على التوازي
7
حوكم مەدەن
1«خەڵك تاوانبار مەكەن تاكو خودا تاوانبارتان نەكات، 2چونكە بەو شێوەیەی خەڵك تاوانبار دەكەن خودا تاوانبارتان دەكات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵك دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.
3«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براكەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە كاریتەكەی ناو چاوی خۆت نییە؟ 4یان، چۆن بە براكەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەكەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەكاتێكدا تەختە دارێك لەناو چاوی خۆتدایە؟ 5ئەی دووڕوو، یەكەم جار تەختە دارەكەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەكەی ناو چاوی براكەت.
6«شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەك پێشێلیان بكەن و ڕوو وەربگێڕن و پارچەپارچەتان بكەن.
داوا بكەن، پێتان دەدرێ
7«داوا بكەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەكرێتەوە، 8چونكە هەركەسێك داوا بكات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەكرێتەوە.
9«ئەگینا كێ لە ئێوە ئەگەر كوڕەكەی داوای نانی لێ بكات، بەردی دەداتێ؟ 10یان داوای ماسی لێ بكات، ماری دەداتێ؟ 11جا ئێوە كە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەكانتان، باوكتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەكەن! 12كەواتە لە هەر شتێكدا ئاوا بۆ خەڵك بكەن كە دەتانەوێ بۆتان بكرێت، چونكە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.
دەرگای تەسك
13«لە دەرگای تەسك بڕۆنە ژوورەوە، چونكە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاكەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14بەڵام تەسكە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، كەم كەسیش دەیدۆزێتەوە.
ناسین بە بەرهەم
15«ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن كە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕك دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17بەم شێوەیە هەموو دارێكی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18داری چاك ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19هەر دارێك بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20كەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.
21«نەك هەركەسێك پێم بڵێت: ”گەورەم، گەورەم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵكو ئەوەی بە خواستی باوكم دەكات كە لە ئاسمانە. 22لەو ڕۆژەدا، زۆر كەس پێم دەڵێن: ”گەورەم، گەورەم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەكرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی#7‏:22 پەرجوو: موعجیزە. زۆرمان نەكرد؟“ 23ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بكەونەوە، ئەی سەرپێچیكاران!“
دانا و گێل
24«لەبەر ئەوە هەركەسێك گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بكات، وەك پیاوێكی دانا وایە كە خانووەكەی لەسەر بەرد دروستكردبێت. 25باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیكرد و لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونكە لەسەر بەرد دروستكرابوو. 26هەركەسێكیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەكات، وەك پیاوێكی گێل وایە خانووەكەی لەسەر لم دروستكردبێت. 27باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیكرد و لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەكەشی گەورە بوو.»
28كاتێك عیسا ئەم وتانەی تەواو كرد، خەڵكەكە لە فێركردنەكەی سەرسام بوون، 29چونكە وەك دەسەڵاتدارێك فێری دەكردن، نەك وەكو مامۆستایانی تەورات.