مەتا 27

27
عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
1کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن. 2جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
یەهوزا خۆی دەکوژێ
3ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا حوکمی بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و 4گوتی: «گوناهم کرد کە ناپاکیم لە مرۆڤێکی بێتاوان کرد.»
گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»
5ئەویش زیوەکانی لە پەرستگا فڕێدا و چوو خۆی هەڵواسی.
6بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» 7ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێ کڕی. 8لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە هەتا ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. 9ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: ﴿سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە لەسەری خەمڵێنرا، 10ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.#27‏:10 زەکەریا 11‏:12‏-13 و یەرمیا 19‏:1‏-13؛ 32‏:6‏-9.‏‏
پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات
11عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.»
12کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
بڕیاری لەخاچدانی عیسا
15لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو. 17لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
19کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.»
20بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت.
21فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟»
گوتیان: «باراباس.»
22پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
23ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
24پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
25گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
26ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
27سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد. 29هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.
لەخاچدانی عیسا
32کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان#27‏:32 کورێن: شارێکی یۆنانی بووە کە دەکەوێتە ناو وڵاتی لیبیای ئێستا.‏ بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت، 34شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد. 36ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو:
«ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.»
38دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و 40دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!» 41بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت: 42«خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین! 43پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت.
مردنی عیسا
45لە کاتژمێر دوازدەوە#27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏ هەتا سێ#27‏:45 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 46نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾#27‏:46 زەبوورەکان 22‏:1.‏‏ دێت.
47کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
48دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟»
50عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
51لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
54کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
55زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
ناشتنی عیسا
57کاتێک ئێوارە داهات، پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا
62بۆ بەیانی، کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە#27‏:62 ڕۆژی خۆ ئامادەکردن: مەبەست لە ڕۆژی هەینییە کەوا لە کەلتوری جولەکەکاندا ئامادەکاری تێدا دەکرێت بۆ پێشوازی لە ڕۆژی شەممە، چونکە دروست نییە لە ڕۆژی شەممەدا هیچ کارێک بکرێت.‏، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
65پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.

المحددات الحالية:

مەتا 27: KSS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية