على التوازي
25
نموونەی كچە داناكان و كچە گێلەكان
1«لەم كاتەدا شانشینی ئاسمان وەكو دە پاكیزە دەبێ، كە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. 2پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. 3گێلەكان چراكانیان برد و زەیتیان#25‏:3 لەو سەردەمەدا چرا بە زەیتی زەیتوون ئیشی دەكرد. لەگەڵ خۆیان نەبرد. 4بەڵام داناكان لەگەڵ چراكانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. 5كاتێك زاوا دواكەوت، هەموو خەویان هات و نوستن.
6«لە نیوەشەودا هاوار كرا: ”ئەوە زاوا دەركەوت، بەرەو پیری بچن!“
7«هەموو ئەو پاكیزانەش هەستان و چراكانیان ئامادە كرد. 8گێلەكان بە داناكانیان گوت: ”لە زەیتەكەی خۆتان بەشمان بدەن، چونكە چراكانمان دەكوژێتەوە!“
9«بەڵام داناكان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەكات. چاكترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بكڕن.“
10«كە ئەوان بۆ كڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەكە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا.
11«پاشان پاكیزەكانی دیكەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بكەرەوە!“
12«وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“
13«كەواتە ئێشك بگرن، چونكە ڕۆژ و كاتەكە نازانن.
نموونەی دواكەوتنی گەورەی ماڵ
14«دیسان، شانشینی ئاسمان وەك پیاوێكە گەشت بكات، كۆیلەكانی بانگ دەكات و موڵكەكەی خۆی دەداتە دەستیان. 15پێنج كیسە زێڕی#25‏:15 كیسە زێڕ: یۆنانی: تالنت، هەر تالنتێك نزیكەی 34 كگم بووە؛ یەك تالنت زێڕ دەكاتە كرێی 15 ساڵی كرێكارێك. دایە یەكێكیان و ئەوی دیكە دوو كیسە و سێیەمیش یەك كیسە، هەریەكە بەگوێرەی توانای خۆی، یەكسەریش چووە گەشت. 16ئەوەی پێنج كیسە زێڕەكەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە كرد، پێنجی دیكەشی بەدەستهێنا. 17بە هەمان شێوە ئەوەی دوو كیسە زێڕەكەش، دووی دیكەی بەدەستهێنا. 18بەڵام ئەوەی یەك كیسە زێڕەكەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێكی لە زەویدا هەڵكەند و زێڕی گەورەكەی شاردەوە.
19«دوای ماوەیەكی زۆر گەورەی ئەو كۆیلانە دێت و حیسابیان لەگەڵ دەكات. 20ئەوەی پێنج كیسە زێڕەكەی وەرگرت، دێت و پێنج كیسەی دیكەش دەهێنێت و دەڵێت: ”گەورەم تۆ پێنج كیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج كیسە زێڕی دیكەم بەدەستهێناوە.“
21«گەورەكەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی كۆیلەی چاك و دەستپاك! لە كەم دەستپاك بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەكەت.“
22«هەروەها ئەوەی دوو كیسە زێڕەكە هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو كیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو كیسە زێڕی دیكەم بەدەستهێناوە.“
23«گەورەكەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی كۆیلەی چاك و دەستپاك! لە كەم دەستپاك بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەكەت.“
24«ئینجا ئەوەی یەك كیسە زێڕەكەی وەرگرتبوو هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێكی سەختیت، شوێنێك دەدرویتەوە كە تۆوت نەكردووە، لە شوێنێك كۆدەكەیتەوە كە شەنەبات نەكردووە، 25جا ترسام و چووم كیسە زێڕەكەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەكەتە.“
26«گەورەكەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی كۆیلەی خراپ و تەوەزەل! كە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەكەم كە تۆوم نەكردووە، لەوە كۆدەكەمەوە كە نەموەشاندووە، 27دەبووایە زێڕەكەمت لە بانك دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سووەكەی وەرمدەگرتەوە.
28«”لەبەر ئەوە ئەو كیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە كیسە زێڕەكەی پێیە، 29چونكە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 30كۆیلە بێ سوودەكەش فڕێبدەنە تاریكی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەكانی دێت.“
عیسا حوكم بەسەر جیهان دەدات
31«كاتێك كوڕی مرۆڤ بە شكۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتەكانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شكۆی خۆی دادەنیشێت. 32هەموو نەتەوەكان لەبەردەمی كۆدەبنەوە و ئەویش لە یەكتریان جیا دەكاتەوە، وەك شوان مەڕ لە بزن جیا دەكاتەوە. 33جا مەڕەكان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەكان لەلای چەپ.
34«ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوكم بەرەكەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە كە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە كراوە، 35چونكە برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان كردمەوە. 36ڕووت بووم جلتان لەبەركردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“
37«ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، كەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ 38كەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان كردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەركردوویت؟ 39كەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“
40«ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەكتان بۆ یەكێك لەم برا بچووكانەم كردووە، بۆ منتان كردووە.“
41«دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”لێم دوور بكەونەوە! ئەی ئەوانەی كە نەفرەتتان لێكراوە بەرەو ئاگری هەتاهەتایی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەكانی ئامادە كراوە، 42چونكە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، 43نامۆ بووم شوێنتان نەكردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەكردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“
44«ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، كەی تۆمان بە برسیێتی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەكردوویت؟“
45«ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەكتان بۆ یەكێك لەم بچووكانە نەكردووە، بۆ منتان نەكردووە.“
46«ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»