لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی بیست و هەشتەم

بەندی بیست و هەشتەم
1 پاش شەممە، لە سپێدەی یەکەمی حەفتەدا، مەریەمی مەگدانی و مەریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن. 2 لەناکاو بومەلەرزەیەکی مەزن ڕووی دا، چونکە فریشتەی پەروەردگار لە ئاسمانەوە دابەزی، هات و بەردەکەی سەر دەرگاکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت. 3 دیمەنی وەک بروسکە بوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون. 4 پاسەوانەکان لە سامی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێهات. 5 فریشتەکە بە دوو ژنەکەی فەرموو: “ئێوە مەترسن، دەزانم بە شوێن ئیشۆعی لەخاچدراو دەگەڕێن. 6 ئەو لێرە نییە، وەک خۆی فەرمووی، هەستایەوە! وەرن تەماشای ئەو شوێنە بکەن کە پەروەردگار لێی درێژکرابوو. 7 خێرا بڕۆن بە قوتابییەکانی بڵێن: ئەو لەنێو مردوواندا هەستایەوە. ئا ئەوەتا پێشتان دەچێتە گلیلا. لەوێ دەیبینن. ئەوتا من پێموتن”. 8 ئەوانیش خێرا لە گۆڕەکە دەرچوون، بە سام وخۆشییەکی مەزنەوە ڕایانکرد، تا هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی. 9 کە ڕایاندەکرد تا هەواڵ بە قوتابییەکانی بدەن، ئیشۆع تووشیان هات، فەرمووی: “ئاشتی بۆ ئێوە!” ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێیان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد. 10 ئیشۆع پێی فەرموون: “مەترسن. بڕۆن بە برایانم بڵێن با بچنە گلیلا، لەوێ دەمبینن”.
11 کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە نێو شار، ئەوەی ڕووی دابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە. 12 ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆ بوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان، 13 وتیان: “بڵێن، کاتێک ئێمە نووستبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان. 14 ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕەزامەندی دەکەین و دڵنیاتان دەکەینەوە”. 15 ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، کردیان، جا ئەم قسەیە تاکو ئەمڕۆ لەنێو جوو بڵاو بووەتەوە.
16 یازدە قوتابییەکەش چوونە گلیلا، بۆ ئەو کێوەی ئیشۆع فەرمانی پێدابوون. 17 کاتێک بینییان کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد. 18 ئیشۆع لێیان هاتە پێش و قسەی بۆ کردن، فەرمووی: “هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەویم پێدراوە. 19 بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بەناوی باوک و ڕۆڵە و گیانی پارسا عەمادیان بکەن. 20 ئامۆژگارییان بکەن هەموو ئەوەی پێم ڕاسپاردوون پەیڕەوی بکەن. ئەوتا خۆم هەموو ڕۆژێک لەگەڵتاندام، تا بەسەرچوونی چاخ”. ئامین.

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە