مهتتهی بەندی هەشتەم
بەندی هەشتەم
1 کاتێک ئیشۆع لە چیاکە دابەزی، کۆمەڵانێکی زۆر شوێنی کەوتن. 2 بەڵەکێک هات، کڕنۆشی بۆبرد وتی: “گەورەم، ئەگەر بتانەوێت، دەتوانن بێگەردمکەنەوە”. 3 ئیشۆعیش دەستی درێژکرد، دەستی لێدا، فەرمووی: “دەمەوێت، بێگەرد ببەوە!”. یەکسەر لە بەڵەکییەکەی بێگەرد بووەوە. 4 ئیشۆع پێی فەرموو: “ئاگاداربە، بەکەس مەڵێ. بەڵکو بڕۆ خۆت نیشانی کاهین بدە، ئەو قوربانییەی مووشێ فەرمانی کردووە پێشکەشی بکە، وەک گەواهییەک بۆیان”.
5 کاتێک ئیشۆع چووە نێو کپەڕناخوم، سەرپەلێک هاتە لای، داوای لێکرد 6 وتی: “گەورەم، ڕاژەوانەکەم بە گۆجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئەشکەنجەیەکی زۆری هەیە”. 7 ئیشۆع پێی فەرموو: “خۆم دێم، ساغی دەکەمەوە”. 8 سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە، وتی: “گەورەم، شایستە نیم بێنە ژێر بنمیچم، بەڵکو تەنها فەرمایشتێک بفەرموون ڕاژەوانەکەم ساغ دەبێتەوە. 9 چونکە منیش مرۆڤێکی ژێر دەسەڵاتم. سەربازیش لە ژێر دەستم هەیە. بەمە دەڵێم: بڕۆ! دەڕوات، بەوەی دیکەش: وەرە! دێت، بە بەندەکەشم: ئەمە بکە! دەیکات”. 10 کاتێک ئیشۆع بیستی، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە شوێنی کەوتبوون: “ڕەواتان پێدەڵێم: لە ئیسڕائیلیشدا باوەڕێکی ئەوەندەی ئەمەم نەبینیوە! 11 پێشتان دەڵێم: زۆر کەس لە خۆرهەڵات و خۆرئاواوە دێن، لەگەڵ ئەوڕاهەم و ئسخەق و یاقوو لە شانشینی ئاسماناندا پاڵدەدەنەوە، 12ڕ ۆڵەکانی شانشینیش فڕێدەدرێنە تاریکیی دەرەوە. گریان و جیڕەی ددان لەوێدا دەبێت”. 13 ئینجا ئیشۆع بە سەرپەلەکەی فەرموو: “بڕۆ، با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت”. لەو کاژێرەدا ڕاژەوانەکەی ساغ بووەوە.
14 کاتێک ئیشۆع هاتە ماڵی پەتڕۆس، خەسووی پەتڕۆسی بینی کەوتووە و تای هەیە. 15 دەستی لە دەستی دا، تاکە بەریدا، ئەویش هەستا و ڕاژەی کردن. 16 کاتێک ئێوارە داهات، شێتی زۆریان بۆ هێنا، بە فەرمایشتێک گیانەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی ساغ کردەوە، 17 تاکو ئەوەی لەڕێی پێغەمبەر ئێشەعیا وتراوە بێتەدی: { ئەو دەردەکانی بردین و نەخۆشییەکانی هەڵگرتین}.
18 کاتێک ئیشۆع کۆمەڵانێکی زۆری لە دەوری خۆیی بینی، فەرمانی دا بڕۆن بۆ ئەوبەر. 19 شەریعەتزانێک لێی هاتە پێش، پێی وت: “ڕابی، بۆ کوێ بڕۆن شوێنتان دەکەوم”. 20 ئیشۆع پێی فەرموو: “ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام ڕۆڵەی مرۆڤ جێیەکی نییە سەری لێدابنێت”. 21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی وت: “گەورەم، ڕێگام بدەن یەکەمجار بڕۆم باوکم بنێژم”. 22 ئیشۆع پێی فەرموو: “شوێنمکەوە، با مردووان مردووەکانیان بنێژن”.
23 کاتێک چووە نێو کەشتییەکە، قوتابییەکانی شوێنی کەوتن. 24 شڵەژانێکی مەزن ڕوویدا لە دەریاکە تەنانەت شەپۆڵەکان کەشتییەکەیان داپۆشی، ئەو نووستبوو. 25 قوتابییەکانی هاتنە پێش، بەئاگایان هێنا، وتیان: “گەورەم، فریامان بکەون! وا دەفەوتێین!”. 26 پێی فەرموون: “چیتانە دەترسن کەم باوەڕینە؟”. ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاکەی ڕاخوڕی، بووە هێمنییەکی مەزن. 27 خەڵک سەرسام بوون وتیان: “ئەمە چ مرۆڤێکە؟ با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!”.
28 کاتێک هاتە ئەمبەر بۆ دەڤەری گەدەرین، دوو شێتی زۆر دڕندەی تووش بوو، لە گۆڕستانەوە دەرچووبوون، تەنانەت کەس نەیدەوێرا بەو ڕێگایەدا تێپەڕێت. 29 هاواریان کرد وتیان: “چیتان لێمان دەوێت، ئیشۆعی ڕۆڵەی خودا؟ پێشوەخت بۆ ئێرە هاتوون، تاکو ئەشکەنجەمان بدەن؟”. 30 لە دووریانەوە ڕانە بەرازێکی زۆر دەلەوەڕان. 31 ئەهریمەنەکان داواین لێکرد وتیان: “ئەگەر دەرماندەکەن، ڕێگامان پێبدەن با بڕۆینە نێو ڕانە بەرازەکە”. 32 پێی فەرموون: “بڕۆن”. ئەوانیش دەرچوون و ڕۆیشتنە نێو ڕانە بەرازەکەوە، جا هەموو ڕانە بەرازەکە لە قەدپاڵکەوە بەرەو دەریاکە هەڵدێران، لەنێو ئاوەکەدا مردن. 33 بەرازەوانەکانیش هەڵاتن و بۆ شار ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان ڕاگەیاند، دەربارەی دوو شێتەکەش. 34 سەرجەم شارەکە بۆ بینینی ئیشۆع دەرچوون. کە بینییان، داوایان لێکرد لە سنوورەکەیان بڕوات.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی هەشتەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨