مەتا 11

11
عیسا و حەزرەتی یەحیا
1پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.
2کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی ناردە لای، 3لێیان پرسی: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
4عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: 5کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت#11‏:5 مەبەست لە هاتنی مەسیحە وەک ڕزگارکەر، بڕوانە لۆقا 4‏:18‏‏.‏. 6خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.»
7لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ 8ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. 9ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:
«﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾#11‏:10 مەلاخی 3‏:1‏‏
11ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە. 12لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن#11‏:12 بڕوانە لۆقا 16‏:16‏‏.‏، 13چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە. 14ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەم یەحیایە ئەو ئەلیاسەیە کە خەریکە بێت#11‏:14 بڕوانە مەلاخی 4‏:5،‏‏ پێش هاتنی ڕۆژی لێپرسینەوە ئەلیاس دێتەوە.‏. 15ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
16«بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و یەکتری بانگ دەکەن و 17دەڵێن:
«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“
18یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 19ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»
شارە گوناهبارەکان
20ئینجا عیسا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو. 21«قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش#11‏:21 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ و لەناو خۆڵەمێشدا تۆبەیان دەکرد. 22بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. 23تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان#11‏:23 یۆنانی: هادیس‏: لە ئەندێشە یۆنانییەکان شوێنی ڕۆحی مردووانە لەدوای مردن و بەر لە حوکمدانی یەکجارەکی. بەرامبەر شیۆل‏ی پەیمانی کۆنە. بڕوانە پەیدابوون 37‏:35.‏‏ دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»
وەرن بۆ لام، من دەتانحەسێنمەوە
25لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. 26بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.
27«باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەو کەسانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.
28«وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. 29نیری#11‏:29 نیر: دارێکە دەخرێتە سەر شانی گا یان ڕەشەوڵاخ بۆ ڕاکێشانی عەرەبانە یان ئامێری جووت. من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە، 30چونکە نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

المحددات الحالية:

مەتا 11: KSS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية