YouVersion logo
Dugme za pretraživanje

مه‌تته‌ی بەندی سێزدەیەم

بەندی سێزدەیەم
1 لەو ڕۆژەدا ئیشۆع لە ماڵ دەرچوو، لەلای دەریاکە دانیشت. 2 کۆمەڵانێکی زۆر لێی کۆبووەوە، وابوو چووە نێو کەشتیەک دانیشت. کۆمەڵانەکەش هەموو لە کەنارکە ڕاوەستان. 3 بە پەند باسی زۆر شتی بۆ کردن، فەرمووی: “تۆودەر دەرچوو تۆو بکات. 4 کە تۆوی دەکرد، هەندێکی کەوتە سەر ڕێگا، باڵندە هاتن خواردیانن. 5 هەندێکیش کەوتە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە گڵی زۆری نەبوو، خێرا سەری دەرکرد، قووڵیی گڵیشی نەبوو. 6 بەڵام کە خۆر هەڵهات سوتا، لەبەرئەوەی ڕەگی نەبوو، وشک بوو. 7 هەندێکیشیان کەوتە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون، خنکاندیانن. 8 هەندێکیشان کەوتە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک سەد، هەندێک شەست، هەندێکیش سی. 9 ئەوەی دوو گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!”.
10 قوتابییەکان هاتنە پێشەوە، پێیان وت: “بۆچی بە پەندیان بۆ دەفەرموون؟” 11 وەڵامی دانەوە، فەرمووی: “چونکە پێتان دراوە نهێنییەکانی شانشینی ئاسمانان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە. 12 ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و زیاد دەکرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، ئەوەش کە هەیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13 بۆیە بە پەند قسەیان بۆ دەکەم، چونکە تەماشا دەکەن، نابینن. گوێدەگرن، نابیستن و تێناگەن. 14 پێشبینییەکەی ئێشەعیا لەواندا هاتەدی، کە دەفەرمووێت: { بیستن دەبیستن، تێناگەن. تەماشاکردن تەماشادەکەن، نابینن. 15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە، گوێیان گران بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن، بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە و ساغیان بکەمەوە}. 16 بەڵام، بەختەوەری بۆ چاوتان، چونکە دەبینێت، بە گوێتان، چونکە دەبیستێت. 17ڕ ەواتان پێدەڵێم: زۆر پێغەمبەر و چاکخواز بە ئاواتەوە بوون ئەوەی ئێوە دەیبینن بیبین و نەیانبینی، ئەوەش ئێوە دەیبیستن، بیبیستن و نەیانبیست.
18 “کەواتە پەندی تۆودەرەکە ببیستن: 19 هەر کەسێک فەرمایشتی شانشین ببیستێت و تێینەگات، بەدکار دێت، ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمە ئەوەیە کە لەسەر ڕێگاکە تۆوکرا. 20 ئەوەی لە زەوییە بەردەڵانەکە تۆوکرا، ئەوەیە کە فەرمایشتەکە دەبیستێت، یەکسەر بەدڵخۆشییەوە پەسەندی دەکات، 21 بەڵام لە خودی خۆیدا بێ ڕەگە و کاتییە، کاتێک لەپێناوی فەرمایشتەکە تەنگانە و چەوسانەوە ڕوودەدات، یەکسەر تەگەرە دەکات. 22 ئەوەی لەنێو دڕکاندا تۆوکرا، ئەوەیە کە گوێ لە فەرمایشتەکە دەگرێت، بەڵام خەمی دونیا و فریوی سامان، فەرمایشتەکە دەخنکێنن، بێ بەرهەم دەبێت. 23 بەڵام ئەوەی لەسەر زەوییە چاکەکە تۆوکرا، ئەوەیە کە فەرمایشتەکە دەبیستێت و تێدەگات. ئەوەیە کە بەرهەم دەدات، سەد، شەست، سی”.
24 پەندێکی دیکەی بۆ هێنانەوە فەرمووی: “شانشینی ئاسمانان چەشنی کابرایەکە تۆوی باش لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک نووستبوون، دوژمنەکەی هات، لەنێو گەنمەکەدا زیوانی چاند و ڕۆیشت. 26 کاتێک ڕووەکەکە ڕوا و بەری گرت، زیوانەکەش دەرکەوت. 27 بەندەی خاوەن ماڵ هاتن، پێیان وت: گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتاندا تۆوی باشتان تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیوانە لەکوێوە هات؟ 28 ئەویش پێی وتن: کابرایەکی دوژمن ئەمەی کردووە. بەندەکانیش پێیان وت: دەتانەوێت بچین کۆیان بکەینەوە؟ 29 وتی: نەخێر! نەوەک لەگەڵ کۆکردنەوەی زیوان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30 تاکو کاتی دروێنە لێیگەڕێن با بەیەکەوە گەشە بکەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم: یەکەمجار زیوانەکە کۆبکەنەوە، بەکۆمەڵ بیانبەستنەوە تاکو بسوتێندرێن، گەنمەکەش لە عەمبارەکەمدا کۆبکەنەوە”.
31 پەندێکی دیکەی بۆ هێنانەوە، فەرمووی: “شانشینی ئاسمانان چەشنی دەنکە خەردەلێکە کە کابرایەک بیبات، لە کێڵگەکەیدا بیچێنێت، 32 کە بچووکترین تۆوە. بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر چڵەکانیدا هێلانە دەکەن”.
33 پەندێکی دیکەی بۆ فەرموون: “شانشینی ئاسمانان چەشنی هەوێنێکە ئافرەتێک بردی، خستییە نێو سێ پێوانە ئاردەوە، تاکو هەمووی هەڵهات”. 34 ئیشۆع هەموو ئەمانەی بە پەند بۆ کۆمەڵانەکە فەرموو، بەبێ پەند فەرموودەی بۆ نەدەکردن، 35 تا ئەوەی لەڕێی پێغەمبەرێک وتراوە بێتەدی، کە دەفەرمووێت: { بە پەند زارم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی دونیاوە شاراوەیە دەریدەبڕم}”.
36 ئەوکات کۆمەڵانەکەی بەڕێکرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییەکانی لێی هاتنە پێش، وتیان: “پەندی زیوانی نێو کێلگەکەمان بۆ ڕاڤە بکەن”. 37 وەڵامی دایەوە، پێی فەرموون: “تۆودەری تۆوە باشەکە، ڕۆڵەی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش دونیایە، تۆوە باشەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن. زیوانەکەش ڕۆڵەکانی بەدکارەکەن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە. دروێنەکەش پایانی دونیایە. سەپانەکانیش فریشتەکانن. 40 وەک زیوانەکە کۆ دەکرێتەوە و بە ئاگر دەسوتێندرێت، لە پایانی دونیاشدا وا دەبێت: 41ڕ ۆڵەی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپکار و خراپەکاران لە شانشینیەکەی کۆدەکەنەوە، 42 فڕێیان دەدەنە نێو کوورەی ئاگرەوە، گریان و جیڕەی ددان لەوێدا دەبێت. 43 ئەوکات چاکخوازان لە شانشینی باوکیاندا وەک خۆر دەدرەوشێنەوە. ئەوەی دوو گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.
44 شانشینی ئاسمانان چەشنی گەنجینەیەکە لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کابرایەک دۆزییەوە و شاردییەوە. لە خۆشیان ڕۆیشت، چیی هەبوو فڕۆشتی و ئەو کێڵگەیەی پێ کڕی. 45 هەروەها شانشینی ئاسمانان چەشنی بازرگانێکە بە شوێن مروایی باشدا دەگەڕا، 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، ڕۆیشت هەرچی هەیبوو فڕۆشتی و مروارییەکەی کڕی. 47 هەروەها شانشینی ئاسمانان چەشنی تۆڕێکە فڕێدرابێتە دەریاوە، لە هەموو جۆرێک کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک پڕبوو، ڕایانکێشایە کەنار، دانیشتن باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە، خراپەکانیشیان فڕێ دا دەرەوە. 49 لە پایانی دونیاش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دەردەچن، بەدکاران لە چاکخوازاندا جیا دەکەنەوە، 50 فڕێیان دەدەنە نێو کوورەی ئاگرەوە. گریان و جیڕەی ددان لەوێدا دەبێت”.
51 ئیشۆع پێی فەرموون: “هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟”. وتیان: “بەڵێ گەورەم”. 52 جا پێی فەرموون: “بۆیە هەر شەریعەتزانێکی ڕاهێنراو لە شانشینی ئاسمانان، چەشنی خاوەن ماڵێکە لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت”. 53 کاتێک ئیشۆع ئەم پەندانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت.
54 کە هاتەوە نیشتمانەکەی، لە کەنیشتەکەیان ئامۆژگاریی دەکردن، تا ئەوەی سەرسام بوون، وتیان: “ئەمە ئەم دانایی و پەرجوانەی لەکوێ بوو؟ 55 ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مەریەم نییە؟ یاقوو و یۆسی و شیمعون و ئیهوودا برای نین؟ 56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟” 57 جا ساتمەیان لێی کرد. بەڵام ئیشۆع پێی فەرموون: “پێغەمبەر بێ ڕێز نییە تەنها لە نیشتمان و ماڵی خۆیدا نەبێت”. 58 لەوێدا پەرجوی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.

Istaknuto

Kopiraj

Uporedi

Podeli

None

Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi