ به‌ سێ ڕۆژ هه‌ڵیده‌ستێنیته‌وه‌؟” 21 به‌ڵام ئه‌و باسی په‌رستگای جه‌سته‌ی خۆی ده‌كرد. 22 بۆیه‌ كاتێ له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌، قوتابییه‌كانی بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی وتبوو، ئینجا باوه‌ڕیان هێنا به‌ سیپاره‌كه‌ و به‌و فه‌رمووده‌یه‌ی ئیشۆع فه‌رمووی.
23 كه‌ له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌ له‌ یروشلایم بوو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، چونكه‌ په‌رجوه‌كانیان ده‌بینی كه‌ ده‌یكرد. 24 به‌ڵام ئیشۆع له‌لای خۆیه‌وه‌ متمانه‌ی پێ نه‌كردن، چونكه‌ هه‌مووی ده‌ناسی. 25 چونكه‌ پێویستی به‌ كه‌س نه‌بوو ده‌رباره‌ی مرۆڤ گه‌واهیی بۆ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یزانی مرۆڤ چی تێدایه‌.

© Bible Society in Lebanon (2017)

کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧

En savoir plus sur پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی