مهتتهی بەندی دوازدەیەم
بەندی دوازدەیەم
1 لەو کاتەدا، لە شەممە ئیشۆع بەنێو دەغڵاندا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیانکرد بە گوڵەگەنم پڕواندن و خواردنی. 2 کە پەڕێشییەکان بینییان، پێیان وت: “ئەوەتا قوتابییەکانت ئەوە دەکەن کە دروست نییە لە شەممەدا بکرێت!”. 3 ئەویش پێی فەرموون: “نەتانخوێندووەتەوە داوید چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کە برسییان بوو؟ 4 چۆن چووە نێو خانەی خودا، نانی قوربانیی خوارد، کە بۆ خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێت؟ 5 یان لە شەریعەتدا نەتانخوێندووەتەوە کە کاهینان، شەممان لە پەرستگەدا، شەممە گڵاو دەکەن، بێتاوانیشن؟ 6 بەڵام پێتان دەڵێم: مەزنتر لە پەرستگە لێرەیە! 7 ئەگەر واتای ئەمەتان بزانیبایە: { میهرەبانیم دەوێت نەک سەربڕاو}، ئەوا بێتاوانانتان تاوانبار نەدەکرد! 8 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ، پەروەردگاری شەممەشە”.
9 لەوێ ڕۆیشت، هاتە کەنیشتەکەیان، 10 ئەوەبوو کابرایەک دەستێکی وشکبوو، لێیان پرسی: “لە شەمماندا ساغ کردنەوە دروستە؟” تاکو سکاڵای لێبکەن. 11 پێی فەرموون: “چ مرۆڤێکتان ئەگەر کاوڕێکی هەبێت، لە شەممەدا بکەوێتە چاڵێک، نایگرێت و دەریبهێنێت؟ 12 مرۆڤ چەند لە کاوڕ باشترە! کەواتە لە شەمماندا چاکەکردن دروستە!” 13 ئینجا بە کابراکەی فەرموو: “دەستت درێژ بکە”. ئەویش درێژی کرد و ساغ بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە.
14 پەڕیشییەکانیش کە دەرچوون، ڕاوێژیان کرد چۆن بیفەوتێنن. 15 ئیشۆعیش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت. جا کۆمەڵانێکی زۆر شوێنی کەوتن، ئەویش هەموویانی ساغ کردەوە. 16ڕ ایسپاردن کە ئاشکرای نەکەن، 17 تا ئەوەی لەڕێی پێغەمبەر ئێشەعیا وترابوو بێتەدی کە دەفەرمووێت: 18 { ئەوەتا ڕۆڵەکەم کە هەڵمبژاردووە، خۆشەویستم کە ناخم پێی شادمانە، گیانم دەخەمە سەری، جا ڕەوا بە نەتەوەکان ڕادەگەیەنێت. 19 ناکۆکی ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامەکاندا دەنگی نابیستێت. 20 قامیشی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی دووکەڵکردە ناکوژێنێتەوە، تاکو ڕەوا بە سەرکەوتن دەگەیەنێت. 21نەتەوەکان هیوایان بەناوی دەبێت}”.
22 ئەوکات شێتێکی نابینا و لاڵیان بۆ هێنا، ساغی کردەوە، تا ئەوەی نابینا و لاڵەکە قسەی کرد و بینی. 23 کۆمەڵانەکە هەموو سەرسام بوون، وتیان: “دەبێت ئەمە ڕۆڵەی داوید بێت؟” 24 بەڵام پەڕیشییەکان کاتێک بیستیان وتیان: “ئەمە ئەهریمەنەکان دەرناکات مەگەر بە بەعلەزبولی سەروکی ئەهریمەنەکان نەبێت”. 25 ئیشۆع ئەندێشەیانی زانی، پێی فەرموون: “هەر شانشینێک دووبەرەکیی تێدا بێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان هەر ماڵێک دووبەرەکیی تێدا بێت، جێگیر نابێت. 26 ئەگەر ئەهریمەن، ئەهریمەن دەربکات، ئەوا دووبەرەکیی تێدایە، ئیتر چۆن شانشینییەکەی جێگیر دەبێت؟ 27 ئەگەر من بە بەعلەزبول ئەهریمەن دەربکەم، ئەی ڕۆڵەکانتان بە کێ دەریان دەکەن؟ بۆیە ئەوان دەبنە دادوەرتان! 28 بەڵام ئەگەر من بە گیانی خودا ئەهریمەنەکان دەربکەم، ئەوا شانشینی خودا هاتووەتە سەرتان! 29 یان چۆن یەکێک دەتوانێت بچێتە نێو ماڵی بەهێزێک، شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەمجار بەهێزەکە نەبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟ 30 ئەوەی لەگەڵم نییە دژمە، ئەوەی لەگەڵم کۆ ناکاتەوە، بڵاوی دەکاتەوە. 31 بۆیە پێتان دەڵێم: هەموو تاوان و کفرێک دەبەخشرێت بۆ خەڵک، بەڵام کفرکردن بە گیانەکە، نابەخشرێت بۆ خەڵک، 32 ئەوەی وشەیەک بە ڕۆڵەی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی وشەیەک بە گیانی پارسا بڵێت، هەرگیز نابەشخرێت، نە لەم دونیایە، نە لە داهاتوو. 33 وابکەن درەخت باش بێت، بەرهەمی باش دەبێت. یان وا بکەن درەخت خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەبێت، چونکە بە بەرهەم درەخت دەناسرێت. 34 بێچوی ماران! چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن، کە خۆتان بەدکارن؟ زار ئەوە دەڵێت کە لە دڵ دەڕژێتەوە. 35 مرۆڤی باش لە گەنجینەی باش لە نێو دڵ شتی باش دەردەهێنێت، مرۆڤی بەدکار، لە گەنجینەی بەد، بەدی دەردەهێنێت. 36 بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی ناڕەوا کە خەڵک پێی دەدوێت، لە ڕۆژی حوکمداندا هەژماردی دەدەن. 37 چونکە بە قسەت بێتاوان دەکرێیت، بە قسەشت حوکم دەدرێیت”.
38 ئەوکات هەندێک شەریعەتزان و پەڕیشی وەڵامیان دایەوە، وتیان: “ڕابی، دەمانەوێت نیشانەیەکتان لێ ببینین”. 39 وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “نەوەیەکی بەدکار و بەدڕەوشت داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، بێجگەلە نیشانەی پێغەمبەر یۆنەن. 40 جا چۆن یۆنەن سێ ڕۆژ و سێ شەو لەنێو سکی نەهەنگەگەدا بوو، ئاواش ڕۆڵەی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شەو لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. 41 لە حوکمداندا پیاوانی نەینەوا، لەگەڵ ئەم نەوەیە ڕادەوستن و حوکمی دەدەن، چونکە بە بانگەوازەکەی یۆنەن تۆبەیان کرد. ئەوەتا لە یۆنەن مەزنتر لێرەیە! 42 لە حوکمداندا شاژنی باشوور لەگەڵ ئەم نەوەیە ڕادەوستێت و حوکمی دەدات، چونکە لەوپەڕی زەویەوە هات بۆ گوێگرتن لە پەندیاریی شلیمون. ئەوتا لە شلیمون مەزنتر لێرەیە! 43 کاتێک گیانی گڵاو لە مرۆڤ دەردەچێت، لە چۆڵەوانیدا بەشوێنی سرەوتن دەگەڕێت و نایدۆزێتەوە. 44 ئینجا دەڵێت: دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم کە لێی دەرچووم. دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕازاوەیە. 45 ئینجا دەروات، حەوت گیانی لەخۆی بەدتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنە نێویەوە و لەوێدا نیشتەجێ دەبن. جا پایانەکانی ئەو مرۆڤە لە سەرەتاکانی بەدتر دەبێت! بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت”.
46 کاتێک کە قسەی بۆ کۆمەڵانەکە دەفەرموو، دایک و برایانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. 47 یەکێک پێی وت: “ئەوە دایکتان و براکانتانە لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێت لەگەڵتان بدوێن”. 48 وەڵامی قسەگەری دایەوە، فەرمووی: “دایکم کێیە و براکانم کێن؟” 49 ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا، فەرمووی: “ئەوەتا دایک و براکانم، 50 چونکە ئەوەی بە خواستی باوکم بکات کە لە ئاسماناندایە، ئەوا برا و خوشک و دایکمە”.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی دوازدەیەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨