مهتتهی بەندی حەوتەم
بەندی حەوتەم
1 “حوکم مەدەن تاکو حوکم نەدرێن، 2 چونکە بەو حوکمەی دەیدەن حوکم دەدرێنەوە، بەو پێوانەیەی دەیپێون، بۆتان دەپێورێتەوە. 3 بۆچی پووشی نێو چاوی براکەت دەبینیت، کەچی ئاگات لە کاریتەکەی نێو چاوی خۆت نییە؟ 4 یان، چۆن بە براکەت دەڵێیت: با پووشەکەی نێو چاوت دەربهێنم، کەچی کاریتە لەنێو چاوی خۆتدایە؟ 5ڕ ووباز، یەکەمجار کاریتەکەی نێو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشی نێو چاوی براکەت! 6 پارسا مەدەنە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەم بەراز، نەوەک بە قاچیان پێشێلیان بکەن و ڕوو وەرگێڕن و پارچەپارچەتان بکەن.
7 “داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، بۆتان دەکرێتەوە. 8 چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا بدات، بۆی دەکرێتەوە. 9 ئەگینا چ مرۆڤێکتان ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێبکات، بەردی دەداتێ؟ 10 یان داوای ماسیی لێبکات، ماری دەداتێ؟ 11 جا کە ئێوەی بەدکار دەزانن بەخشینی باش بە ڕۆڵەکانتان بدەن، ئاخۆ باوکتان کە لە ئاسماناندایە چەند باشتر دەبەخشێتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! 12 ئەوەی دەتانەوێ خەڵک بۆتانی بکەن، ئێوەش ئەوەیان بۆ بکەن، چونکە ئەمەیە شەریعەت و پێغەمبەران.
13 “لەدەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە دەرگایەکی بەرین و ڕێگایەکی پانە ئەوەی بەرەو فەوتان دەبات، زۆریشن ئەوانەی پێیدا دەڕۆنە ژوورەوە! 14 چەند تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەبات، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە!
15 “ئاگاداربن لە پێغەمبەرانی درۆزن، کە لە بەرگی بەرخدا دێنە لاتان، بەڵام لە ناوەوە گورگی ڕفێنەرەن! 16 بە بەرهەمەکانیان دەیانناسن. ترێ لە دڕک دەڕنن؟ یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 ئاوا هەر درەختێکی باش بەرهەمی باش دروست دەکات، درەختی خراپیش بەرهەمی خراپ دروست دەکات، 18 درەختی باش ناتوانێت بەرهەمی خراپ دروست بکات، درەختی خراپیش ناتوانێت بەرهەمی باش دروست بکات. 19 هەر درەختێک بەرهەمی باش دروست نەکات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە نێو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمەکانیان دەیانناسن.
21 “نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: پەروەردگار، پەروەردگار! دەچێتە نێو شانشینی ئاسمانانەوە. بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم بکات کە لە ئاسماناندایە. 22 زۆرن ئەوانەی ڕۆژەدا پێم دەڵێن: پەروەردگار، پەروەردگار! بەناوتەوە پێشبینیمان نەکرد؟ بەناوتەوە ئەهریمەنەکانمان دەرنەکرد؟ بەناوتەوە پەرجوی زۆرمان نەکرد؟ 23 ئەوکات پێیان ڕادەگەیەنم: هەرگیز نەمناسیون!. لاچن، خراپەکاران!
24 “جا هەرکەسێک ئەم وتانەم ببیستێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی ئەقڵمەند دەیچوێنم، کە خانووەکەی لەسەر تاوێر بنیادنابێت. 25 باران باری، ڕووبارەکان هاتن، ڕەشەبا هەڵیکرد، لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر تاوێر دامەزرابوو. 26 هەرکەسێکیش ئەم وتانەم ببیستێت و پەیڕەوی نەکات، چەشنی پیاوێکی نەزانە، کە خانووەکەی لەسەر لم بنیادنابێت. 27 باران باری، ڕووبارەکان هاتن، ڕەشەبا هەڵیکرد، لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەکەشی مەزن بوو”!.
28 کاتێک ئیشۆع ئەم فەرموودانەی تەواوکرد، کۆمەڵانەکە لە ئامۆژگارییەکەی سەرسام بوون، 29 چونکە وەک دەسەڵاتدارێک ئامۆژگاریی دەکردن، نەک وەکو شەریعەتزانان.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی حەوتەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨