على التوازي
28
زیندووبوونه‌وه‌ی عیسا
1دوای شه‌ممه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا، مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ هاتن ته‌ماشای گۆڕه‌كه‌ بكه‌ن.
2له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ڕوویدا، چونكه‌ فریشته‌یه‌كی یه‌زدان له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، چوو به‌رده‌كه‌ی گلۆر كرده‌وه‌ و له‌سه‌ری دانیشت. 3ڕوخساری وه‌ك بروسكه‌ وابوو، جله‌كانی وه‌ك به‌فر سپی بوون. 4پاسه‌وانه‌كان له‌ ترسی ئه‌و له‌رزین و وه‌ك مردوویان لێ هات.
5به‌ڵام فریشته‌كه‌ به‌ ژنه‌كانی گوت: «مه‌ترسن، چونكه‌ ده‌زانم به‌ شوێن عیسای له‌خاچدراودا ده‌گه‌ڕێن. 6ئه‌و لێره‌ نییه‌، وه‌ك خۆی فه‌رمووی، هه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌. وه‌رن سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن كه‌ لێی درێژكرابوو. 7خێرا بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی بڵێن: ”ئه‌و له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌، پێش ئێوه‌ ده‌چێته‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌یبینن.“ ئه‌وه‌تا پێم گوتن.»
8ئه‌وانیش خێرا له‌لای گۆڕه‌كه‌ ڕۆیشتن، به‌ ترس و خۆشییه‌كی گه‌وره‌وه‌ ڕایانكرد، تاوه‌كو هه‌واڵ بده‌نه‌ قوتابییه‌كانی. 9ئه‌وه‌ بوو عیسا تووشیان هات: «سڵاو!» ئه‌مانیش چوونه‌ پێشه‌وه‌، پێی عیسایان گرت و كڕنۆشیان بۆ برد. 10عیسا پێی فه‌رموون: «مه‌ترسن، بڕۆن به‌ باوه‌ڕداران بڵێن با بچنه‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌مبینن.»
قسه‌ی پاسه‌وانه‌كان
11كه‌ ده‌ڕۆیشتن، هه‌ندێك له‌ پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ ناو شار و ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ كاهینانی باڵایان گێڕایه‌وه‌. 12ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ پیران كۆبوونه‌وه‌ و ڕاوێژیان كرد، زیوێكی زۆریان دایه‌ سه‌ربازه‌كان و 13گوتیان: «بڵێن، ”كاتێك ئێمه‌ خه‌وتبووین، قوتابییه‌كانی له‌ شه‌ودا هاتن و دزییان.“ 14ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌لای فه‌رمانڕه‌وا بیسترا، ئه‌وا ڕازی ده‌كه‌ین و له‌ گرفته‌كه‌ ده‌تانپارێزین.» 15ئه‌وانیش زیوه‌كه‌یان وه‌رگرت و چۆن فێركران، وایانكرد، ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌ناو جوله‌كه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
ده‌ركه‌وتنی عیسا بۆ قوتابییه‌كان
16ئیتر یازده‌ قوتابییه‌كه‌ چوونه‌ جه‌لیل، بۆ ئه‌و كێوه‌ی عیسا فه‌رمانی پێدابوون. 17كاتێك بینییان كڕنۆشیان بۆ برد، به‌ڵام هه‌ندێكیان گومانیان كرد. 18عیسا لێیان نزیك بووه‌وه‌ و قسه‌ی بۆ كردن: «هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی دراوه‌تێ. 19كه‌واته‌ بڕۆن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بكه‌نه‌ قوتابی، به‌ ناوی باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز له‌ ئاویان هه‌ڵبكێشن، 20فێریان بكه‌ن با كار بكه‌ن به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هه‌موو ڕۆژێك له‌گه‌ڵتانم، هه‌تا كۆتایی زه‌مان.»