مەتا 10

10
بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
1ئینجا عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو، چاکی بکەنەوە.
2ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە:
یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای؛
یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای؛
3فیلیپۆس و بەرتۆلماوس؛
تۆماس و مەتای باجگر؛
یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس؛
4شیمۆنی کانەوی#10‏:4 کانەوی پارتێکی نەتەوەیی ڕادیکالی جولەکە بوو، شیمۆنیش سەر بەو پارتە بوو. بڕوانە لۆقا 6‏:15‏‏.‏ و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
5عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای ناجولەکەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، 6بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. 7کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ 8نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.
9«زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی. 11چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای خاکی سەدۆم و عەمۆرا لە هی ئەم شارە سووکتر دەبێت.
16«من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن. 17لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن، 18لە پێناوی مندا دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان، وەک شایەتی بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن لەوەی کە چی بڵێن و چۆن بیڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20لەبەر ئەوەی ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
21«برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن. 22لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 23کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ#10‏:23 هاتنی کوڕی مرۆڤ: زۆربەی شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لێرەدا مەبەست لە هاتنەوەی عیسایە لە ڕۆژی دوایی.‏.
مەترسن
24«قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە. 25بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعل‌زەبول“#10‏:25 بەعل‌زەبول: خوداوەندی شاری عەقرون بوو لە فەلەستین، بە واتای شەیتان دێت.‏ ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
26«لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. 27ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕایبگەیەنن. 28لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت. 29ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. 31کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
32«بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم. 33بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.
ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
34«وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر!#10‏:34 واتا بەهۆی هاتنی مەسیح، خەڵک دژایەتی قوتابییەکانی دەکەن.‏ 35چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«﴿کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
36دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.﴾#10‏:36 میخا 7‏:6‏‏
37«ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. 38ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. 39ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.
40«ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە. 41ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت. 42ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»

المحددات الحالية:

مەتا 10: KSS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية