Logo YouVersion
Îcone de recherche

پەیدابوون ‮کورتە باسێک‬

کورتە باسێک
خودا بە چاکەی خۆی گەردوونی بە جوانی بەدی هێنا، بەڵام مرۆڤ یاخی بوو، خوداش لە ڕێگای پەیمانبەستن لەگەڵ هەڵبژێردراوانی، گەلی تایبەتی خۆی دروستکرد بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی ڕزگار بکات.‏
پەڕتووکی پەیدابوون تۆمارێکە لەلایەن خوداوە لە ڕێگای موسای پێغەمبەرەوە بە مرۆڤ ڕاگەیەنراوە، لە ساڵانی (1420‏–1220 پ. ز.)، لە دەستپێکیدا بۆمان دووپات دەکاتەوە کە خودا بەدیهێنەری تەواوی گەردوون و مرۆڤە، کە مرۆڤی لە باشترین شوێن و بارودۆخ دانا. لەدوای ئەوەش باسی چۆنیەتی یاخیبوونی مرۆڤ دەکات لە فەرمانی خودا و گوناهباربوونی، هەروەها چۆن خودا پلانی ڕزگارکردنی مرۆڤی داڕشت. موسا بە سروشی خودا (وەحی) ئەم پەڕتووکەی نووسیوە، کە تێیدا بە گشتی باسی مێژووی مرۆڤایەتی و گەشەسەندنی نەتەوەکان و بە تایبەتی باسی سەرەتای مێژووی جولەکە دەکات. لە سەردەمی ئیبراهیم و ئیسحاقی کوڕی و یاقوبی نەوەیەوە، بە وردی باسی گرنگترین چیرۆکی مرۆڤایەتی دەکات کە ئەویش ئیبراهیمی باوکی گەلی خودایە. سەرگوزەشتەی ئیبراهیم لە خاکی میسۆپۆتامیاوە دەستپێدەکات، لە خۆشەویستی و لەخواترسی ئیبراهیمەوە، ئینجا پەیمانی خودا لەگەڵ ئیبراهیم دێتە کایەوە. بە چیرۆکی فرۆشتنی یوسف و گەشەکردنی و کۆچی گەلی خودا بۆ میسر کۆتایی بەم پەڕتووکە دێت.
کڕۆکی ئەم پەڕتووکە باس لە ناساندنی خودا دەکات. لەگەڵ ئەوەی خودا هەموو شتێکی بە باشترین شێوە دروستکرد، بەڵام گوناه هات و جوانی بەدیهێنراوانی شێواند. بۆیە خودا دەستی بە داڕشتنی پلانێک کرد بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە بەند و کۆتی گوناه. هەروەها باسی پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤ و دەسەڵاتی ڕەهای خودا دەکات. دواتر تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن خودا پەیمانی لەگەڵ خەڵکە هەڵبژێردراوەکەی خۆی بەست و قوربانیی سەپاند وەک ژیان لەبری ژیان.

Surbrillance

Partager

Copier

None

Tu souhaites voir tes moments forts enregistrés sur tous tes appareils? Inscris-toi ou connecte-toi

YouVersion utilise des cookies pour personnaliser votre expérience. En utilisant notre site Web, vous acceptez l'utilisation des cookies comme décrit dans notre Politique de confidentialité