YouVersion logo
Dugme za pretraživanje

مه‌تته‌ی بەندی شەشەم

بەندی شەشەم
1 “ئاگاداربن لەوەی بەخشینەکانتان لەبەردەم خەڵک بکەن تا بتانبینن، ئەگینا پاداشتتان نییە لەلای باوکتان وا لە ئاسماناندایە. 2 هەرکات بەخشینێکت کرد، لەپێش خۆت کەڕنا لێمەدە، وەک ڕووبازەکان کە لە کەنیشت و کۆڵانەکاندا دەیکەن، تا خەڵک شکۆدرایان بکەن. ڕەواتان پێدەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرت! 3 بەڵام تۆ، هەرکات بەخشینێکت کرد، با دەستی چەپت نەزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، 4 تا بەخشینەکەت شاراوە بێت. باوکت وا لە شاراوەدا دەبینێت، بە ئاشکرا پاداشتت دەداتەوە.
5 “هەرکات نوێژت کرد وەک ڕووبازەکان مەبە، کە حەزدەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکاندا نوێژبکەن، تا بۆ خەڵک دیاربن. ڕەواتان پێدەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرت! 6 بەڵام تۆ هەرکات نوێژت کرد، بڕۆ ژوورەکەت، دەرگاکەت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکت وا لە شاراوەدایە. باوکت کە لە شاراوەدا دەبینێت، بە ئاشکرا پاداشتت دەداتەوە. 7 کاتێک نوێژدەکەن، وەک نەتەوەکان ناڕەوا قسە دووبارە مەکەنەوە، ئەوان وادەزانن بە زۆروتنیان وەڵامیان دەدرێتەوە. 8 چەشنی ئەوان مەبن. چونکە باوکتان دزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێیکەن.
9 “ئێوە ئاوا نوێژبکەن: (بابمان کە لە ئاسمانانیت، ناوت پارسا بێت، 10 شانشینیەکەت بێت، خواستت لەسەر زەوی بێت وەک لە ئاسمان. 11 نانی بەسکردنی ڕۆژانەمان بدەرێ. 12 تاوانەکانمان ببەخشە، ئێمەش لەقەرزارەکانمان خۆشدەبین. 13 مەمانخەرە نێو تاقیکردنەوە، بەڵکو قورتارمان بکە لە بەدکار. چونکە شاهێتی و هێز و شکۆ هی خۆتە تا جاویدانی. ئامین). 14 چونکە ئەگەر هەڵەکانی خەڵک ببەخشن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان دەتانبەخشێت. 15 ئەگەر هەڵەکانی خەڵک نەبەخشن، ئەوا باوکیشتان هەڵەکانتان نابەخشێت.
16 “هەرکات ڕۆژووتان گرت، ڕووگرژ مەبن وەک ڕووبازەکان، کە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵک دیاربخەن کە ڕۆژوویان گرتووە. ڕەواتان پێدەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرت. 17 بەڵام تۆ، کە ڕۆژوو دەگریت، سەرت چەور بکە و ڕوخسارت بشۆ، 18 تا بۆ خەڵک دیارنەکەوێت کە ڕۆژووت گرتووە، بەڵکو بۆ باوکت وا لە شاراوەدایە. باوکت کە لە شاراوەدا دەبینێت، بە ئاشکرا پاداشتت دەداتەوە.
19 “لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆ مەکەنەوە، کە مۆرانە و ژەنگ خراپی دەکەن، دزیش دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسماندا کۆ بکەنەوە، کە نە مۆرانە و نە ژەنگ خراپی دەکەن، نە دزیش دەیبڕێت و بیدزێت، 21 چونکە گەنجینەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت. 22 چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساکار بێت، ئەوا گشت جەستەت ڕووناکە، 23 ئەگەر چاوت بەدکار بێت، ئەوا گشت جەستەت تاریک دەبێت، ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لەنێوتادایە تاریک بێت، ئاخۆ دەبێت تاریکی چۆن بێت!
24 “کەس ناتوانێت ڕاژەی دوو گەورە بکات، چونکە یان ڕقی لە یەکێکیان دەبێت و ئەوی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوی دیکە پشتگوێدەخات. ناتوانن ڕاژەی خودا و پارە بکەن.
25 “بۆیە پێتان دەڵێم: خەمی ژیانتان نەبێت، چی بخۆن و چی بخۆنەوە، نە بۆ جەستەشتان چی بپۆشن. ژیان لە چێشت باشتر نییە؟ جەستەش لە پۆشاک؟ 26 بڕواننە باڵندەی ئاسمان: نە دەڕوێنن، نە دروێنە دەکەن، نە لە عەمباردا کۆدەکەنەوە، کەچی باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئێوە لەوان باشتر نین؟ 27 کامتان ئەگەر خەمی خوارد، دەتوانێت یەک کاژێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ 28 بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ بڕواننە شلێرەکانی کێڵگە چۆن گەشە دەکەن! ڕەنج نادەن، ناڕێسن. 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت شلیمونیش لەوپەڕی شکۆداریدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 30 ئەگەر گیای کێڵگە کە ئەمڕۆ هەیە و سبەینێ فڕێدەدرێتە تەنوورەوە خودا ئاوا دەیپۆشێت، ئاخۆ دەبێت ئێوە چەند باشتر پۆشتەتان بکات، کەم باوەڕینە؟ 31 ئیتر خەم مەخۆن بڵێن: چی بخۆین؟ یان چی بخۆینەوە؟ یان چی بپۆشین؟ 32 هەموو ئەمانە نەتەوەکان داوای دەکەن. چونکە باوکی ئاسمانیتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەمانە هەیە. 33 بەڵکو یەکەمجار داوای شانشینی و بێتاوانیی خودا بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت. 34 ئیتر خەمی سبەینێ مەخۆن، چونکە سبەینێ خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک بەدیی خۆی بەسە”.

Istaknuto

Kopiraj

Uporedi

Podeli

None

Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi