YouVersion logo
Dugme za pretraživanje

مه‌تته‌ی بەندی نۆیەم

بەندی نۆیەم
1 کە چووە نێو کەشتییەکە، پەڕییەوە، هاتە شارەکەی. 2 گۆجێکیان هێنایە لای لەنێو نوێن کەوتبوو. کاتێک ئیشۆع باوەڕیانی بینی، بە گۆجەکەی فەرموو: “متمانەت هەبێت ڕۆڵە. تاوانەکانت بەخشراون”. 3 هەندێک لە شەریعەتزانەکان لە ناخی خۆیان وتیان: “ئەمە کفر دەکات!”. 4 ئیشۆع ئەندێشەیانی زانی، فەرمووی: “بۆچی لە دڵتاندا بیر بەد دەکەنەوە؟ 5 کامیان ئاسانترە بوترێت: تاوانەکانت بەخشراون، یان بوترێت: هەستە ڕێبکە؟ 6 بەڵام تا بزانن ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی تاوانبەخشینی هەیە”. ئەوکات بە گۆجەکەی فەرموو: “هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ ماڵەکەت!”. 7 ئەویش هەستا گەڕایەوە ماڵی خۆی. 8 کاتێک کۆمەڵانەکە بینییان، سام دایگرتن، شکۆداری خودایان کرد کە ئەم جۆرە دەسەڵاتەی بە خەڵک داوە.
9 کە ئیشۆع لەوێ تێدەپەڕی، کابرایەکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتووە، ناوی مەتتەی بوو. پێی فەرموو: “شوێنمکەوە”. هەستا و شوێنی کەوت. 10 لە کاتێکدا لە ماڵ پاڵیدابووەوە، زۆر لە باجگر و تاوانبار هاتن، لەگەڵ ئیشۆع و قوتابییەکانی پاڵیاندایەوە. 11 کە پەڕیشییەکان بینییان، بە قوتابییەکانیان وت: “بۆچی ڕابیتان لەگەڵ باجگر و تاوانباران دەخوات؟” 12 کاتێک ئیشۆع بیستی، پێی فەرموون: “لەشساغان پێویستییان بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆشان. 13 بڕۆن واتای ئەمە فێربن: { میهرەبانیم دەوێت نەک سەربڕاو}، چونکە نەهاتووم بێتاوانەکان بانگ بکەم بۆ تۆبەکردن، بەڵکو تاوانباران”.
14 ئەوکات قوتابییەکانی یوخەننەن هاتنە لای، وتیان: “بۆچی ئێمە و پەڕیشییەکان زۆر ڕۆژوو دەگرین، بەڵام قوتابییەکانتان ڕۆژوو ناگرن؟” 15 ئیشۆع پێی فەرموون: “کەسانی زاوا دەتوانن شیوەن بکەن، لەوکاتەی زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژانێک دێت زاوا لێیان بەرز دەکرێتەوە، ئەوکات ڕۆژوو دەگرن. 16 هیچ کەس کراسی کۆن بە پەڕۆی نوێ پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە دەچێتە ئاو، کراسە قڵیشاوەکەش خراپتر دەکات. 17 مەیی نوێش لەنێو مەشکەی کۆن ناکەن، ئەگینا مەشکەکە دەتەقێت، جا مەیەکە دەڕژێت و مەشکەکەش دەفەوتێت. بەڵکو مەیی نوێ لەنێو مەشکەی نوێ دەکرێت جا هەردووکیان پارێزراو دەبن”.
18 کاتێک ئەمەی دەفەرموو، سەرۆکێک هات، کڕنۆشی بۆ برد، وتی: “هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرن دەستی لەسەر دابنێن، زیندوو دەبێتەوە”. 19 ئیشۆعیش هەستا، خۆی و قوتابیەکانی شوێنی کەوتن. 20 ئەوەبوو ئافرەتێک کە دوازدە ساڵ بوو خوێن بەربوونی هەبوو، لە دواوە هات و دەستی لە چمکی جلەکەی دا، 21 چونە لە ناخی خۆیدا وتبووی: “ئەگەر تەنها دەست لە جلەکانیشیان بدەم، ساغ دەبمەوە”. 22 ئیشۆع ئاوڕی دایەوە و بینی، فەرمووی: “متمانەت هەبێت کچم، باوەڕت ساغی کردیتەوە”. ئافرەتەکە لەو کاژێرەدا ساغ بووەوە. 23 کاتێک ئیشۆع هاتە ماڵی سەرۆکەکە، زوڕنا ژەنان و کۆمەڵێکی پەشێوی بینی، 24 پێی فەرموون: “لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو خەوتووە”. پێی پێکەنین. 25 کاتێک کۆمەڵەکەی دەرکرد، هاتە ژوورەوە و دەستی گرت، کچەکە هەستایەوە. 26 ئەم هەواڵەش دەرچوو، بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاوبووەوە.
27 کە ئیشۆع بەوێدا تێدەپەڕی، دوو نابینا شوێنی کەوتن، هاواریان دەکرد، دەیانوت: “بەزەییتان پێماندا بێتەوە ڕۆڵەی داوید!”. 28 کاتێک هاتە ماڵەوە، دوو نابیناکە لێی هاتنە پێش. ئیشۆع پێی فەرموون: “باوەڕتان هەیە من بتوانم ئەمە بکەم؟”. پێیان وت: “بەڵێ گەورەم!”. 29 ئەوکات دەستی لە چاویان دا، فەرمووی: “با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت”. 30 چاویان کرایەوە. ئیشۆعیش سەرزەنشتی کردنەوە و فەرمووی: “ئاگاداربن، با کەس نەزانێت!”. 31 بەڵام ڕۆیشتن، لە هەموو ناوچەکەدا بڵاویان کردەوە.
32 کاتێک دەردەچوون، کابرایەکی لاڵ و شێتیان هێنایە لای. 33 کاتێک ئەهریمەنەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد، کۆمەڵانەکەش سەرسام بووم، وتیان: “هەرگیز لە ئیسڕائیلدا شتی وا دیارنەکەوتووە!”. 34 بەڵام پەڕیشییەکان وتیان: “بە سەرۆکی ئەهریمەنان ئەهریمەنەکان دەردەکات!”.
35 ئیشۆع بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان ئامۆژگاریی دەکردن و بانگەوازی موژدەی شانشینیەکەی دەکرد، هەموو نەخۆشی و لاوازییەکی نێو گەلی ساغ دەکردەوە. 36 کاتێک کۆمەڵانەکەی بینی دڵی پێیان سوتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و کەوتبوون. 37 ئەوکات بە قوتابییەکانی فەرموو: “دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. 38 داوا لە پەروەردگاری دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت”.

Istaknuto

Kopiraj

Uporedi

Podeli

None

Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi