مەتا 5

5
وتاری سەر چیا
1کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، 2دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی:
3«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن#5‏:3 ئەوانەی کە دەزانن لەلایەنی ڕۆحییەوە کەموکوڕییان هەیە.‏،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
4خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
5خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە.
6خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی#5‏:6 مەبەست ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی خواستی خودا پەیڕەو بکرێت.‏،
چونکە تێر دەکرێن.
7خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
8خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
چونکە خودا دەبینن.
9خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
11«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
خوێی زەوی و ڕووناکی جیهان
13«ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.
14«ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. 15هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.
تەواوکردنی تەورات
17«وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. 19بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. 20ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
تووڕەیی
21«بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾#5‏:21 دەرچوون 20‏:13‏‏ و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“ 22بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
23«لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە، 24لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.
25«خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. 26ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.
داوێنپیسی
27«بیستووتانە گوتراوە: ﴿داوێنپیسی مەکەن.﴾#5‏:27 دەرچوون 20‏:14‏‏ 28بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە. 29ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. 30ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
تەڵاق
31«دیسان گوتراوە: ﴿ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.﴾#5‏:31 دواوتار 24‏:1‏‏ 32بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
سوێندخواردن
33«دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: ﴿سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.﴾#5‏:33 لێڤییەکان 19‏:12‏‏ 34بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە، 35نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی#5‏:35 کاتێک کەسێک لەسەر کورسییەکی بەرز دادەنیشێت تەختەپێ لەژێر پێیەکانی دادەنرێت.‏، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە. 36سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵە مووێکی سپی یان ڕەش بکەیت. 37با قسەتان ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە#5‏:37 یۆنانی: خراپەکار.‏.
تۆڵەسەندن
38«بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾#5‏:38 دەرچوون 21‏:24‏‏ 39بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە، 40ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ. 41ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
خۆشویستنی دوژمنان
43«بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾#5‏:43 لێڤییەکان 19‏:18‏‏ ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ 44بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، 45تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. 46ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.

المحددات الحالية:

مەتا 5: KSS

تمييز النص

شارك

نسخ

None

هل تريد حفظ أبرز أعمالك على جميع أجهزتك؟ قم بالتسجيل أو تسجيل الدخول

تستخدم YouVersion ملفات تعريف الإرتباط لتخصيص تجربتك. بإستخدامك لموقعنا الإلكتروني، فإنك تقبل إستخدامنا لملفات تعريف الإرتباط كما هو موضح في سياسة الخصوصية