لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و حەوتەم

بەندی بیست و حەوتەم
1 کاتێک بووە بەیانی، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل دژ بە ئیشۆع ڕاوێژیانکرد تاکو بیکوژن. 2 جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیڵاتۆسی پۆنتوسی فەرمانڕەوا.
3 ئەوکات ئیهوودا ئەوەی ڕادەستی کرد کە بینی ئیشۆع بڕیاری بەسەر درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە، 4 وتی: “تاوانم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم ڕادەست کرد”. وتیان: “بەئێمە چی؟ خۆت دەزانیت!” 5 ئەویش زیوەکانی لە پەرستگەدا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی خنکاند. 6 جا کاهینانی باڵا زیوەکانیان هەڵگرتەوە، وتیان: “دروست نییە بیخەینە نێو گەنجینەوە، چونکە نرخی خوێنە”. 7ڕ اوێژیان کرد و کێڵگەی گۆزەچییەکەیان پێ کڕی، بۆ گۆڕستانی بێگانان. 8 بۆیە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆ پێی دەوترێت “کێڵگەی خوێن”. 9 ئەوکات ئەوەی لەڕێی پێغەمبەر ئێرمیا وتراوە، هاتەدی: { سی زیوەکەیان برد، نرخی بەها بۆ دانراو، ئەوەی ڕۆڵەکانی ئیسڕائیل خەمەڵاندیان، 10 بە کێڵگەی گۆزەچییەکەیان دا، وەک پەروەردگار فەرمانی پێدام}.
11 ئیشۆع لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا. فەرمانڕەوا لێی پرسی، وتی: “تۆ شای جوویت؟”. ئیشۆعیش پێی فەرموو: “خۆت دەڵێیت”. 12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیڵاتوس پێی وت: “نابیستیت چەند گەواهیت لەسەر دەدەن؟”. 14 تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
15 لە جەژندا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت، دیلێک بۆ کۆمەڵەکە ئازاد بکات، ئەوەی بیانەوێت. 16 لەو کاتەدا دیلێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناوی بەڕئەببا بوو. 17 جا کاتێک کۆبووبوونەوە، پیڵاتوس پێی وتن: “کێتان دەوێت بۆتانی ئازادبکەم؟ بەڕئەببا یان ئیشۆع، ئەوەی پێی دەوترێت مەسیح؟” 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردبوو. 19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد، وتی: “نەکەیت شتێک لەو بێتاوانە بکەیت، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت”. 20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران کۆمەڵانەکەیان جۆش دا کە داوای بەڕئەببا بکەن و ئیشۆع بفەوتێنن. 21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە، پێی وتن: “لەم دووانە کامەتان دەوێت بۆتان ئازاد بکەم؟”. وتیان: “بەڕئەببا!”. 22 پیڵاتوس پێی وتن: “ئەی چی لە ئیشۆع بکەم، ئەوەی پێی دەوترێت مەسیح؟”. هەموویان وتیان: “لەخاچ بدرێت!” 23 فەرمانڕەوا وتی: “چ بەدییەکی کردووە؟”. زیاتر هاواریان کرد، دەیانوت: “لەخاچ بدرێت!”. 24 پیڵاتۆس بینی کەڵکی نییە و خەریکە ئاژاروە ڕووبدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم کۆمەڵەکە دەستی شوشت، وتی: “من بێبەراییم لە خوێنی ئەم بێتاوانە! خۆتان دەزانن!”. 25 گەل هەمووی وەڵامیان دایەوە: “خوێنی لە ئەستۆی خۆمان و منداڵمان بێت”. 26 ئەوکات بەڕئەببای بۆ ئازاد کردن، بەڵام ئیشۆعی دایە بەر قامچی و ڕادەستی کرد بۆ لەخاچدان.
27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا ئیشۆعیان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایی برد و تەواوی تیپەکەیان لێ کۆکردەوە. 28ڕ ووتیان کرد و عەبایەکی سووریان لەبەرکرد. 29 تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستە ڕاستی. لەبەردەمی چۆکیان دادەدا و گاڵتەیان پێدەکرد، دەیانوت: “سڵاو شای جوو!”. 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بەسەریاندا کێشا. 31 پاش ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، عەباکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بۆ لەخاچدانیان برد.
32 کاتێک دەردەچوون کابرایەکی قەورینێیان بینی ناوی شیمعون بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتە ئەو شوێنەی پێی دەوترا گاغولتا، کە ناونراوە “شوێنی کاسەسەر” 34 سرکەی تێکەڵ بە زراویان پێی دا تاکو بیخواتەوە. کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کاتێ لەخاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەشکرد، تا ئەوەی لەڕێی پێغەمبەرێک وتراوە بێتەدی: { پۆشاکەکەم نێوان خۆیان دابەشکرد، لەسەر کراسەکەم تیروپشک دەکەن} 36 ئینجا لەوێ دانیشتن، ئێشکیان بۆ گرت. 37 لە ژوور سەریەوە تاوننامەکەیان دانا کە نووسرابوو: “ئەمە ئیشۆعە، شای جوو”. 38 ئەوکات دوو دز لەگەڵی لەخاچدران، یەکێک لەلای ڕاستی، یەکێک لەلای چەپی.
39ڕ ێبواران جنێویان پێدەدا و سەریان دەلەقاند، 40 دەیانوت: “ڕوخێنەری پەرستگە و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر ڕۆڵەی خودایت، لە خاچەکە دابەزە!” 41 بەهەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ شەریعەتزانان و پیران گاڵتەیان پێدەکرد، دەیانەوت: 42 “کەسانی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر شای ئیسڕائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا فریکای بکەوێت، ئەگەر ئەمی دەوێت! چونکە وتی: من ڕۆڵەی خودام!”. 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لەخاچدرابوون تەشەریان لێدەدا.
45 لە کاژێر دوازدەوە تاکو سێ، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاژێر سێ ئیشۆع بە دەنگێکی مەزن هاواریکرد، فەرمووی: “{ ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتەنی؟}” واتا خودایە، خودایە، بۆ بەجێتهێشتم؟ 47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون، گوێیان لێبوو، وتیان: “ئەوە بانگی ئیلییا دەکات”. 48 یەکسەر یەکێک لەوان ڕایکرد و هەورییەکی برد، لە سرکەی هەڵکێشا و بەسەری قامیشێکەوە پێی دا، تاکو بیخواتەوە، 49 ئەوانی دیکە وتیان: “لێیگەڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بکات!”. 50 ئیشۆع دیسان بە دەنگێکی بەرز هاواریکرد و گیانی سپارد.
51 لەوکاتەدا پەردەی پەرستگە لە سەرەوە تاکو خوارەوە قڵیشا، بوو بە دوو لەت. زەوی لەرزی، تاوێر درزیان برد، 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە جەستەی پارساکانی نووستوو هەستانەوە. 53 پاش هەستانەوەکەشی لە گۆڕەکان دەرچوون، چوونە نێو شاری پارسا، بۆ زۆر کەسیش دیارکەوتن. 54 بەڵام سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێریی ئیشۆعیان دەکرد، بومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕووی دا، زۆر ترسان، وتیان: “بەڕاستی ئەمە ڕۆڵەی خودا بوو!” 55 زۆر ئافرەت لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە گلیلاوە شوێنی ئیشۆع کەوتبوون و ڕاژەیان دەکرد، 56 مەریەمی مەگدانی و مەریەمی دایکی یاقوو و یۆسی، لەگەڵ دایکی دوو کوڕەکەی زەبدی لەنێویان بوون.
57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕەمتا هات، ناوی پۆسپ بوو، ئەویش قوتابیی ئیشۆع بوو. 58ڕ ۆیشتە لای پیڵاتوس، داوای جەستەی ئیشۆعی لێکرد، ئەوکات پیڵاتوس فەرمانی دا جەستەکەی بدرێتێ. 59 یۆسپیش جەستەکەی برد، بە کەتانی ساغ پێچایەوە، 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاوێر هەڵکەندرابوو، ئینجا بەردێکی زلی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مەریەمی مەگدانی و مەریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
62 بۆ سبەینێ کە پاش ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و پەڕیشییەکان لەلای پیڵاتوس کۆ بوونەوە، 63 وتیان: “گەورەم، یادمان هاتەوە، ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو وتی: من پاش سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە. 64 فەرمان بدەن تا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، بە گەل بڵێن: لە نێو مردووان هەستاوەتەوە، جا گومڕاییی دوایی لەوەی یەکەم بەدتر دەبێت!”. 65 پیڵاتوسیش پێی وتن: “پاسەوانتان هەیە. بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن”. 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، پاسەوانیان دانا و مۆریان لە بەردەکە دا.

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە