مهتتهی بەندی یازدەیەم
بەندی یازدەیەم
1 پاش ئەوەی ئیشۆع لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت، چوو بۆ ئامۆژگاری کردن و موژدەدان لە شارەکانیان.
2 کاتێک یوخەننەن لە زیندانەکەدا کارەکانی مەسیحی بیست، دوو لە قوتابییەکانی خۆیی نارد، 3 پێی فەرموو: “ئێوەن ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟” 4 ئیشۆعیش وەڵامی دانەوە، پێی فەرموون: “بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یوخەننەنی ڕابگەیەنن: 5 نابیناکان دەبینن، شەلەکان ڕێدەکەن، بەڵەکەکان بێگەرد دەبنەوە، کەڕەکان دەبیستن، مردووان هەڵدەستنەوە، هەژاران موژدەیان پێدەدرێت. 6 بەختەوەریش بەوەی ساتمەم لێناکات”.
7 کاتێک ئەمانە ڕۆیشتن، ئیشۆع دەربارەی یوخەننەن بۆ کۆمەڵانەکە دەستیکرد بە قسەفەرموون: “بۆ بینینی چی دەرچوونە دەشتودەر؟ قامیشێک کە با دەیجووڵێنێت؟ 8 ئەی بۆ بینینی چی دەرچوون؟ مرۆڤێک کە پۆشاکی نەرمی پۆشیوە؟ ئەوەتا ئەوانەی پۆشاکی نەرم دەپۆشن لە ماڵی شایاندان؟ 9 بۆ بینینی چی دەرچوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش باشتر. 10 ئەمە ئەوەیە کە دەربارەی نووسراوە: { ئەوتا فریشتەکەم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات لەبەردەمت ئامادە دەکات}. 11ڕ ەواتان پێدەڵێم: لەنێو لەژنبوواندا، لە یوخەننەنی عەمادکار مەزنتر نەبووە، بەڵام بچووکترینی نێو شانشینی ئاسمانان لەو مەزنترە. 12 لە ڕۆژانی یوخەننەنی عەمادکارەوە تا ئێستا شانشینی ئاسمانان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەیڕفێنن. 13 چونکە هەموو پێغەمبەران و شەریعەت، تاکو هاتنی یوخەننەن پێشبینییان کردووە. 14 ئەگەر دەتانەوێت پەسەندی بکەن، ئەمە ئیلییایە کە بەتەمابوو بێت. 15 ئەوەی دوو گوێی هەیە بۆ بیستن با ببیستێت!
16 “ئەم نەوەیە بە چی بچوێنم؟ چەشنی کوڕانێکن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون، بانگی هاوڕێیەکانیان دەکەن، 17 دەڵێن: زوڕنامان بۆ لێدان، سەماتان نەکرد! شیوەنمان بۆ گێڕان، لەخۆتان نەدا! 18 چونکە یوخەننەن هات، نە دەخوات، نە دەنۆشێت، دەڵێن: ئەهریمەنی تێدایە. 19ڕ ۆڵەی مرۆڤ هات، دەخوات و دەنۆشێت، دەڵێن: ئەمە کابرایەکی بخۆر و مەیخۆرە، خۆشەویستی باجگران و تاوانبارانە. بەڵام دانایی بە ڕۆڵەکانی سەلمێندرا”.
20 ئەوکات دەستی بە سەرزەنشتی ئەو شارانەی کرد کە زۆربەی پەرجوەکانی تیایاندا نواندبوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو: 21 “وەی بەحاڵت کورازین! وەی بەحاڵت بەیتسەیدەن! چونکە ئەو پەرجوانەی لەنێوتاندا کران، لە سووڕ و سەیدەن بکرابان، هەر زوو بە تەلیس و خۆڵەمێشەوە تۆبەیان دەکرد. 22 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی حوکمداندا باری سووڕ و سەیدەن لە هی ئێوە سووکتر دەبێت. 23 تۆش کپەڕناخوم، بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟! بۆ کەنگەڵان دادەبەزێت، چونکە ئەگەر لە سەدوومدا ئەو پەرجوانە بکرابان کە لەنێوتدا کران، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی حوکمداندا باری زەویی سەدووم لە هی تۆ سووکتر دەبێت”.
25 لەو کاتەدا ئیشۆع فەرمووی: “سوپاست دەکەم باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە، بۆ منداڵان ئاشکرات کردووە. 26 بەڵێ باوکە، چونکە شادمانی ئاوا بوو لە بەردەمت. 27 لە باوکمەوە هەموو شتێکم دراوەتێ، کەس ڕۆڵە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها ڕۆڵە و ئەوە نەبێت کە ڕۆڵە دەیەوێت بۆی ئاشکرای بکات. 28 وەرن بۆ لام هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانسرەوێنم. 29 هەوجارم بخەنە سەر خۆتان و لێم فێربن، چونکە دڵنەرم و خاکسارم، جا سرەوتن بۆ ناختان دەدۆزنەوە. 30 چونکە هەوجارەکەم ئاسانە و بارەکەم سووکە”.
Trenutno izabrano:
مهتتهی بەندی یازدەیەم: PNTZS
Istaknuto
Kopiraj
Uporedi
Podeli
Želiš li da tvoje istaknuto bude sačuvano na svim tvojim uređajima? Kreiraj nalog ili se prijavi
© Bible Society in Lebanon (2018)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٨